نەحەمیا 1 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

نەحەمیا 1:1-11

نزای نەحەمیا

1یاداشتی نەحەمیای کوڕی حەخەلیا:

ئەوە بوو لە مانگی کیسلێڤ1‏:1 مانگی کیسلێڤ لە ناوەڕاستی تشرینی دووەمەوە هەتا ناوەڕاستی کانونی یەکەمە.‏ لە ساڵی بیستەم، کاتێک لە قەڵای شوش بووم، 2حەنانی کە یەکێکە لە براکانم لەگەڵ چەند پیاوێک لە یەهوداوە هاتن، منیش لەبارەی ئەو جولەکانەی دەربازبوون، ئەوانەی لەدوای ڕاپێچکردنەکە مانەوە، لەبارەی ئۆرشەلیمەوە پرسیارم لێکردن.

3پێیان گوتم کە ئەوانەی لەدوای ڕاپێچکردنەکە ماونەتەوە لەوێ لە هەرێمەکە لە تەنگانەیەکی گەورە و لە ڕیسوایی دان، شووراکانی ئۆرشەلیم ڕووخاون و دەروازەکانیشی سووتێنراون.

4کاتێک گوێم لەم قسانە بوو، دانیشتم و گریام، چەند ڕۆژێک لەبەردەم خودای ئاسمان شینم گێڕا و لە ڕۆژووگرتن و نزاکردندا بووم. 5دوای ئەوە گوتم:

«ئەی یەزدان، خودای ئاسمان، ئەی خودای مەزن و سامناک، ئەی ئەوەی پەیمانی خۆشەویستییەکەت دەبەیتەسەر بۆ خۆشەویستانت و بۆ ئەوانەی فەرمانەکانت جێبەجێ دەکەن، 6تکایە، با گوێیەکانت شل و چاوەکانت کراوەبن بۆ گوێگرتن لە نزای خزمەتکارەکەت، ئەوەی شەو و ڕۆژ لە پێناوی نەوەی ئیسرائیلی خزمەتکارەکانت لەبەردەمتدا دەیکات. دان بە گوناهەکانی نەوەی ئیسرائیلدا دەنێم، کە گوناهمان بەرامبەر بە تۆ کرد، هەروەها من و ماڵی باوکیشم گوناهمان کرد. 7بە تەواوی بەرامبەر بە تۆ گەندەڵ بووین. فەرمان و فەرز و حوکمەکانی تۆمان بەجێنەهێنا کە بە موسای خزمەتکارت دا.

8«تکایە ئەو فەرمایشتەت بەبیر بهێنەرەوە کە فەرمانت پێی کرد کاتێک بە موسای خزمەتکارت فەرموو: ”ئەگەر ئێوە ناپاکی بکەن من بەناو گەلاندا پەرتەوازەتان دەکەم، 9بەڵام ئەگەر بگەڕێنەوە بۆ لام و فەرمانەکانم بپارێزن و کاریان پێ بکەن، ئەوا ئەگەر دوورخراوەکانتان لەوپەڕی زەویش بن، لەوێوە کۆیان دەکەمەوە و دەیانهێنمە ئەو شوێنەی کە بۆ نیشتەجێبوونی ناوەکەم هەڵبژاردووە.“

10«ئەوانە خزمەتکارانی تۆ و گەلی تۆن کە بە هێزە گەورەکەت و دەستە بە تواناکەت ئەوانت کڕییەوە. 11ئەی پەروەردگار، لێت دەپاڕێمەوە، تکایە با گوێت شل بێت بۆ نزای خزمەتکارەکەت و پاڕانەوەی ئەو خزمەتکارانەت کە خوازیارن لە ناوەکەت بترسن. تکایە ئەمڕۆ خزمەتکارەکەت سەرکەوتوو بکە و لەبەردەم ئەم پیاوەدا بەزەیی پێ ببەخشە.»

منیش ساقی پاشا بووم.