نەحەمیا 8 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

نەحەمیا 8:1-18

عەزرا تەورات دەخوێنێتەوە

1ئینجا هەموو گەل وەک یەک کەس لە گۆڕەپانەکەی بەردەم دەروازەی ئاودا کۆبوونەوە و بە عەزرای مامۆستای تەوراتیان گوت، پەڕتووکی تەوراتی موسا بهێنێت کە یەزدان فەرمانی پێ کردبوو بۆ ئیسرائیل.

2ئیتر لە ڕۆژی یەکەمی مانگی حەوت عەزرای کاهینیش پەڕتووکی تەوراتی هێنایە بەردەم کۆمەڵەکە، ژن و پیاو و هەموو ئەوانەی بە تێگەیشتنەوە گوێ دەگرن. 3لە بەیانییەوە هەتا نیوەڕۆ، لەبەردەم گۆڕەپانەکەی پێش دەروازەی ئاو، بۆ ژن و پیاو و تێگەیشتووان خوێندییەوە، هەموو گەلیش گوێیان بۆ پەڕتووکی تەورات شل کردبوو.

4عەزرای مامۆستای تەورات لەسەر ئەو دووانگەیە ڕاوەستا کە بۆ ئەو کارە لە دار دروستکرابوو، مەتیسیا و شەمەع و عەنایا و ئوریا و حیلقیا و مەعسێیاهو لەلای ڕاستیەوە ڕاوەستان و لەلای چەپیشییەوە پەدایا و میشائیل و مەلکیا و حاشوم و حەشبەدانا و زەکەریا و مەشولام ڕاوەستان.

5عەزرا پەڕتووکەکەی لەبەرچاوی هەموو گەل کردەوە، چونکە لە سەرووی هەموو گەلەوە بوو، کە پەڕتووکەکەی کردەوە هەموو گەل هەستانە سەرپێ. 6عەزرا ستایشی یەزدانی پەروەردگاری گەورەی کرد، هەموو گەلیش دەستیان بەرزکردەوە و وەڵامیان دایەوە: «ئامین! ئامین!» کڕنۆشیان بۆ یەزدان برد و سەریان خستە سەر زەوی.

7لێڤییەکان کە لە یێشوع، بانی، شێرێڤیا، یامین، عەقوڤ، شەبەتەی، هۆدیا، مەعسێیاهو، قەلیتا، عەزەریا، یۆزاڤاد، حانان و پەلایا پێکهاتبوون، تەوراتیان بۆ گەل ڕوون دەکردەوە و گەلیش لەوێ ڕاوەستابوون. 8بە ڕوونی پەڕتووکی تەوراتی خودایان خوێندەوە، واتاکەیان لێکدایەوە بۆ ئەوەی گەل لەوە تێبگات کە دەخوێنرایەوە.

9پاشان نەحەمیا کە پارێزگار بوو لەگەڵ عەزرای کاهین و مامۆستای تەورات و ئەو لێڤییانەی گەلیان تێدەگەیاند بە هەموو گەلی گوت: «ئەمڕۆ ڕۆژێکی پیرۆزە بۆ یەزدانی پەروەردگارتان، لەبەر ئەوە شیوەن مەگێڕن و مەگریێن.» لەبەر ئەوەی هەموو گەل کاتێک گوێیان لە وشەکانی تەورات بوو، گریابوون.

10ئینجا نەحەمیا پێی گوتن: «بڕۆن و خواردنی چەور بخۆن و خواردنەوەی شیرین بخۆنەوە و بەشی ئەوانەش بنێرن کە بۆیان ئامادە نەکراوە. ئەمڕۆ پیرۆزە بۆ یەزدانمان، دڵتەنگ مەبن، چونکە خۆشی لە یەزدانەوە هێزتانە.»

11لێڤییەکانیش هەموو گەلیان هێور دەکردەوە و دەیانگوت: «بێدەنگ بن، چونکە ئەمڕۆ پیرۆزە، دڵتەنگ مەبن.»

12پاشان هەموو گەل چوون بۆ ئەوەی بخۆن و بخۆنەوە، بەشە خواردن بنێرن و ئاهەنگێکی گەورە بگێڕن، چونکە لەو وشانە تێگەیشتن کە فێر کران.

13لە دووەم ڕۆژی مانگەکە گەورەی بنەماڵەکانی هەموو گەل و کاهین و لێڤییەکان لەلای عەزرای مامۆستای تەورات کۆبوونەوە بۆ ئەوەی پەیامی تەوراتیان تێبگەیەنێت. 14جا بینییان لەو تەوراتەی کە یەزدان لەسەر دەستی موسا فەرمانی پێ کردووە، نووسراوە کە نەوەی ئیسرائیل لە کاتی جەژندا8‏:14 جەژن: مەبەستی لە جەژنی کەپڕەشینەیە. بڕوانە لێڤییەکان 23‏:33‏-36.‏ کەپرنشین دەبن، لە مانگی حەوت، 15پێویستە لەناو هەموو شارۆچکەکانیان و لە ئۆرشەلیمدا بانگەواز بکەن و بڵێن: «بچنە دەرەوە بۆ چیاکان و چڵی زەیتوون و زەیتوونی کێوی و مۆرد8‏:15 مۆرد: دارێکە گەڵاکانی بریقەدارە و سەوزێکی تۆخە، گوڵی سپی دەگرێت و بۆنی خۆشە، لە بێت‌لەحم و حەبرۆن هەیە. ئێستا لە ڕۆژهەڵات پێی دەگوترێت ئاس.‏ و دار خورما و داری گەڵادار بهێنن بۆ دروستکردنی کەپر،» هەروەک نووسراوە.

16جا گەل ڕۆیشتن و هێنایان و کەپریان بۆ خۆیان دروستکرد، هەریەکە و لەسەر بانی ماڵەکەی و لەناو حەوشەکانیان و حەوشەکانی ماڵی خودا و گۆڕەپانەکەی دەروازەی ئاو و گۆڕەپانەکەی دەروازەی ئەفرایم. 17هەموو ئەو کۆمەڵەی لە ڕاپێچکراوی گەڕابوونەوە کەپریان دروستکرد و لەناو کەپردا دانیشتن. لە سەردەمی یەشوعی کوڕی نونەوە هەتا ئەو ڕۆژە نەوەی ئیسرائیل ئاهەنگێکی گەورە و شکۆداری لەو جۆرەیان نەگێڕابوو.

18ڕۆژ لەدوای ڕۆژ عەزرا لە پەڕتووکی تەوراتی خودای دەخوێندەوە، لە ڕۆژی یەکەمەوە هەتا ڕۆژی کۆتایی. حەوت ڕۆژ جەژنیان گێڕا و لە ڕۆژی هەشتەمدا بەپێی ڕێوڕەسم ئاهەنگی کۆتاییپێهێنان بوو.