پەندەکانی سلێمان 11 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

پەندەکانی سلێمان 11:1-31

1تەرازووی لاسەنگ لەلای یەزدان قێزەونە،

بەڵام ئارەزووی لە کێشی دروستە.

2کە لووتبەرزی هات، ڕیسواییش دێت،

بەڵام لەگەڵ بێفیزەکان دانایی دێت.

3ڕاستیی سەرڕاستەکان ڕێنماییان دەکات،

بەڵام خواری ناپاکان سەری خۆیان دەخوات.

4بێ سوودە سامان لە ڕۆژی تووڕەیی،

بەڵام ڕاستودروستی فریادەکەوێت لە مردن.

5ڕاستودروستی ڕێگا بۆ کەسی بێ کەموکوڕی ئاسان دەکات،

بەڵام بەدکار بە بەدکاری خۆی دەگلێت.

6ڕاستودروستی سەرڕاستەکان فریایان دەکەوێت،

بەڵام ناپاکان گرفتاری ئارەزووەکانیان دەبن.

7بە مردنی بەدکار ئومێدی دەبڕێت،

هیوای پاڵەوانانیش لەناودەچێت.

8کەسی ڕاستودروست لە تەنگانەدا دەرباز دەبێت و

بەدکار دەگرێتەوە.

9کەسی دووڕوو بە دەمی دراوسێکەی لەناودەبات،

بەڵام ڕاستودروستان بە زانیاری دەرباز دەبن.

10بە سەرکەوتنی ڕاستودروستان شار شادمان دەبێت،

بە لەناوچوونی بەدکارانیش هاواری خۆشییە.

11بە بەرەکەتی سەرڕاستەکان شار بەرز دەبێتەوە،

بەڵام بە دەمی بەدکاران وێران دەبێت.

12ئەوەی سووکایەتی بە دراوسێکەی بکات تێنەگەیشتووە،

بەڵام کەسی تێگەیشتوو بێدەنگ دەبێت.

13دەمشڕ نهێنی ئاشکرا دەکات،

بەڵام مرۆڤی دڵسۆز شت دادەپۆشێت.

14بێ ڕاوێژ گەل دەکەوێت،

بەڵام سەرکەوتن بە زۆری ئامۆژگارانە.

15ئەوەی ببێتە کەفیلی بێگانە بێگومان تووشی خراپە دەبێت،

بەڵام ئەوەی ڕەتی دەکاتەوە دەست بداتە کارێکی لەو شێوەیە، ئاسوودەیە.

16ئافرەتی نەرمونیان ڕێزی دەست دەکەوێت،

بەڵام کەسی زۆردار تەنها سامان.

17مرۆڤی بە بەزەیی چاکە لەگەڵ خۆی دەکات،

بەڵام دڵڕەق خۆی ماندوو دەکات.

18خراپەکار کرێیەکەی قەڵبە،

بەڵام چێنەری ڕاستودروست پاداشتی مسۆگەرە.

19بێگومان ڕاستودروست ژیان بەدەستدەهێنێت،

بەڵام ئەوەی شوێن خراپە دەکەوێت، مردنی دەستدەکەوێت.

20قێزی یەزدان لە دڵخراپانە،

ڕەزامەندیشی بۆ ڕێ تەواوانە.

21بێگومان بەدکار بێ سزا نابێت،

بەڵام نەوەی ڕاستودروستان دەرباز دەبن.

22وەک خەزێمی زێڕە بە لووتی بەرازەوە،

ئافرەتی جوانی بێ ئەقڵ.

23ئارەزووی ڕاستودروستان تەنها چاکەیە،

بەڵام هیوای بەدکاران لە تووڕەییە.

24هەیە بڵاو دەکاتەوە، بۆی زیاد دەکرێت،

هەیە لە ڕادەبەدەر دەستی پێوە دەگرێت، بەڵام نەدار دەبێت.

25چاوتێر دەوڵەمەند دەبێت،

ئاوگێڕیش ئاوی دەدرێتێ.

26ئەوەی گەنم ئەمبار دەکات و نایفرۆشێت گەل نەفرەتی لێ دەکات،

بەڵام بەرەکەت بۆ سەری فرۆشیارە.

27ئەوەی پەرۆشە بۆ چاکە ڕەزامەندی دەست دەکەوێت،

بەڵام ئەوەی بەدوای خراپەدا بگەڕێت خراپە دێتە ڕێی.

28ئەوەی پشت بە دەوڵەمەندی خۆی ببەستێت دەکەوێت،

ڕاستودروستانیش وەک گەڵا دەپشکوێن.

29ئەوەی ماڵی خۆی ماندوو بکات میراتی با دەبێت،

گێلیش دەبێتە نۆکەری دانا.

30بەروبوومی کەسی ڕاستودروست درەختی ژیانە،

ئەوەی خەڵک دەباتەوە دانایە.

31ئەگەر کەسی ڕاستودروست لەسەر زەوی پاداشت دەکرێت،

ئەی چەند زیاتر خراپەکار و گوناهبار!