ناحوم 3 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

ناحوم 3:1-19

قوڕبەسەر نەینەوا

1ئەی شاری خوێن، قوڕبەسەرت،

سەراپای درۆیە،

پڕ لە تاڵانە،

نێچیری لێ نابڕێت!

2شریقەی قامچی،

خشەخشی چەرخ،

غاردانی ئەسپ و

هەڵبەزینی گالیسکە!

3سوارەکان پێشدەکەون،

بڵێسەی شمشێر و

بروسکەی ڕم!

زۆری برینداران و

زۆری کوژراوان،

تەرمی بێشومار،

خەڵکی ساتمە لە تەرمەکان دەکەن.

4هەموو ئەمانە لەبەر زۆری داوێنپیسی لەشفرۆشەکەیە،

ڕوخسار جوان و جادووگەرە گەورەکە،

ئەوەی بە داوێنپیسییەکەی نەتەوەکانی کردە کۆیلە،

بە جادووگەرییەکەی خێڵەکان.

5یەزدانی سوپاسالار دەفەرموێت: «من لە دژی تۆم.

دامێنت هەڵدەبڕم بۆ سەر ڕووت،

ڕووتیت پیشانی نەتەوەکان دەدەم و

پاشایەتییەکانیش شەرمەزاریت دەبینن.

6پیسایی فڕێدەدەمە سەرت،

ڕیسوات دەکەم و

دەتکەمە دیمەنێکی گاڵتەجاڕی.

7جا هەرکەسێک بتبینێت لێت ڕادەکات و دەڵێت:

”نەینەوا کاول بوو، کێ بۆی دەگریێت؟“

لەکوێ کەسێک ببینمەوە دڵنەواییت بکات؟»

8ئایا لە شاری تیب چاکتریت،

دانیشتووی سەر نیل،

ئاو چواردەوری دابوو؟

ئەوەی ڕووبارەکە دەیپاراست،

ئاوەکان شوورای بوون.

9کوش3‏:9 وڵاتێک بووە لە سەرووی ڕووباری نیل.‏ و میسر هێزی لە ڕادەبەدەری بوون،

پووت و لیبییەکان هاوپەیمانی بوون.

10بەڵام ئەو بە دیل گیرا و

ڕاپێچ کرا،

منداڵەکانی پارچەپارچە کران

لەسەر سووچی هەموو شەقامێک.

لەسەر پیاوماقوڵانی تیروپشک کرا و

هەموو گەورە پیاوانی کۆت و زنجیر کران.

11هەروەها تۆش سەرخۆش دەبیت،

خۆت دەشاریتەوە و

لە پەنایەک دەگەڕێیت لە دەستی دوژمن.

12هەموو قەڵاکانت وەک داری هەنجیرن

بە یەکەم بەرەوە،

کە بتەکێن بەردەبنەوە

بۆ ناو دەمی ئەو کەسەی دەیخوات.

13تەماشای سەربازەکانت بکە،

هەموویان وەک ژنن!

دەروازەکانی خاکەکەت

بۆ دوژمنانت دەخرێنە سەر پشت،

ئاگر شمشیرەی3‏:13 شمشیر، پارچە دارێک بووە لە جیاتی قوفڵ لە دواوەی دەرگا بە شێوەی ئاسۆیی دانراوە بۆ داخستنی دەرگا.‏ دەروازەکانت هەڵدەلووشێت.

14ئاو بکێشەوە بۆ کاتی گەمارۆدراویت،

قەڵاکانت بەهێز بکە!

بڕۆ ناو قوڕەوە،

قوڕ بشێلە و

خشتبڕەکانت توندوتۆڵ بکە!

15لەوێدا ئاگر دەتخوات،

شمشێر دەتبڕێت و

وەک پۆلە کوللە دەتخوات.

وەک پۆلە کوللە زیادبە،

زیادبە وەک پێکوڕە!

16بازرگانەکانی خۆت

لە ئەستێرەکانی ئاسمان زۆرتر کرد،

بەڵام وەک کوللە خاکەکە ڕووت دەکەنەوە و دەفڕن.

17پاسەوانەکانت وەک کوللەن،

ئەفسەرەکانت وەک ڕەوە کوللەن،

کە لە ڕۆژێکی سارد لەسەر دیوار هەڵنیشتوون،

بەڵام کە خۆر هەڵهات دەفڕن،

کەس نازانێ بەرەو کوێ چوون.

18ئەی پاشای ئاشور، شوانەکانت خەوتن،

گەورە پیاوانت پاڵکەوتن پشوو بدەن.

گەلەکەت لەسەر چیاکان پەرتەوازە بوون،

کەس نییە کۆیان بکاتەوە.

19شکانەکەت ناگیرێتەوە،

برینەکەت ساڕێژ نابێت.

هەموو ئەوانەی هەواڵی تۆ دەبیستن

لە خۆشیدا چەپڵە لێ دەدەن،

چونکە کێ نەیچێشتووە

خراپەی بەردەوامی تۆ؟