نەحەمیا 11 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

نەحەمیا 11:1-36

دانیشتووانی نوێی ئۆرشەلیم

1ڕابەرەکانی گەل لە ئۆرشەلیم نیشتەجێ بوون و پاشماوەی گەلیش تیروپشکیان کرد تاکو یەک لە دەیان بێن بۆ نیشتەجێبوون لە ئۆرشەلیم، شاری پیرۆز، نۆ بەشەکەش لە شارۆچکەکانی خۆیان مانەوە. 2گەل داوای بەرەکەتیان کرد بۆ هەموو ئەوانەی کە خۆبەخش بوون بۆ نیشتەجێبوون لە ئۆرشەلیم.

3هەندێک ئیسرائیلی، کاهین، لێڤی، خزمەتکارانی پەرستگا و نەوەی خزمەتکارەکانی سلێمان لە شارۆچکەکانی یەهودا نیشتەجێ بوون، هەرکەسێک لەسەر موڵکەکەی خۆی، 4لە کاتێکدا خەڵکی یەهودیا و بنیامین لە ئۆرشەلیم نیشتەجێ بوون. ئەمانە ئەو ڕابەرانەی هەرێمەکەن کە لە ئۆرشەلیم نیشتەجێ بوون:

لە نەوەی یەهودا:

عەتایا کوڕی عوزیا کوڕی زەکەریا کوڕی ئەمەریا کوڕی شەفەتیا کوڕی مەهلەلئێل لە نەوەی پێرێز،

5لەگەڵ مەعسێیاهوی کوڕی باروخیش کوڕی کۆل‌حوزێ کوڕی حەزایا کوڕی عەدایا کوڕی یۆیاریڤ کوڕی زەکەریای خەڵکی شالەح.

6هەموو نەوەی پێرێز کە لە ئۆرشەلیم دانیشتبوون، چوار سەد و شەست و هەشت پیاوی توانادار بوون.

7ئەمانەش نەوەی بنیامینن:

سەلو کوڕی مەشولام کوڕی یۆعێد کوڕی پەدایا کوڕی قۆلایای کوڕی مەعسێیاهوی کوڕی ئیتیێلی کوڕی یەشەعیا، 8لەگەڵ گەبەی و سەلەی کە شوێنکەوتووەکانی بوون، نۆ سەد و بیست و هەشت کەس بوون.

9یۆئێلی کوڕی زکری سەرپەرشتیاریان بوو، یەهودای کوڕی هەسەنوئاش سەرپەرشتیاری بەشی دووەمی شارەکە بوو.

10لە کاهینەکان:

یەدایای کوڕی یۆیاریڤ؛ یاکین؛

11سەرایای کوڕی حیلقیا کوڕی مەشولام کوڕی سادۆق کوڕی مەرایۆت کوڕی ئەحیتوڤی لێپرسراوی ماڵی خودا و 12هاوکارەکانیشیان ئەوانەی کاری پەرستگاکەیان دەکرد، هەشت سەد و بیست و دوو بوون؛

لەگەڵ عەدایای کوڕی یەرۆحام کوڕی پەلەلیا کوڕی ئەمچی کوڕی زەکەریا کوڕی پەشحور کوڕی مەلکیا و 13هاوکارەکانیشی گەورەی بنەماڵەکان بوون، دوو سەد و چل و دوو بوون؛

لەگەڵ عەمشسەی کوڕی عەزەرئێل کوڕی ئەحزەی کوڕی مەشیلێمۆت کوڕی ئیمێر و 14هاوکارەکانیشیان پاڵەوانە بەجەرگەکان بوون، سەد و بیست و هەشت بوون.

زەبدیێلی کوڕی گیدۆلیم سەرپەرشتیاریان بوو.

15لە لێڤییەکانیش:

شەمەعیای کوڕی حەشوڤ کوڕی عەزریقام کوڕی حەشەڤیای کوڕی بوننی؛

16شەبەتەی و یۆزاڤاد لە ڕابەرەکانی لێڤییەکان بوون، سەرپەرشتیاری کارەکەی دەرەوەی ماڵی خودا بوون؛

17هەروەها مەتەنیای سەرپەرشتیار، کە کوڕی میکا کوڕی زەبدی کوڕی ئاساف بوو، لە کاتی نوێژدا سەرپەرشتی سوپاسگوزاری دەکرد؛

بەقبوقیا کە دووەم بوو لەنێو هاوکارەکانی؛

عەبدای کوڕی شەموەع کوڕی گالال کوڕی یەدوتون.

18هەموو لێڤییەکان لەناو شاری پیرۆز دوو سەد و هەشتا و چوار کەس بوون.

19دەرگاوانەکان:

عەقوڤ و تەلمۆن و هاوکارەکانیان، ئەوانەی کە لە دەروازەکان ئێشکیان دەگرت، سەد و حەفتا و دوو بوون.

20پاشماوەی ئیسرائیلیش لە کاهین و لێڤییەکان لە هەموو شارۆچکەکانی یەهودا بوون، هەریەکە لە میراتەکەی خۆی.

21بەڵام خزمەتکارانی پەرستگا لە گردی عۆفێل نیشتەجێ بوون، چیحا و گیشپا سەرپەرشتیاریان بوون.

22سەرپەرشتیاری لێڤییەکانیش لە ئۆرشەلیم عوزی کوڕی بانی کوڕی حەشەڤیا کوڕی مەتەنیا کوڕی میکا بوو. عوزی لە نەوەی ئاساف بوو، ئەو گۆرانیبێژانەی کە بەرپرسیار بوون لە خزمەتی ماڵی خودا. 23گۆرانیبێژەکان لەژێر فەرمانی داودی پاشادا بوون، کە ئەرکی ڕۆژانەیانی ڕێکدەخست.

24هەروەها پەتەحیای کوڕی مەشێزەبێل کە لە نەوەی زەرەحی کوڕی یەهودا بوو، بریکاری پاشا بوو بۆ هەموو کاروبارەکانی گەل.

25سەبارەت بە گوند و کێڵگەکانی دەوروبەریان، هەندێک لە نەوەی یەهودا لەم شوێنانە نیشتەجێ بوون: لە قیریەت ئەربەع و دەوروبەری؛ لە دیڤۆن و دەوروبەری؛ لە یەقەڤچئێل و دەوروبەری؛ 26لە یێشوع و مۆلادا و بێت‌پەلەت؛ 27لە حەچەر شوعال و بیری شابەع و دەوروبەری؛ 28لە چیقلەگ و لە مەکۆنا و دەوروبەری؛ 29لە کانی ڕیمۆن و چۆرعا و یەرموت؛ 30لە زانۆوەح و عەدولام و گوندەکانیان؛ لە لاخیش و کێڵگەکانی؛ و لە عەزێقا و دەوروبەری. ئیتر لە بیری شابەعەوە هەتا دۆڵی هینۆم نیشتەجێ بوون.

31بنیامینییەکانی خەڵکی گەڤەع لەم گوندانە نیشتەجێ بوون: لە میخماس، عەییا، بێت‌ئێل و دەوروبەری؛ 32لە عەناتۆت، نۆڤ و عەنانیا؛ 33لە حاچۆر، ڕامە و گیتەیم؛ 34لە حادید، چەڤۆعیم و نەڤەڵات؛ 35لە لۆد و ئۆنۆ، هەروەها لە دۆڵی پیشەوەرەکان.

36هەندێک بەشی لێڤییەکانی یەهودا لە خاکی بنیامین نیشتەجێ بوون.