پەندەکانی سلێمان 19 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

پەندەکانی سلێمان 19:1-29

1هەژارێک ڕێگای تەواوەتی گرتبێت

باشترە لەوەی زمان خوار و گێلە.

2دڵگەرمی بەبێ زانیاری باش نییە و

ئەوەی پەلە بە پێیەکانی بکات بە هەڵەدا دەچێت.

3مرۆڤ بە گێلایەتییەکەی ڕێگای خۆی وێران دەکات،

کەچی دڵی لە دژی یەزدان هەڵدەچێت.

4دەوڵەمەندیێتی برادەری زۆر پەیدا دەکات،

بەڵام هەژار برادەرەکەشی لێی جیا بووەتەوە.

5شایەتی درۆزن بێ سزا نابێت،

ئەوەی درۆ پەخش دەکات دەرباز نابێت.

6زۆر کەس هەوڵی بەدەستهێنانی ڕەزامەندی میر دەدەن،

هەمووش دۆستی پیاوی بەخشندەن.

7پیاو هەژار بێت براکانی خۆشی ڕقیان لێی دەبێتەوە،

لەوەش زیاتر هاوڕێیەکانی لێی دوور دەکەونەوە!

بە پاڕانەوەکانی دوایان دەکەوێت،

بەڵام بێ سوودە.

8ئەوەی دانایی دەست بکەوێت خۆی خۆشدەوێت،

ئەوەی بایەخ بە تێگەیشتن بدات چاکە دەدۆزێتەوە.

9شایەتی درۆزن بێ سزا نابێت،

ئەوەی درۆ پەخش بکات لەناودەچێت.

10گێل خۆشگوزەرانیی لێ ناوەشێتەوە،

لەوەش زیاتر دەسەڵاتداربوونی کۆیلە بەسەر میرانەوە.

11وریایی مرۆڤ تووڕەبوونی خاودەکاتەوە،

شانازیشی لێبوردنە لە یاخیبوون.

12هەڵچوونی پاشا وەک نەڕەی شێرە،

بەڵام ڕەزامەندییەکەی وەک شەونمە بەسەر گیاوە.

13کوڕی گێل ماڵوێرانی باوکیەتی،

ناکۆکی ژنیش دڵۆپەکردنی بەردەوامە.

14ماڵ و سامان میراتی باوکانە،

بەڵام ژنی وریا لەلایەن یەزدانەوەیە.

15تەمبەڵی خەوی قووڵ دەهێنێت،

کەسی سست برسی دەبێت.

16ئەوەی ڕاسپاردە19‏:16 تەوراتی موسا.‏ بپارێزێت گیانی خۆی دەپارێزێت،

بەڵام ئەوەی بە سووکی بڕوانێتە ڕێگای خۆی لەناودەچێت.

17ئەوەی بەزەیی بە هەژاردا بێتەوە قەرز بە یەزدان دەدات،

ئەویش پاداشتی چاکەکەی دەداتەوە.

18کوڕەکەت تەمبێ بکە ئەوەندەی ئومێدی تێدایە،

مەبە هۆکاری مردنی.

19ئەوەی زۆر تووڕە بێت بەرگەی ئەنجامەکەی دەگرێت،

چونکە ئەگەر جارێک فریای بکەویت دەبێت دووبارەی بکەیتەوە.

20گوێ لە ڕاوێژ بگرە و تەمبێکردن وەربگرە،

بۆ ئەوەی دانا بیت لە دواڕۆژت.

21مرۆڤ پلانی زۆری لە دڵدایە،

بەڵام تەنها ڕاوێژی یەزدان دەچەسپێت.

22ئارەزووی مرۆڤ لە خۆشەویستی نەگۆڕە،

هەژار لە پیاوی درۆزن باشترە.

23لەخواترسی بۆ ژیانە،

بە تێری دەنوێت و خراپە بەسەری ناکاتەوە.

24تەمبەڵ دەست دەخاتە ناو قاپ،

تەنانەت بۆ دەمیشی نابات.

25لە گاڵتەجاڕ بدە و ساویلکە ژیر دەبێت،

تێگەیشتوو سەرزەنشت بکە زانیاری تێدەگات.

26ئەوەی باوکی تاڵان بکات و دایکی دەربکات،

کوڕێکە مایەی شەرمەزاری و ڕیسوایی.

27ڕۆڵە، ئەگەر وازت لە گوێگرتن لە ڕاوێژ هێنا،

لە وتەکانی زانیاری گومڕا دەبیت.

28شایەتی دڵڕەش گاڵتە بە دادپەروەری دەکات،

دەمی بەدکارانیش تاوان قووت دەدات.

29سزا بۆ گاڵتەجاڕەکان ئامادەکراوە،

لێدانیش بۆ پشتی گێلەکان.