هۆشەع 7 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

هۆشەع 7:1-16

1کاتێک ئیسرائیلم چارەسەر دەکرد،

تاوانی ئەفرایم ئاشکرا بوون،

هەروەها خراپەی سامیرە.

فێڵیان کرد،

دز چووە ژوورەوە و

جەردەکانیش لە دەرەوە تاڵانیان کرد،

2بەڵام لە دڵی خۆیاندا بیر لەوە ناکەنەوە

کە من هەموو خراپەکەی ئەوانم لەبیرە.

ئێستا کردەوەکانیان دەوریان دەدات،

لە بەرچاومدان.

3«بە خراپەکەیان پاشا دڵخۆش دەکەن و

بە درۆکانیشیان میر.

4هەموو داوێنپیسن

وەک تەنوورێکی گەرمکراون

کە نانەواکە ئاگرەکەی گڕ نادات،

لە کاتی هەویر شێلانەوە هەتا کاتی هەڵهاتنی.

5لە ڕۆژی جەژنی پاشاماندا،

میر نەخۆش دەکەون، لەبەر شەراب تایان لێ دێت،

پاشا لەگەڵ گاڵتەجاڕان دەست تێکەڵ دەکات.

6دڵیان وەک ناخی تەنوورە،

بە فرتوفێڵ لە پاشا نزیک دەبنەوە.

قینیان بە درێژایی شەو کپ دەبێت و

بۆ بەیانی وەک ئاگرێکی گڕ گرتوو گەرمە.

7هەموویان وەک تەنوور گەرمن،

دادوەرەکانی خۆیان دەخۆن،

هەموو پاشاکانیان دەکەون،

کەسیان تێدا نییە نزا بۆ من بکات.

8«ئەفرایم تێکەڵ بە گەلان دەبێت.

ئەفرایم بووە بە کولێرەیەکی هەڵنەگەڕاوە.

9بێگانەکان هێزەکەی دەخۆن و

ئەویش پێی نازانێت.

قژی ماشوبرنج بووە و

ئەویش پێی نازانێت.

10لووتبەرزی ئیسرائیل بەرەوڕوو شایەتی لەسەر دەدات،

لەگەڵ هەموو ئەوەشدا

ناگەڕێنەوە بۆ لای یەزدانی پەروەردگاری خۆیان و

بەدوایدا ناگەڕێن.

11«ئەفرایم وەک کۆترێکی لێهاتووە،

گێل و بێ مێشک،

بانگی میسر دەکەن و

بۆ لای ئاشور دەچن.

12کاتێک دەڕۆن، تۆڕەکەم بەسەریاندا هەڵدەدەم،

وەک باڵندەی ئاسمان دایاندەگرم.

کاتێک کۆدەبنەوە تەمبێیان دەکەم

بەگوێرەی ئەوەی دەیبیستم.

13قوڕبەسەریان، چونکە لە من هەڵاتن!

ماڵوێرانی بۆیان، چونکە لێم یاخی بوون!

من دەیانکڕمەوە،

بەڵام ئەوان درۆم بۆ هەڵدەبەستن.

14کاتێک لەسەر جێگاکانیان دەناڵێنن

لە دڵەوە هاوارم بۆ ناکەن.

بۆ دانەوێڵە و شەراب کۆدەبنەوە،

لە من هەڵدەگەڕێنەوە.

15من فێرم کردن و بازووی ئەوانم بەهێز کرد،

بەڵام ئەوان لە دژی من بیر لە خراپە دەکەنەوە.

16دەگەڕێنەوە، بەڵام نەک بۆ لای خودای هەرەبەرز،

وەک کەوانێکی ناڕێکیان لێدێت.

لەبەر قینی زمانیان ڕابەرانیان بە شمشێر دەکوژرێن.

لەبەر ئەمە لە میسر دەبنە گاڵتەجاڕ.