پەندەکانی سلێمان 2 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

پەندەکانی سلێمان 2:1-22

سوودی دانایی

1ڕۆڵە، ئەگەر قسەکانم وەربگریت،

فەرمانەکانم لەلای خۆت هەڵبگریت،

2هەتا گوێ بدەیتە دانایی و

دڵت بدەیتە تێگەیشتن،

3ئەگەر بانگی پەیبردن بکەیت و

دەنگ بۆ تێگەیشتن هەڵبڕیت،

4ئەگەر وەک زیو داوات کرد و

وەک خشڵی شاردراوە بەدوایدا گەڕایت،

5ئەوسا لە واتای لەخواترسی دەگەیت و

ناسینی خودا دەدۆزیتەوە،

6چونکە یەزدان دانایی دەبەخشێت،

زانیاری و تێگەیشتنیش لە دەمی ئەوە.

7دانایی تەواو بۆ سەرڕاستەکان هەڵدەگرێت و

قەڵغانە بۆ ئەوانەی ڕێگای تەواوەتی دەگرنەبەر،

8بۆ چاودێری ڕێچکەی دادپەروەری و

پاراستنی ڕێگای خۆشەویستانی.

9ئینجا ڕاستودروستی و دادپەروەری و ڕاستەڕێیی تێدەگەیت،

هەموو ڕێڕەوێکی چاک،

10لەبەر ئەوەی دانایی دێتە ناو دڵتەوە و

زانیاریش دەبێتە خۆشی دەروونت،

11سەلیقە دەتپارێزێت و

تێگەیشتن چاودێریت دەکات.

12دانایی لە ڕێگای خراپەکاران ڕزگارت دەکات،

لەو کەسانەی قسەی خوار دەکەن،

13ئەوانەی ڕێچکەی ڕاستیان بەرداوە

تاکو بە ڕێگای تاریکیدا بڕۆن،

14ئەوانەی دڵخۆشن بە خراپەکردن،

دڵشاد دەبن بە خواروخێچیێتی خراپە،

15ئەوانەی ڕێچکەکانیان چەوتن،

گەوجن لە ڕێڕەویان.

16هەروەها دانایی لە ژنی بەدڕەوشت ڕزگارت دەکات،

لە ژنی داوێنپیسی زمانلووس،

17ئەوەی وازی لە مێردی گەنجییەتی هێناوە و

پەیمانەکەی لەبەردەم خودای لەبیر کردووە.

18بێگومان ماڵەکەی بەرەو خوارەوە دەچێت بۆ مردن و

ڕێڕەوەکانی بەرەو دنیای مردووانە.

19هەموو ئەوانەی بچنە لای ناگەڕێنەوە و

ناگەنە ڕێچکەی ژیان.

20کەواتە بە ڕێگای پیاوچاکاندا بڕۆ و

ڕێچکەی ڕاستودروستان بپارێزە،

21چونکە سەرڕاستان لە خاکەکە2‏:21 مەبەستی خاکی بەڵێندراوە بە ئیبراهیم.‏ نیشتەجێ دەبن و

تەواوەکان تێیدا دەمێننەوە،

22بەڵام خراپەکاران لە خاکەکە دەبڕێنەوە و

ناپاکانیش تێیدا ڕیشەکێش دەکرێن.