نەحەمیا 13 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

نەحەمیا 13:1-31

تەواوکردنی چاکسازییەکەی نەحەمیا

1لەو ڕۆژەدا پەڕتووکی موسا بە دەنگی بەرز لەبەردەم گەلدا خوێنرایەوە و بینرا کە تێیدا نووسراوە، هیچ عەمۆنی و مۆئابییەک بۆ هەتاهەتایە نایەتە ناو کۆمەڵی خودا، 2چونکە بە نان و ئاوەوە پێشوازییان لە نەوەی ئیسرائیل نەکردبوو، بەڵکو بەلعامیان لە دژیان بەکرێ گرت هەتا نەفرەتیان لێ بکات، بەڵام خودامان نەفرەتەکەی گۆڕی بۆ بەرەکەت. 3کاتێک گوێیان لە فێرکردنەکە بوو، هەموو ئەو بێگانانەیان جیا کردەوە کە لەگەڵ ئیسرائیلدا تێکەڵ ببوون.

4پێش ئەمە، ئەلیاشیڤی کاهین13‏:4 ئەلیاشیڤی کاهین جیاوازە لە ئەلیاشیڤی سەرۆک کاهین.‏ بە سەرپەرشتیاری ژوورە ئەمبارەکانی ماڵی خودامان دانرابوو. لە تۆڤییاوە نزیک بوو، 5ژوورێکی گەورەی بۆ دابین کردبوو، کە پێشتر ئەم شتانەیان تێیدا دادەنا: پێشکەشکراوەکانی دانەوێڵە و بخوور و قاپوقاچاغەکانی پەرستگا، هەروەها دەیەکەکانی گەنم و شەرابی نوێ و زەیت کە بۆ لێڤی و گۆرانیبێژ و دەرگاوانەکان فەرمانی پێ کرابوون، لەگەڵ پیتاکە پیرۆزەکان بۆ کاهین.

6بەڵام بە درێژایی هەموو ئەمانە من لە ئۆرشەلیم نەبووم، چونکە لە سی و دووەمین ساڵی ئەرتەحشەستەی پاشای بابل گەڕابوومەوە بۆ لای پاشا، لەدوای ماوەیەک مۆڵەتم لە پاشا خواست و 7هاتمەوە ئۆرشەلیم، زانیم ئەلیاشیڤ چ خراپەیەکی کردووە بەوەی کە لە حەوشەی ماڵی خودا ژوورێکی بۆ تۆڤییا دابین کردووە. 8ئەمە منی زۆر پەست کرد، لەبەر ئەوە هەموو قاپوقاچاغەکانی ماڵی تۆڤییام فڕێدایە دەرەوەی ژوورەکە. 9فەرمانم دا و ژوورەکانیان پاککردەوە، پاشان قاپوقاچاغەکەی ماڵی خودا و پێشکەشکراوەکانی دانەوێڵە و بخوورەکەم گەڕاندەوە ئەوێ.

10هەروەها زانیم کە بەشی لێڤییەکان نەدراوە، لێڤی و ئەو گۆرانیبێژانەی کارەکەیان دەکرد، هەریەکە و بۆ کێڵگەکەی خۆی هەڵاتووە. 11لەبەر ئەوە لەگەڵ کاربەدەستەکان دەمەقاڵێم کرد و گوتم: «بۆچی ماڵی خودا وازی لێ هێنراوە؟» ئینجا ئەوانم کۆکردەوە و هەریەکەیانم لە شوێنەکەی خۆی دانا.

12هەموو یەهوداش دەیەکی دانەوێڵە و شەرابی نوێ و زەیتیان هێنا بۆ ژوورە ئەمبارەکان. 13خەزنەدارم لەسەر ئەمبارەکان دانا، شەلەمیاهوی کاهین و سادۆقی سەرقەڵەم و پەدایای لێڤی، لەبەردەستی ئەوانیش حانانی کوڕی زەکوری مەتەنیا، چونکە بە دەستپاک دادەنران و کرانە لێپرسراوی دابەشکردنی ئازووقە بەسەر برا لێڤییەکانیان.

14ئەی خودایە، لەبەر ئەمە بە یادی خۆتم بهێنەرەوە و چاکەکانم مەسڕەوە کە بە دڵسۆزی بەرامبەر بە ماڵی خودای خۆم و داواکارییەکانی کردوومە.

