پەندەکانی سلێمان 13 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

پەندەکانی سلێمان 13:1-25

1کوڕی دانا تەمبێکردنی باوکی وەردەگرێت،

بەڵام گاڵتەجاڕ گوێ لە سەرزەنشت ناگرێت.

2مرۆڤ لە بەروبوومی دەمی چاکە دەخوات،

ناپاکانیش ئارەزوویان توندوتیژییە.

3ئەوەی ئاگای لە دەمی بێت گیانی خۆی دەپارێزێت،

بەڵام ئەوەی زمان درێژی دەکات لەناودەچێت.

4گیانی تەمبەڵ ئارەزوو دەکات و هیچی دەست ناکەوێت،

بەڵام گیانی تێکۆشەر سەرکەوتوو دەبێت.

5کەسی ڕاستودروست ڕقی لە قسەی درۆیە،

بەدکاریش ڕیسوایی و شەرمەزاری دەهێنێت.

6ڕاستودروستی ئەو کەسە دەپارێزیت کە ڕێگای ڕاستە،

خراپەش گوناهبار سەرەوژێر دەکات.

7هەیە خۆی بە دەوڵەمەند دەردەخات و هیچی نییە،

هەشە خۆی بە هەژار دەردەخات و سامانی زۆری هەیە.

8لەوانەیە مرۆڤ بە سامانەکەی گیانی خۆی بکڕێتەوە،

بەڵام هەژار گوێی لە هەڕەشە نابێت.

9ڕووناکی ڕاستودروستان دەگەشێتەوە،

بەڵام چرای بەدکاران دەکوژێتەوە.

10لە لووتبەرزییەوە تەنها ناکۆکی پەیدادەبێت،

بەڵام لەگەڵ ڕاوێژکاران دانایی.

11ماڵێک بە ناپاکی پەیداکرابێت، کەم دەکات،

بەڵام ئەوەی بە کاری دەست کۆدەبێتەوە، زیاد دەکات.

12ئومێدی درێژکراوە دڵ نەخۆش دەکات،

ئارەزووی بەدیهاتووش درەختی ژیانە.

13ئەوەی سووکایەتی بە فێرکردنەکە13‏:13 مەبەستی لە فێرکردنی تەوراتی موسایە.‏ بکات خۆی لەناودەبات،

بەڵام ئەوەی ڕێزی بۆ ڕاسپاردەکە هەبێت پاداشتی دەدرێتەوە.

14فێرکردنەکانی دانا کانی ژیانە،

بۆ دوورکەوتنەوە لە داوی مردن.

15تێگەیشتنی باش پەسەندی بەدەستدەهێنێت،

بەڵام ڕێگای ناپاکان سەختە.

16هەموو کەسێکی ژیر بە زانیارییەوە کار دەکات،

بەڵام نەزان گێلایەتی بڵاو دەکاتەوە.

17نێردراوی بەدکار دەکەوێتە خراپەوە،

پەیامبەری دەستپاکیش چاکبوونەوە دەهێنێت.

18هەژاری و ڕیسوایی بۆ ئەوانەیە تەمبێکردن بەلاوە دەنێن،

بەڵام ئەوەی سەرزەنشت لەگوێدەگرێت ڕێزدار دەبێت.

19ئارەزووی بەدیهاتوو خۆشییە بۆ گیان،

بەڵام گێل وا دەزانێت کە لادان لە خراپە شتێکی قێزەونە.

20ئەوەی لەگەڵ دانایان دەڕوات دەبێتە دانا،

هاوڕێی گێلەکانیش زیانی پێدەگات.

21خراپە دوای گوناهباران دەکەوێت،

بەڵام ڕاستودروستان بە چاکە پاداشت دەدرێنەوە.

22پیاوچاک میرات بۆ نەوەکانی13‏:22 عیبری، کوڕی کوڕ.‏ بەجێدەهێڵێت،

سامانی گوناهبارانیش بۆ ڕاستودروست هەڵدەگیردرێت.

23لەوانەیە زەویی بەیاری13‏:23 زەوی نەکێڵدراو و ئامادە بۆ کێڵان.‏ هەژاران خواردنی زۆری تێدابێت،

بەڵام لەبەر نادادپەروەری دەبردرێت.

24ئەوەی ڕێگا لە کوتەک بگرێت ڕقی لە کوڕەکەیەتی،

بەڵام ئەوەی خۆشیبوێت گرنگی بە تەمبێکردنی دەدات.

25کەسی ڕاستودروست دەخوات و تێر دەبێت،

بەڵام سکی بەدکاران هەر برسی دەبێت.