هۆشەع 5 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

هۆشەع 5:1-15

حوکمی سەر ئیسرائیل

1«ئەی کاهینەکان، گوێتان لەمە بێت!

ئەی بنەماڵەی ئیسرائیل، سەرنج بدەن!

ئەی ماڵی پاشا گوێ بگرن!

حوکمەکە لە دژی ئێوەیە،

چونکە ئێوە لە میچپا بوونە تەڵە،

هەروەها تۆڕێکی ڕاخراویش بوون بەسەر تاڤۆر.

2یاخیبووان لە کوشتن قووڵبوونەوە،

منیش هەموویان تەمبێ دەکەم.

3من ئەفرایم دەناسم و

ئیسرائیلیش لە من شاردراوە نییە.

ئەی ئەفرایم، ئێستا ڕێگای لەشفرۆشیت گرتووەتەبەر،

ئیسرائیل گڵاو بووە.

4«کارەکانیان ڕێیان نادات

بۆ لای خودای خۆیان بگەڕێنەوە،

چونکە ڕۆحی لەشفرۆشی لە ناخیاندایە و

ئەوان دان بە یەزداندا نانێن.

5لووتبەرزی ئیسرائیل بەرەوڕوو شایەتی لەسەر دەدات و

ئیسرائیل و ئەفرایم بە تاوانەکانیان تێکدەشکێن،

یەهوداش لەگەڵیاندا تێکدەشکێت.

6بە مەڕ و مانگاکانیانەوە دەڕۆن

بۆ ئەوەی ڕوو لە یەزدان بکەن،

بەڵام بۆیان دەرناکەوێت،

چونکە لێیان دوور کەوتووەتەوە.

7ناپاکییان لە یەزدان کرد،

چونکە منداڵی زۆڵیان5‏:7 زۆڵ: بیژی‏ بوو.

ئێستا جەژنی سەرەمانگەکانیان

خۆیان و کێڵگەکانیشیان دەخوات.

8«لە گیڤعادا کەڕەنا لێ بدەن و

لە ڕامەش زوڕنا.

لە بێت‌ئاڤن5‏:8 بێت‌ئاڤن: واتا ماڵی بەدکاری.‏ نەعرەتەی جەنگ بکێشن؛

”ئەی بنیامین، ئێمە لەدوای تۆین.“

9ئەفرایم وێران دەبێت

لە ڕۆژی تەمبێکردندا.

لەنێو هۆزەکانی ئیسرائیلدا

ڕاستی ڕادەگەیەنم.

10میرانی یەهودا وەک ئەوانەن

کە سنوور دەگوازنەوە،

منیش تووڕەیی خۆم وەک باران

بەسەریاندا هەڵدەڕێژم.

11ئەفرایم زۆرلێکراوە،

بە حوکم تێکشکێنراوە،

چونکە بڕیاری دا دوای بت بکەوێت.

12من بۆ ئەفرایم وەک مۆرانەم و

وەک کلۆربوونیش بۆ بنەماڵەی یەهودا.

13«کاتێک ئەفرایم نەخۆشییەکەی خۆی بینی و

یەهوداش ناسۆرەکەی خۆی،

ئینجا ئەفرایم چووە لای ئاشور و

بەدوای پاشا گەورەکەدا5‏:13 مەبەستی لە پاشای ئاشورە.‏ ناردی.

بەڵام ناتوانێت چارەسەرتان بکات و

برینەکەتان لەسەر لاببات.

14من بۆ ئەفرایم وەک شێرم و

بۆ بنەماڵەی یەهوداش وەک بەچکە شێر،

چونکە من پارچەپارچەیان دەکەم و دەڕۆم،

دەبەم و فریادڕەسیش نییە،

15دەڕۆم و دەگەڕێمەوە بۆ شوێنەکەی خۆم

هەتا دان بە تاوانەکەیان دەنێن و

ڕوویان لە من دەکەن،

لە تەنگانەیاندا بە پەرۆشەوە ڕوویان لە من دەکەن.»