پەندەکانی سلێمان 10 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

پەندەکانی سلێمان 10:1-32

پەندەکانی سلێمان

1پەندەکانی سلێمان:

کوڕی دانا باوکی شاد دەکات،

بەڵام کوڕی گێل دڵتەنگییە بۆ دایکی.

2بێ سوودە گەنجینەی داهاتی ناڕەوایی،

بەڵام ڕاستودروستی فریادەکەوێت لە مردن.

3یەزدان ناهێڵێت ڕاستودروستان تووشی برسیێتی بن،

بەڵام ئارەزووی بەدکاران بەتاڵ دەکاتەوە.

4دەستی تەمبەڵ دەبێتە هۆی هەژاری،

بەڵام دەستی کۆڵنەدەر دەوڵەمەندی بەدواوەیە.

5ئەوەی لە هاوین کۆدەکاتەوە، کوڕێکی وریایە،

بەڵام ئەو کوڕەی لە کاتی دروێنەدا دەخەوێت، مایەی شەرمەزارییە.

6بەرەکەت بۆ سەر ڕاستودروستانە،

بەڵام دەمی بەدکاران توندڕەوی دەشارێتەوە.

7یادکردنەوەی ڕاستودروستان بۆ بەرەکەتە،

بەڵام ناوی بەدکاران دەڕزێت.

8ئەوەی دڵی دانا بێت فەرمان وەردەگرێت،

بەڵام گێلی زۆربڵێ وێران دەبێت.

9ئەوەی ڕێگای ڕاست بگرێت ئاسوودە دەبێت،

بەڵام ئەوەی ڕێگای خوار بگرێت لێی ئاشکرا دەبێت.

10چاوقوچان دەبێتە هۆی ئازار،

گێلی زۆربڵێش دەکەوێت.

11دەمی کەسی ڕاستودروست سەرچاوەی ژیانە،

بەڵام دەمی بەدکاران توندڕەوی دەشارێتەوە.

12ڕق ناکۆکی دەوروژێنێت،

بەڵام خۆشەویستی هەموو یاخیبوونێک دادەپۆشێت.

13لە لێوەکانی تێگەیشتوو دانایی هەیە،

کوتەکیش بۆ پشتی تێنەگەیشتووانە.

14داناکان زانیاری کۆدەکەنەوە،

بەڵام دەمی گێل فەوتانێکی نزیکە.

15سامانی دەوڵەمەند شاری قەڵابەندیەتی،

بەڵام فەوتانی هەژاران نەدارییانە.

16کرێی کەسی ڕاستودروست ژیانە،

بەڵام داهاتی بەدکار گوناهە.

17ئەوەی چاوی لە تەمبێکردنە لەسەر ڕێچکەی ژیانە،

بەڵام ئەوەی واز لە سەرزەنشت بهێنێت گومڕا دەبێت.

18ئەوەی ڕق بشارێتەوە لێوەکانی درۆ دەکەن،

ئەوەی بوختان بڵاو بکاتەوە گێلە.

19قسەی زۆر بێ گوناه نابێت،

بەڵام ئەوەی زمانی خۆی بگرێت وریایە.

20زمانی کەسی ڕاستودروست زیوی پوختەکراوە،

بەڵام دڵی بەدکاران کەم بەهایە.

21لێوەکانی کەسی ڕاستودروست ڕابەرایەتی زۆر کەس دەکەن،

بەڵام گێلەکان بە تێنەگەیشتوویی دەمرن.

22بەرەکەتی یەزدان دەوڵەمەندی بەدواوەیە و

هیچ زەحمەتێکیش ناخاتە پاڵی.

23وەک پێکەنینە بۆ گێل بەدکاری کردن،

بەڵام دانایی بۆ کەسی تێگەیشتوو.

24ئەوەی بەدکار لێی دەترسێت، بەسەری دێت،

ئەوەی ڕاستودروستانیش ئارەزووی دەکەن، پێیان دەبەخشرێت.

25وەک تێپەڕبوونی گەردەلوول خراپەکاریش ئاوا نامێنێت،

بەڵام کەسی ڕاستودروست هەتاهەتایە جێگیر دەبێت.

26وەک سرکە بۆ ددان و دووکەڵ بۆ چاو،

کەسی تەمبەڵیش بۆ ئەوانەی دەینێرن ئاوایە.

27لەخواترسی ڕۆژانی ژیانت زیاد دەکات،

بەڵام ساڵانی بەدکاران کورت دەبێت.

28هیوای ڕاستودروستان خۆشییە،

بەڵام ئاواتی بەدکاران لەناودەچێت.

29ڕێگای یەزدان پەناگایە بۆ ئەوانەی ڕێگای ڕاست بگرن،

بەڵام لەناوچوونە بۆ ئەوانەی خراپە دەکەن.

30کەسی ڕاستودروست هەرگیز نالەقێت،

بەڵام خراپەکاران لە خاکەکە نیشتەجێ نابن.

31دەمی کەسی ڕاستودروست دانایی لێ دەڕوێت،

بەڵام زمانی درۆودەلەسە دەبڕدرێتەوە.

32لێوەکانی کەسی ڕاستودروست پەسەندیی دەزانن،

بەڵام دەمی بەدکاران درۆودەلەسە.