هۆشەع 12 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

هۆشەع 12:1-14

1ئەفرایم لەسەر با دەلەوەڕێت،

دوای بای ڕۆژهەڵات کەوتووە،

هەموو ڕۆژێک درۆ و توندوتیژی زیاد دەکات.

لەگەڵ ئاشوردا پەیمان دەبەستن و

زەیتی زەیتوون بۆ میسر دەنێرێت.

2یەزدان لە دژی یەهودا سکاڵای هەیە،

سزای یاقوب بەپێی ڕەفتارەکەی دەدات،

کردەوەکانی بەسەر خۆیدا دەداتەوە.

3لەناو سکدا پاژنەی براکەی گرت و

بە هێزی خۆی لەگەڵ خودا کەوتە زۆرانێ.

4لەگەڵ فریشتەکە زۆرانێی کرد و سەرکەوت،

گریا و پاڕایەوە، بۆ ئەوەی لەگەڵی میهرەبان بێت.

لە بێت‌ئێل تووشی بوو،

لەوێ قسەی لەگەڵی کرد12‏:4 قسەی لەگەڵیدا کرد: بڕوانە، بۆ نموونە، پەیدابوون 32‏:30‏.‏.

5یەزدانی پەروەردگاری سوپاسالار،

ناوبانگی یەزدانە!

6تۆش بۆ لای خودات بگەڕێوە،

خۆشەویستی نەگۆڕ و دادپەروەری پەیڕەو بکە و

هەمیشە چاوەڕوانی خودای خۆت بە.

7بازرگان تەرازووی ساختەی لە دەستدایە،

حەز دەکات ستەم بکات.

8ئەفرایم گوتی:

«من دەوڵەمەند بووم و سامانم بۆ خۆم پێکەوەنا،

لە هەموو سامانەکەم خراپەیەکم تێدا نابیننەوە

کە گوناه بێت.»

9«من یەزدانی پەروەردگاری ئێوەم،

ئەوەی لە خاکی میسرەوە تۆی دەرهێنا،

دووبارە لەناو چادرەکان نیشتەجێت دەکەم،

وەک ڕۆژانی جەژن.

10قسەم لەگەڵ پێغەمبەرەکاندا کرد و

بینینی زۆرم بۆ ئاشکرا کردن،

هەروەها لە ڕێگەی پێغەمبەرانەوە نموونەم هێنایەوە.»

11ئایا خراپەکاری لە گلعاد هەیە؟

بێگومان دانیشتووانەکەی پووچن!

لە گلگال گا دەکەن بە قوربانی،

بەڵێ، بەڵام قوربانگاکانیان وەک کۆمەڵە بەرد دەبن

لەسەر هێڵەکانی جووتی کێڵگەدا.

12یاقوب بۆ دەشتودەری ئارام12‏:12 میسۆپۆتامیا، وڵاتی نێوان دجلە و فورات. بڕوانە پەیدابوون 28‏:2‏.‏ هەڵات و

ئیسرائیل لە پێناوی ژنێکدا خزمەتی کرد،

لە پێناوی ژنێکدا شوانایەتی کرد.

13یەزدان لە ڕێگەی پێغەمبەرێکەوە ئیسرائیلی لە میسر دەرهێنا و

لە ڕێگەی پێغەمبەرێکیشەوە چاودێری کرد.

14بەڵام ئەفرایم زۆر بە خراپی یەزدانی پەست کرد،

پەروەردگارەکەشی تاوانی ئەو خوێنەی لەسەریەتی دەیهێڵێتەوە و

سووکایەتییەکەی بەسەر خۆیدا دەداتەوە.