پەندەکانی سلێمان 12 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

پەندەکانی سلێمان 12:1-28

1ئەوەی حەز لە تەمبێکردن بکات حەز لە زانیاری دەکات،

بەڵام ئەوەی ڕقی لە سەرزەنشت بێت دەبەنگە.

2پیاوچاک ڕەزامەندی یەزدان بەدەستدەهێنێت،

بەڵام کەسی تەڵەکەباز تاوانبار دەکرێت.

3مرۆڤ بە بەدکاری ناچەسپێت،

ڕیشەی ڕاستودروستانیش نالەقێت.

4ئافرەتی خانەدان تاجی سەری مێردەکەیەتی،

بەڵام ئافرەتی شەرمەزار وەک کلۆرییە لەناو ئێسقانەکانی.

5پلانی ڕاستودروستان دادپەروەرییە،

بەڵام ڕاوێژی بەدکاران هەڵخەڵەتێنەرە.

6قسەی بەدکاران بۆسەی خوێنڕشتنە،

دەمی سەرڕاستان فریایان دەکەوێت.

7بەدکاران وەردەگەڕێنەوە و نامێنن،

بەڵام ماڵی ڕاستودروستان دەچەسپێت.

8مرۆڤ بەپێی وریاییەکەی ستایش دەکرێت،

بەڵام ئەوەی دڵخراپە ڕیسوا دەبێت.

9باشترە ساکار بیت و خزمەتکارت هەبێت

لەوەی خۆت گەورە دەربخەیت بەڵام نانت نەبێت.

10کەسی ڕاستودروست بایەخ بە ئاژەڵەکەی دەدات،

بەڵام بەزەیی بەدکاران دڵڕەقییە.

11ئەوەی ئیش لە زەوی خۆیدا بکات، تێر نان دەبێت،

بەڵام ئەوەی دوای هیچوپووچی بکەوێت، تێنەگەیشتووە.

12بەدکار حەز لە قازانجی خراپەکاران دەکات،

ڕیشەی ڕاستودروستان بەروبووم دەدات.

13خراپەکار دەکەوێتە تەڵەی زمانە یاخییەکەی،

بەڵام کەسی ڕاستودروست لە تەنگانە دەرباز دەبێت.

14مرۆڤ لە بەروبوومی دەمی تێر چاکە دەبێت،

پاداشتی ماندووبوونی دەستەکانی وەردەگرێتەوە.

15ڕێگای گێل لەبەرچاوی خۆی ڕاستە،

بەڵام دانا گوێگری ئامۆژگارییە.

16گێل دەستبەجێ تووڕەیی دەردەبڕێت،

بەڵام داپۆشەری سووکایەتی ژیرە.

17ئەو شایەتەی کە بە ڕاستگۆیی دەدوێت، ڕاستودروستی ڕادەگەیەنێت،

بەڵام شایەتی ناڕاست درۆ دەکات.

18قسەی هەڵەشانە وەک زەبری شمشێرە،

بەڵام زمانی دانایان چاکبوونەوەیە12‏:18 چاکبوونەوەیە لە برین و ئازار.‏.

19لێوی ڕاستگۆ هەتاهەتایە دەچەسپێت،

بەڵام زمانی درۆ هەتا چاوتروکانێکە.

20ساختە لە دڵی ئەوانەیە کە پیلانی خراپە دەنێنەوە،

بەڵام دڵخۆشی بۆ ڕاوێژکارانی ئاشتییە.

21کەسی ڕاستودروست تووشی هیچ ناخۆشییەک نابێت،

بەڵام بەدکاران پڕ دەبن لە خراپە.

22قێزی یەزدان لە لێوی درۆیە،

بەڵام ئەوانەی بە ڕاستگۆیی کار دەکەن جێی ڕەزامەندی ئەون.

23مرۆڤی ژیر زانیارییەکەی دەپارێزێت،

دڵی گێلەکانیش گێلایەتی دەردەبڕێت.

24دەستی تێکۆشەر فەرمانڕەوایەتی دەکات،

بەڵام دەستی تەمبەڵ لەژێر بێگاریدا دەبێت.

25نیگەرانی لە دڵی مرۆڤدا دەیچەمێنێتەوە،

بەڵام قسەی خۆش شادمانی دەکات.

26کەسی ڕاستودروست ڕاوێژی چاک دەداتە هاوڕێکەی،

بەڵام ڕێگای خراپەکاران گومڕایان دەکات.

27مرۆڤی تەمبەڵ نێچیری خۆی ناگرێت،

بەڵام مرۆڤی تێکۆشەر نرخی سامانەکەی دەدات.

28لە ڕێچکەی ڕاستودروستی ژیان هەیە،

ڕێگای ڕێڕەوەکانی بەرەو نەمرییە.