پەندەکانی سلێمان 18 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

پەندەکانی سلێمان 18:1-24

1کەسی دوورەپەرێز دوای ئارەزووی خۆی کەوتووە،

بە ڕووی هەموو داناییەکی تەواودا دەتەقێتەوە.

2گێل خۆشی لە تێگەیشتن نابینێت،

بەڵکو بە پەخشکردنی ئەوەی لە دڵیدایە.

3بە هاتنی خراپەکار سووکایەتیش دێت،

لەگەڵ شەرمەزاریش ڕیسوایی.

4قسەی دەمی مرۆڤ ئاوێکی قووڵە،

بەڵام سەرچاوەی دانایی کانیاوێکی هەڵقوڵاوە.

5نە لایەنگری خراپەکار باشە،

نە بێبەشکردنی ڕاستودروست لە دادپەروەری.

6لێوەکانی کەسی گێل دەیهێننە ناو ناکۆکییەوە،

دەمی بانگی لێدان دەکات.

7دەمی گێل دەبێتە هۆی لەناوچوونی،

لێوەکانیشی تەڵەن بۆ گیانی.

8قسەکانی دەمشڕ وەک پارووی بەتامە،

شۆڕ دەبێتەوە ناو ورگ.

9ئەوەی سست بێت لە کارەکەی

برای وەستای وێرانکردنە.

10ناوی یەزدان قوللەیەکی بەهێزە،

کەسی ڕاستودروست بۆ ئەوێ ڕادەکات و پەناگیر دەبێت.

11سامانی دەوڵەمەند شاری قەڵابەندیەتی،

وەک شوورایەکی بڵندە بە خەیاڵی ئەو.

12پێش شکستهێنان دڵی مرۆڤ بەفیزە،

بەڵام پێش ڕێزلێنان بێفیزە.

13ئەوەی وەڵامی شتێک بداتەوە پێش بیستنی

دەبێتە مایەی گێلایەتی و شەرمەزاری بۆی.

14ڕۆحی مرۆڤ بەرگەی نەخۆشی دەگرێت،

بەڵام ڕۆحی تێکشکاو کێ بەرگەی دەگرێت؟

15دڵی پیاوی تێگەیشتوو زانیاری وەردەگرێت،

گوێی دانایانیش داوای زانینی لێ دەکات.

16دیاری مرۆڤ ڕێگای خۆش دەکات و

بەرەو ئامادەبوونی گەورە پیاوانی دەبات.

17ئەوەی یەکەم جار سکاڵا بکات لەوە دەچێت ڕاست بێت،

هەتا نزیکەکەی دێت و لێی دەکۆڵێتەوە.

18تیروپشک ناکۆکی دەبڕێنێتەوە و

بەهێزەکان لە یەکتر جیا دەکاتەوە.

19خراپە دەرهەق بە برا، ئاشتکردنەوەی لە شاری قەڵابەند سەختترە،

ناکۆکیش وەک شمشیرەی18‏:19 شمشیر، پارچە دارێک بووە لە جیاتی قوفڵ لە دواوەی دەرگا بە شێوەی ئاسۆیی دانراوە بۆ داخستنی دەرگا.‏ دەروازەی قەڵایە.

20لە بەروبوومی دەمی مرۆڤ سکی تێردەبێت،

لە دروێنەی لێوەکانی خۆی تێر دەخوات.

21مردن و ژیان بە دەست زمانە،

ئەوەی حەزی لێی بێت بەروبوومەکەی دەخوات.

22ئەوەی ژنێکی دەست بکەوێت خێرێکی دەست دەکەوێت،

ڕەزامەندی یەزدانیش بەدەستدەهێنێت.

23هەژار بۆ بەزەیی دەپاڕێتەوە،

بەڵام دەوڵەمەند بە ڕەقی وەڵام دەداتەوە.

24پیاو برادەری زۆر بێت خۆی گرفتار دەکات،

بەڵام دۆستێک هەیە لە برا نزیکترە.