هۆشەع 11 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

هۆشەع 11:1-12

خۆشەویستی خودا بۆ ئیسرائیل

1«کە ئیسرائیل منداڵ بوو، خۆشم ویست و

من کوڕی خۆمم لە میسر بانگ کرد.

2بەڵام هەرچەندەی بانگم دەکردن،

ئەوەندە منیان لە خۆیان دوورخستەوە،

قوربانییان بۆ بەعلەکان سەردەبڕی و

بخووریان بۆ وێنەی خوداوەندەکان دەسووتاند.

3من بووم ئەفرایمم فێری ڕۆیشتن کرد،

دەستم بە باڵیانەوە گرت،

بەڵام نەیانزانی من چاکم کردنەوە.

4بە گوریسی نەرمونیانی مرۆڤانە ڕایاندەکێشم،

بە بەستنی خۆشەویستی،

من بۆیان بووم بەوەی کە نیر لەسەر ملیان هەڵدەگرێت،

چەمامەوە بۆ ئەوەی نانیان بدەمێ.

5«ئایا ناگەڕێنەوە بۆ خاکی میسر و

ئاشور نابێتە پاشایان،

چونکە ڕەتیان کردەوە بگەڕێنەوە لام؟

6شمشێر دەکەوێتە شارەکانیان و

شەوبەندی دەروازەکانیان تێکدەشکێنێت،

کۆتایی بە تەگبیرەکانیان دەهێنێت.

7گەلەکەم مکوڕن لەسەر هەڵگەڕانەوە لە من.

تەنانەت ئەگەر هاوار بۆ خودای هەرەبەرزەکەش بکەن،

ئەو پایەبەرزیان ناکات.

8«ئەی ئەفرایم، چۆن وازت لێ بهێنم؟

ئەی ئیسرائیل، چۆن بە دەستتەوە بدەم؟

چۆن وەک ئەدما هەڵسوکەوتت لەگەڵدا بکەم؟

چۆن وەک چەبۆئیمت لێبکەم؟

دڵم لێم هەڵگەڕاوەتەوە و

هەموو میهرەبانیم گڕی گرتووە.

9گڕی تووڕەییم ناخەمەگەڕ و

ناگەڕێمەوە ئەفرایم وێران بکەم،

چونکە من خودام نەک مرۆڤ،

من خودا پیرۆزەکەم، لە ناوەڕاستی ئێوەدام،

بە قینەوە نایەم.

10لەدوای یەزدانەوە دەڕۆن،

وەک شێرێک دەنەڕێنێت.

کاتێک دەنەڕێنێت،

منداڵەکان لە ڕۆژئاواوە بە لەرزەوە دێن.

11وەک چۆلەکە لە میسرەوە بە لەرزەوە دێن،

وەک کۆتر لە خاکی ئاشورەوە.

ئینجا لە ماڵەکانیاندا نیشتەجێیان دەکەم.»

ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.

گوناهی ئیسرائیل

12ئەفرایم بە درۆ دەوری لێدام و

بنەماڵەی ئیسرائیلیش بە فێڵەوە،

یەهوداش هێشتا سەرسەختە بەرامبەر بە خودا،

لە پیرۆزە دڵسۆزەکە.