پەندەکانی سلێمان 17 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

پەندەکانی سلێمان 17:1-28

1باشترە پارووێکی وشک بە ئارامییەوە

لە ماڵێکی پڕ لە خوانی ئامادەکراو، بە ناکۆکی.

2بەندەی وریا بەسەر کوڕی شەرمەزاردا زاڵ دەبێت و

لەگەڵ برایانی میرات بەشدەکات.

3بۆتە17‏:3 دەفرێکی کانزایی سەختە بۆ تواندنەوەی کانزای دیکە تێیدا بەکاردێت.‏ بۆ زیوە و کوورە بۆ زێڕ،

یەزدانیش دڵ تاقی دەکاتەوە.

4بەدکار گوێ لە لێوی خراپ دەگرێت،

درۆزنیش گوێ دەداتە زمانی گرفتخواز.

5ئەوەی گاڵتە بە هەژار بکات سووکایەتی بە دروستکەرەکەی دەکات،

ئەوەی بە بەڵا دڵی خۆشبێت بێ سزا دەرناچێت.

6منداڵی منداڵ تاجی پیرانە،

شانازی کوڕانیش دایک و باوکانن.

7قسەی نەستەق لە گێل ناوەشێتەوە،

لەوەش زیاتر قسەی درۆ لە میر.

8بەرتیل بەردی گرانبەهایە لەبەرچاوی خاوەنەکەی،

ڕوو لە هەر لایەک بکات سەردەکەوێت.

9ئەوەی تاوان دادەپۆشێت پەرە بە خۆشەویستی دەدات،

بەڵام ئەوەی باسی بابەتەکە بکاتەوە دۆستی نزیک لە یەکتر جیا دەکاتەوە.

10سەرزەنشتکردنێک بۆ تێگەیشتوو

قووڵترە لە سەد جار دارکاریکردن بۆ گێل.

11کەسی خراپ تەنها داواکاری یاخی بوونە،

لەبەر ئەوە نێردراوێکی دڵڕەقی بۆ دەنێردرێت.

12باشترە تووشی دەڵەورچێکی سک سووتاو بیت،

نەک گێلێک لە گێلایەتییەکەی خۆی.

13ئەوەی پاداشتی چاکە بە خراپە بداتەوە،

خراپە ماڵی بەرنادات.

14دەستپێکردنی ناکۆکی وەک تەقینی بەنداوە،

جا پێش ئەوەی ناکۆکییەکە بتەقێتەوە وازی لێبهێنە.

15بێتاوانکردنی خراپەکار و تاوانبارکردنی ڕاستودروست،

هەردووک قێزەونن لەلای یەزدان.

16بۆچی پارە بکەوێتە دەست پیاوی گێل؟

کە ئارەزووی نییە بۆ کڕینی دانایی!

17برادەر هەموو کاتێک خۆشەویستی خۆی دەردەبڕێت،

براش بۆ تەنگانە لەدایک دەبێت.

18کەسی تێنەگەیشتوو تەوقە دەکات17‏:18 تەوقەکردن بە مەبەستی ڕێککەوتن بەبێ هیچ بەڵگەنامەیەک.‏ و

بە تەواوی دەبێتە کەفیلی دراوسێکەی.

19ئەوەی حەز لە ناکۆکی بکات حەز لە گوناه دەکات،

ئەوەی دەرگای خۆی بڵند بکات داوای شکان دەکات.

20ئەوەی دڵخراپ بێت چاکە نایەتە ڕێی،

ئەوەی زمان خوار بێت تووشی خراپە دەبێت.

21ئەوەی گێلی ببێت تووشی خەفەت دەبێت،

باوکی ڕۆڵەی دەبەنگیش دڵخۆشی نابینێت.

22دڵی شادمان تەندروستی دەبەخشێت،

بەڵام ڕۆحی تێکشکاو ئێسک وشک دەکات.

23بەدکار بە نهێنی بەرتیل وەردەگرێت

تاکو ڕێچکەی دادپەروەری خوار بکاتەوە.

24کەسی تێگەیشتوو چاوی لەسەر داناییە،

بەڵام گێل چاودەبڕێتە ئەوپەڕی زەوی.

25کوڕی گێل خەمە بۆ باوکی و

تاڵییە بۆ ئەو دایکەی لێی بووە.

26پێبژاردن بە کەسی ڕاستودروست باش نییە،

هەروەها دارکاریکردنی کەسی خانەدان لەبەر دەستپاکی.

27ئەوەی قسەی خۆی ڕاگرێت خاوەن زانیارییە،

ئەوەی ڕۆح ئارام بێت پیاوی تێگەیشتنە.

28تەنانەت گێلیش کە بێدەنگ بێت بە دانا دادەنرێت،

ئەوەی لێویشی لێک نەکاتەوە بە تێگەیشتوو.