پەندەکانی سلێمان 14 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

پەندەکانی سلێمان 14:1-35

1ژنی دانا ماڵی خۆی بنیاد دەنێت،

گێلیش بە دەستی خۆی کاولی دەکات.

2ئەوەی ڕاستەڕێیەکەی خۆی بگرێت لەخواترسە،

بەڵام ئەوەی ڕێگای خۆی خوار بکاتەوە سووکایەتی پێ دەکات.

3گێل بە قسەکانی خۆی تووشی گۆچانی سزادان دەبێت،

بەڵام دانایان لێوەکانیان دەیانپارێزن.

4کە مانگا نەبێت ئاخوڕ بەتاڵە،

دروێنەی زۆریش بە هێزی گایە.

5شایەتی دەستپاک درۆ ناکات،

بەڵام شایەتی درۆزن درۆ بڵاو دەکاتەوە.

6گاڵتەجاڕ داوای دانایی دەکات و نایدۆزێتەوە،

بەڵام زانیاری بۆ تێگەیشتوو ئاسانە.

7لەبەردەم کەسی گێل دووربکەوە،

چونکە لە لێوەکانی زانیاری نابیستیت.

8دانایی ژیر تێگەیشتنی ڕێگای خۆیەتی،

بەڵام گێلایەتی گێلەکان فریودانە.

9گێلەکان گاڵتە بە تاوان دەکەن،

بەڵام لەنێو سەرڕاستان ڕەزامەندی خودا دەدۆزرێتەوە.

10هەر دڵێک تاڵیێتی گیانی خۆی دەزانێت،

کەسیش لە خۆشییەکەیدا بەشداری ناکات.

11ماڵی بەدکارەکان کاول دەبێت،

بەڵام ڕەشماڵی سەرڕاستان گەشە دەکات.

12ڕێگا هەیە لەبەرچاوی مرۆڤ ڕاست دیارە،

بەڵام کۆتاییەکەی بەرەو مردنە.

13بگرە لە پێکەنینیشدا دڵ تەنگ دەبێت،

لەوانەیە کۆتایی خۆشیش خەم بێت.

14کەسی ڕاڕا لە ڕێگای خۆی تێر دەبێت،

پیاوچاکیش لەوەی کە هەیەتی.

15ساویلکە بە هەموو قسەیەک بڕوا دەکات،

بەڵام ژیر دەڕوانێتە هەنگاوەکانی خۆی.

16کەسی دانا لە خودا دەترسێت و لە خراپە لادەدات،

بەڵام گێل سەرگەرمە و پشت ئەستوورە.

17کەسی هەڵەشە ڕەفتاری گێلانە دەکات،

پیاوی تەڵەکەبازیش مایەی ڕقە.

18ساویلکەکان میراتگری گێلایەتین،

بەڵام ژیرەکان سەریان بە زانیاری دەڕازێنرێتەوە.

19بەدکاران لەبەردەم پیاوچاکان دەچەمێنەوە،

خراپەکارانیش لە بەردەرگای کەسی ڕاستودروست.

20هەژار تەنانەت دراوسێکەشی ڕقی لێی دەبێتەوە،

بەڵام دەوڵەمەند دۆستی زۆرە.

21ئەوەی سووکایەتی بە دراوسێکەی بکات گوناه دەکات،

بەڵام خۆزگە دەخوازرێ بەوەی لەگەڵ هەژاران میهرەبانە.

22ئایا وێڵ نابن ئەوانەی پیلانی خراپە دادەڕێژن؟

بەڵام خۆشەویستی نەگۆڕ و دڵسۆزی لەگەڵ ئەوانەیە کە پلانی چاکە دادەڕێژن.

23لە هەموو ماندووبوونێک سوود هەیە،

بەڵام تەنها قسەی لێوان بێت بەرەو نەبوونییە.

24دەوڵەمەندی تاجی دانایانە،

بەڵام گێلایەتی نادانایان دەڕازێنێتەوە.

25شایەتی ڕاستگۆ دەربازکەری خەڵکە،

بەڵام ئەوەی درۆ بڵاو دەکاتەوە تەفرەدەرە.

26ئەوەی لە یەزدان بترسێت دڵنیاییەکی بەهێزی هەیە،

بۆ کوڕەکانیشی دەبێتە پەناگا.

27لەخواترسی کانی ژیانە،

بۆ دوورکەوتنەوە لە داوی مردن.

28زۆری گەل شکۆمەندییە بۆ پاشا،

بەڵام نەمانی گەل شکستی میرە.

29ئەوەی درەنگ تووڕە بێت باش تێدەگات،

بەڵام ئەوەی هەڵەشە بێت گێلایەتی دەردەخات.

30دڵی ئارام ژیان بە جەستە دەبەخشێت،

بەڵام ئیرەیی ئێسک کلۆر دەکات.

31ئەوەی ستەم لە هەژار بکات سووکایەتی بە دروستکەرەکەی دەکات،

بەڵام ئەوەی لەگەڵ نەدار میهرەبانە ڕێز لە خودا دەگرێت.

32خراپەکار بە خراپەکانی خۆی دەکەوێنرێت،

بەڵام کەسی ڕاستودروست لە مردنیشی پەناگای هەیە.

33دانایی لەناو دڵی کەسی تێگەیشتوو دەحەسێتەوە،

هەروەها گێلەکان تەنانەت ناواخنیشیان دەزانرێت.

34ڕاستودروستی نەتەوە بەرز دەکاتەوە،

بەڵام گوناه شەرمەزاری گەلانە.

35ڕەزامەندی پاشا بۆ خزمەتکاری وریایە،

بەڵام تووڕەبوونی لە خزمەتکاری شەرمەزارە.