هۆشەع 2 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

هۆشەع 2:1-23

1«بە براکانتان بڵێن: ”گەلی من،“ و بە خوشکەکانتان: ”بەر بەزەیی کەوتوو.“

سزادان و چاککردنەوەی ئیسرائیل

2«سەرزەنشتی دایکتان بکەن، سەرزەنشتی بکەن،

چونکە ئەو ژنی من نییە و

منیش مێردی ئەو نیم.

بەدڕەوشتی لە ڕوخساری و

ناپاکی لەنێوان مەمکەکانی داماڵێت.

3ئەگینا ڕووتوقووتی دەکەمەوە،

وەک ئەو ڕۆژە ڕایدەگرم کە تێیدا لەدایک بووە؛

وەک چۆڵەوانی لێ دەکەم،

وەک خاکی وشکی لێ دەکەم،

بە تینووێتی دەیمرێنم.

4بەزەییم بە منداڵەکانیدا نایەتەوە،

چونکە زۆڵن.

5بێگومان دایکیان داوێنپیسی کردووە و

بە بێ ئابڕوویی سکی پێیان پڕ بووە.

ئەو گوتی: ”دوای دۆستەکانم دەکەوم،

ئەوانەی نان و ئاو،

خوری و کەتان، زەیت و خواردنەوەم پێدەدەن.“

6لەبەر ئەوە ڕێگاکەی بە دڕک پەرژین دەکەم،

دیوارێک بە دەوریدا دروستدەکەم بۆ ئەوەی ڕێڕەوەکانی نەدۆزێتەوە.

7دوای دۆستەکانی دەکەوێت و پێیان ناگات،

بەدوایاندا دەگەڕێت و نایاندۆزێتەوە.

ئینجا دەڵێت:

”دەچم و وەک جاران دەگەڕێمەوە بۆ لای مێردەکەم،

چونکە ئەو کاتم لە ئێستام باشتر بوو.“

8ئەو دانی پێدا نەناوە ئەوە من بووم کە

دانەوێڵە و شەرابی نوێ و زەیتم پێیداوە،

زێڕ و زیوم بۆی زیاد کردووە،

بەڵام ئەوان بۆ بەعل بەکاریانهێنا.

9«لەبەر ئەوە دەگەڕێمەوە و دانەوێڵەکەم لە کاتی خۆیدا دەبەمەوە،

شەرابە تازەکەشم لە کاتی خۆیدا.

خوری و کەتانەکەم کە ڕووتییەکەی دادەپۆشن

لەبەری دادەکەنم.

10ئێستا شوێنی شەرمی

لەبەرچاوی خۆشەویستەکانیدا دەردەخەم،

کەسیش لە دەستم فریای ناکەوێت.

11هەموو خۆشییەکانی ڕادەگرم:

جەژن و سەرەمانگەکانی،

شەممە و جەژنە دیاریکراوەکانی.

12ڕەزەمێو و هەنجیرەکانی تێکدەدەم،

کە گوتی: ”ئەوانە کرێیەکەی منن، خۆشەویستانم پێیان داوم.“

دەیانکەم بە دارستان و

ئاژەڵی کێوی دەیانخوات.

13لەسەر ئەو ڕۆژانەی سزای دەدەم

کە بخووری بۆ بەعلەکان دەسووتاند،

بە خەزێم و خشڵەکانی خۆی دەڕازاندەوە،

دوای خۆشەویستانی کەوت،

بەڵام منی لەیاد کرد.»

ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.

14«لەبەر ئەوە بە زمانی شیرین

دەیبەمە چۆڵەوانی و

بە نەرمی قسەی لەگەڵدا دەکەم.

15لەوێ ڕەزەمێوەکانی دەدەمەوە،

دۆڵی عاخۆر2‏:15 (عاخۆر) وشەیەکی عیبرییە بە واتای تێکدان. بڕوانە یەشوع بەشی 7.‏ دەکەم بە دەرگای هیوا.

لەوێ وەک ڕۆژانی هەرزەکاری گۆرانی دەڵێت،

وەک ڕۆژی سەرکەوتنی لە خاکی میسرەوە.»

16یەزدان دەفەرموێت: «لەو ڕۆژەدا دەبێت،

پێم دەڵێیت: ”مێردەکەم“ و

چیتر پێم ناڵێیت: ”گەورەم.“

17ناوی بەعلەکان لە دەمی دادەماڵم و

ئیتر ناویان ناهێنێت.

18لەو ڕۆژەدا پەیمانێکیان بۆ دەبەستم

لەگەڵ ئاژەڵی کێوی و باڵندەکانی ئاسمان و

خشۆکەکانی زەوی.

کەوان و شمشێر و جەنگ

لە خاکەکەدا بنبڕ دەکەم و

وایان لێ دەکەم بە ئاسوودەیی پاڵ بکەون.

19بۆ هەتاهەتایە بۆ خۆم نیشانت دەکەم و

بە ڕاستودروستی و دادوەری،

بە خۆشەویستی نەگۆڕ و بەزەیی بۆ خۆمت نیشان دەکەم.

20بە دڵسۆزییەوە بۆ خۆم نیشانت دەکەم و

دان بە یەزداندا دەنێیت.

21«یەزدان دەفەرموێت:

لەو ڕۆژەدا من کاردانەوەم دەبێت،

من کاردانەوەم بەرامبەر بە ئاسمان دەبێت و

ئەوانیش کاردانەوەیان بەرامبەر بە زەوی دەبێت،

22زەویش کاردانەوەی بەرامبەر بە دانەوێڵە و

شەرابی نوێ و زەیت دەبێت،

ئەوانیش کاردانەوەیان بەرامبەر بە یەزرەعیل2‏:22 یەزرەعیل: ناوێکی عیبری واتا (خودا دەیچێنێت).‏ دەبێت.

23لە خاکەکەدا بۆ خۆم دەیچێنم،

بەزەییم دێتەوە بەوانەی کە فەرمووم ”بەزەییم پێیاندا نایەتەوە.“

ئەوانەی کە پێیان دەگوترا ”گەلی من نین“ پێیان دەڵێم: ”ئێوە گەلی منن.“

ئەوانیش دەڵێن: ”تۆ خودای ئێمەیت.“»