هۆشەع 9 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

هۆشەع 9:1-17

سزای ئیسرائیل

1ئەی ئیسرائیل، وەک گەلان

دڵخۆش و شاد مەبە،

چونکە ناپاکیت لە خودای خۆت کرد،

حەزت لە کرێی لەشفرۆشی کرد

لەسەر هەموو جۆخینەکان9‏:1 جۆخین یان سەرخەرمان ئەو زەوییە تەرخانکراوەیە کە لەلایەن وەرزێر و جوتیارەوە بەکارهێنراوە بۆ کوتانی دانەوێڵە لەسەری لەدوای کۆکردنەوەی لە کێڵگە.‏.

2جۆخین و گوشەرەکانیان بەشیان ناکات،

شەرابی نوێش بەشیان ناکات.

3لە خاکی یەزدان نیشتەجێ نابن،

بەڵکو ئەفرایم بۆ میسر دەگەڕێتەوە و

لە ئاشوردا خواردنی گڵاو دەخۆن.

4شەرابی پێشکەشکراو بۆ یەزدان ناڕژێنن و

قوربانییەکانیان دڵی خۆش ناکەن.

ئەو قوربانییانە بۆ ئەوان وەک نانی ماتەمە و

هەرکەسێک لێی بخوات گڵاو دەبێت.

نانەکەیان بۆ خۆیانە و

ناچێتە ناو ماڵی یەزدانەوە.

5لە ڕۆژی دیاریکراودا چی دەکەن،

لە ڕۆژی جەژنی یەزدان؟

6تەنانەت ئەوەی لە وێرانی هەڵدێت،

میسر کۆیان دەکاتەوە و

مەمفیس لە گۆڕیان دەنێت.

دڕکوداڵ گەنجینە زیوەکانیان بە میرات دەگرێت و

وشترالووک لە ماڵەکەیاندا دەبێت.

7ڕۆژانی لێپرسینەوە بەڕێوەن،

ڕۆژانی سزا بەڕێوەن.

با ئیسرائیل ئەمە بزانێت.

لەبەر زۆری تاوانەکەت و

زۆری کێشمەکێشت،

پێغەمبەر بە گێل سەیر دەکەیت و

مرۆڤی ڕۆحیش بە شێت.

8پێغەمبەرەکە لەگەڵ خوداکەم چاودێری ئەفرایمە،

بەڵام لە هەموو ڕێڕەوەکانی تەڵەیان نایەوە،

کێشمەکێشیش لە ماڵی خوداکەیەتی.

9ئەوان نوقوم بوون،

وەک ڕۆژانی گیڤعا گەندەڵ بوون،

خودا تاوانەکەیان دەهێنێتەوە بیری خۆی و

لەسەر گوناهەکانیان سزایان دەدات.

10«ئیسرائیلم دۆزییەوە

وەک ترێ لە چۆڵەوانی،

لە سەرەتادا باوباپیرانتانم بینی

وەک نۆبەرەی بەری دار هەنجیرێک.

بەڵام ئەوان هاتن بۆ بەعل‌پەعۆر و

خۆیان بۆ خوداوەندی شەرمەزاری تەرخان کرد،

ئەوان وەک ئەو خوداوەندەی کە خۆشیان دەویست قێزەون بوون.

11ئەفرایمیش شکۆمەندییەکەی وەک باڵندە دەفڕێت،

نە لەدایکبوون و نە سکپڕی و نە دروستبوونی کۆرپەلە.

12تەنانەت ئەگەر منداڵەکانیشیان پەروەردە بکەن،

جەرگسووتاویان دەکەم بۆ ئەوەی هیچ مرۆڤێک نەبێت.

قوڕبەسەریان

کاتێک پشتیان تێدەکەم.

13ئەفرایم دەبینم، وەک شاری سورە

لە لەوەڕگا ڕواوە،

بەڵام ئەفرایم منداڵەکانی

بۆ بکوژ دەهێنێتە دەرەوە.»

14ئەی یەزدان، بیاندەرێ،

چییان پێدەدەیت؟

منداڵدانێکی لەباربردە و

دوو مەمکی وشک.

15«لەبەر هەموو خراپەکانیان لە گلگال

من لەوێدا قێزم لێیان بووەوە.

لەبەر کردەوە خراپەکانیان

لە ماڵی خۆم دەریاندەکەم.

ئیتر خۆشم ناوێن،

هەموو میرەکانیان یاخین.

16ئەفرایم هەڵپڕووکاوە،

ڕەگیان وشک بوو،

بەر ناگرن.

ئەگەر منداڵیشیان ببێت،

منداڵە خۆشەویستەکانی سکیان دەمرێنم.»

17خوداکەم ڕەتیان دەکاتەوە،

چونکە گوێیان لێی نەگرت،

لەبەر ئەوە لەنێو نەتەوەکاندا وێڵ دەبن.