15لەو ڕۆژانەدا خەڵکێکم لە یەهودا بینی لە ڕۆژی شەممە گوشەرەکان دەپەستنەوە، کۆڵە دار دەهێنن و لە گوێدرێژەکانیان بار دەکەن، هەروەها بە شەراب و ترێ و هەنجیر و هەموو ئەوەی بار دەکرێت، لە ڕۆژی شەممە دێنە ناو ئۆرشەلیم، لەبەر ئەوە ئاگادارم کردنەوە کە لەو ڕۆژەدا خۆراک نەفرۆشن. 16هەروەها خەڵکی بەندەری سور کە لە ئۆرشەلیمدا نیشتەجێ بوون، لە ڕۆژی شەممەدا ماسی و هەموو جۆرە کەلوپەلێکیان دەهێنا و لە ئۆرشەلیم بە نەوەی یەهودایان دەفرۆشت. 17جا دەمەقاڵێم لەگەڵ خانەدانەکانی یەهودا کرد و گوتم: «ئەم خراپەیە چییە کە ئێوە دەیکەن و ڕۆژی شەممە گڵاو دەکەن؟ 18ئایا باوباپیرانتان ئەمەیان نەکرد، ئینجا خودامان هەموو ئەم خراپەیەی بەسەر ئێمە و ئەم شارەشدا هێنا؟ ئێوە تووڕەیی لەسەر ئیسرائیل زیاتر دەکەن کە ڕۆژی شەممە گڵاو دەکەن.»

19کاتێک تاریکی باڵی بەسەر دەروازەکانی ئۆرشەلیمدا کێشا، پێش ڕۆژی شەممە، فەرمانم دا هەتا دوای ڕۆژی شەممە دەروازەکان دابخرێن و نەکرێنەوە. هەندێک لە خزمەتکارەکانی خۆمم لەسەر دەروازەکان دانا، هەتا لە ڕۆژی شەممە هیچ بارێک نەیەتە ژوورەوە. 20جارێک و دووان بازرگان و فرۆشیاری هەموو جۆرە کەلوپەلێک لە دەرەوەی ئۆرشەلیم شەویان بەسەربرد. 21منیش ئاگادارم کردنەوە و گوتم: «بۆچی لەلای شووراکە ماونەتەوە؟ ئەگەر دووبارەی بکەنەوە دەستگیرتان دەکەم.» ئیتر لەو کاتەوە لە ڕۆژی شەممە نەهاتنەوە. 22هەروەها بە لێڤییەکانم گوت، کە خۆیان پاک بکەنەوە و بێن و پاسەوانی دەروازەکان بکەن بۆ تەرخانکردنی ڕۆژی شەممە.

ئەی خودایە، بەمەش بە یادی خۆتم بهێنەرەوە، بەگوێرەی خۆشەویستییە نەگۆڕەکەشت لەگەڵم میهرەبان بە.

23هەروەها لەو ڕۆژانەدا ئەو یەهودییانەم بینی کە ژنی ئەشدۆدی و عەمۆنی و مۆئابییان هێنابوو، 24نیوەی منداڵەکانیان بە زمانی ئەشدۆدی یان بە زمانی گەلی دیکە قسەیان دەکرد، تێیاندا نەبوو بتوانێت بە زمانی یەهودی قسە بکات. 25جا لەگەڵیان دەمەقاڵێم کرد و نەفرەتم لێکردن، لە هەندێکیانم دا و پرچیانم ڕنییەوە، بە خودا سوێندم دان و گوتم: «کچتان نەدەنە کوڕیان و کچیان مەهێنن، نە بۆ کوڕتان و نە بۆ خۆتان. 26ئایا لەبەر ئەمانە نەبوو سلێمانی پاشای ئیسرائیل گوناهی کرد، کاتێک لەناو زۆربەی نەتەوەکان پاشایەکی وەک ئەو نەبوو، لەلای خودای خۆی خۆشەویست بوو، خودا کردییە پاشای هەموو ئیسرائیل؟ تەنانەت ئەویش ژنە بێگانەکان گوناهیان پێکرد. 27ئیتر ئایا گوێ لە ئێوە بگرین ئەم هەموو خراپە گەورەیە بکەن، بە ناپاکیتان لە دژی خودامان، بەوەی ژنی بێگانە بهێنن؟»

28یەکێک لە کوڕەکانی یۆیاداعی کوڕی ئەلیاشیڤی سەرۆک کاهین، زاوای سەنڤەلەتی حۆرۆنی بوو، منیش لەلای خۆم دەرمکرد.

29ئەی خودایە، بە یادی خۆتیان بهێنەرەوە کە کاهینیێتی و پەیمانی کاهینیێتی و لێڤییەکانیان گڵاوکرد.

30بەو شێوەیە لە هەموو بێگانەیەک پاکم کردنەوە، ئەرکەکانی کاهین و لێڤییەکانم دیاری کرد، هەریەکە و لەسەر کاری خۆی. 31داریشم بۆ قوربانی لە کاتی دیاریکراو و یەکەمین بەرهەمەکان دابین کرد.

ئەی خودایە، بە چاکە بە یادی خۆتم بهێنەرەوە.