نەحەمیا 6 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

نەحەمیا 6:1-19

دژایەتییەکانی دیکە لە بنیادنانەوە

1ئەوە بوو کە سەنڤەلەت و تۆڤییا و گەشەمی عەرەبی و پاشماوەی دوژمنەکانمان بیستیانەوە کە شووراکەم بنیاد ناوەتەوە و هیچ کەلێنێکی تێدا نەماوە، هەرچەندە هەتا ئەو کاتە هێشتا دەرگام لە دەروازەکاندا دانەنابوو، 2سەنڤەلەت و گەشەم پەیامیان بۆ ناردم و گوتیان: «وەرە با لە یەکێک لە گوندەکانی دەشتی ئۆنۆ پێکەوە کۆببینەوە.»

ئەوان بیریان لەوە دەکردەوە خراپەم لەگەڵدا بکەن. 3منیش چەند نێردراوێکم بۆ لایان نارد و گوتم: «من خەریکی کارێکی گەورەم و ناتوانم دابەزم بۆ لاتان. بۆچی کارەکە بوەستێت، دەستی لێ هەڵبگرم و بێمە لاتان؟» 4جا چوار جار هەمان پەیامیان بۆ ناردم، منیش هەمان وەڵامم دانەوە.

5پاشان بۆ جاری پێنجەم، سەنڤەلەت خزمەتکارەکەی بە هەمان پەیامەوە ناردە لام و نامەیەکی کراوەی بەدەستەوە بوو، 6تێیدا نووسرابوو:

«لەنێو نەتەوەکاندا بیستراوە و گەشەم دەڵێت، تۆ و جولەکەکان بیر لە یاخیبوون دەکەنەوە، لەبەر ئەوە شووراکە بنیاد دەنێیت. هەروەها بەپێی ئەم هەواڵانە دەبیتە پاشایان، 7چەند پێغەمبەرێکیشت بۆ خۆت ڕاگرتووە هەتا بەناو ئۆرشەلیمدا بانگەوازت بۆ بکەن و بڵێن: ”لە یەهودا پاشا هەیە!“ ئێستاش ئەم هەواڵانە بە پاشا ڕادەگەیەنرێت، ئێستا وەرە با پێکەوە ڕاوێژ بکەین.»

8منیش ئەم وەڵامەم بۆ نارد: «هیچ کام لەو شتانەی کە تۆ باسیان دەکەیت ڕووی نەداوە، بەڵکو هەڵبەستراوی دڵی خۆتە.»

9هەموویان هەوڵیان دەدا بمانترسێنن و دەیانگوت، «دەستیان لە کارەکە سارد بووەتەوە و کارەکە ناکرێت.»

بەڵام نزام کرد: «ئەی خودایە، ئێستاش دەستم بەهێز بکە.»

10ئیتر ڕۆژێک چوومە ماڵی شەمەعیای کوڕی دەلایای کوڕی میهێتەبێل کە لە ماڵەکەی خۆی دەستبەسەر بوو، گوتی: «با لەناو ماڵی خودا کۆببینەوە، لە ناوەڕاستی پەرستگادا و دەرگاکانی پیرۆزگا دابخەین، چونکە بۆ کوشتنت دێن، بە شەو دێن بتکوژن.»

11منیش گوتم: «ئایا پیاوێکی وەک من هەڵدێت؟ ئایا کەسێکی وەک من دەچێتە ناو پەرستگاوە هەتا بژیێت؟ ناچمە ژوورەوە!» 12بۆم دەرکەوت کە خودا نەیناردووە، بەڵکو بە درۆ پێشبینیی لەسەر من کردووە، چونکە تۆڤییا و سەنڤەلەت بە کرێیان گرتبوو. 13بەکرێ گیرابوو هەتا بمترسێنێت و خۆم بشارمەوە و گوناهبار بم، ئینجا بەوە ناوم بزڕێنن و ئابڕووم ببەن.

14ئەی خودای من، بەگوێرەی ئەم کردەوانەیان تۆڤییا و سەنڤەلەتت لەبیر بێت، هەروەها نۆعەدیای پێغەمبەرە ژن و پاشماوەی ئەو پێغەمبەرانەی کە دەمترسێنن! 15شووراکە لە بیست و پێنجی ئەیلول تەواو بوو، بە ماوەی پەنجا و دوو ڕۆژ.

تەواوکردنی شووراکە

16کاتێک هەموو دوژمنەکانمان بیستیان، هەموو نەتەوەکانی دەوروبەرمان ترسان و متمانەیان بە خۆیان نەما، زانییان کە ئەم کارە لەلایەن خودامانەوە کراوە.

17هەروەها لەو ڕۆژانەدا زۆربەی خانەدانەکانی یەهودا نامەیان بۆ تۆڤییا دەنارد و لە تۆڤییاشەوە بۆ ئەوان دەهاتەوە، 18چونکە زۆر لە یەهودا هاوپەیمانی بوون، لەبەر ئەوەی ئەو زاوای شەخەنەیای کوڕی ئارەح بوو، یەهۆحانانی کوڕیشی کچی مەشولامی کوڕی بەرەخیای هێنابوو. 19هەروەها لەبەردەممدا باسیان لە کارە چاکەکانی ئەو دەکرد و قسەکانی منیان بۆی دەگێڕایەوە. ئینجا تۆڤییا چەند نامەیەکی نارد بۆ ئەوەی بمترسێنێت.