هۆشەع 14 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

هۆشەع 14:1-9

تۆبەکردن بۆ وەرگرتنی بەرەکەت

1ئەی ئیسرائیل، بۆ لای یەزدانی پەروەردگاری خۆتان بگەڕێنەوە،

چونکە بە تاوانی خۆتان تێکشکان!

2ئەم قسانە لەگەڵ خۆتان ببەن و

بگەڕێنەوە لای یەزدان،

پێی بڵێن:

«لە هەموو تاوانێک خۆشبە و

بە چاکەی خۆت وەرمانبگرە،

بەروبوومی لێوەکانمان سوپاسکردنی تۆ دەبێت.14‏:2 لێوەکانمان ستایشی تۆ دەکەن، بڕوانە عیبرانییەکان 13‏:15‏.‏

3ئاشور ڕزگارمان ناکات.

سواری ئەسپ نابین،

جارێکی دیکە بە دەستکردەکانمان ناڵێین،

”خوداوەندەکانمان،“

چونکە لەلایەن تۆ هەتیو بەر بەزەیی دەکەوێت.»

4«من هەڵگەڕانەوەیان چاک دەکەمەوە،

بە دڵفراوانییەوە ئەوانم خۆشدەوێت،

چونکە تووڕەییم لەوان دامرکایەوە.

5بۆ ئیسرائیل وەک شەونم دەبم،

ئەویش وەک سەوسەن گوڵ دەکات و

وەک دار ئورزی لوبنان ڕەگ دادەکوتێت،

6چڵەکانی درێژ دەبنەوە،

جوانییەکەی وەک دار زەیتوون دەبێت و

وەکو دار ئورزی لوبنان بۆندار دەبێت.

7نیشتەجێبووان لە سایەی سێبەرەکەی دەگەڕێنەوە.

وەک دانەوێڵە دەژیێتەوە و

وەک مێو دەگەشێتەوە.

ناوبانگی وەک شەرابی لوبنان دەبێت.

8ئەی ئەفرایم، لەمەولا چ پەیوەندییەکم بە بتەوە هەیە؟

من وەڵام دەدەمەوە و چاودێریت دەکەم،

من وەک دار سنەوبەرێکی سەوزم،

بەروبوومەکەت لەلایەن منەوەیە.»

9کێ دانایە و لە ئەمانە تێدەگات؟

کێ تێگەیشتووە و دەیانزانێت؟

چونکە ڕێگاکانی یەزدان ڕاستن و

ڕاستودروستان پێیدا دەڕۆن،

بەڵام یاخیبووەکان ساتمەی تێدا دەکەن و دەکەون.