ناحوم 2 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

ناحوم 2:1-13

پاشایەتی نەینەوا دەڕووخێنرێت

1ئەی نەینەوا، پەلاماردەر لە دژی تۆ هات.

قەڵاکە بپارێزە،

چاودێری ڕێگاکە بکە،

بازووی لێ هەڵبکە،

توانای زۆر بخەرە گەڕ!

2یەزدان سەروەری یاقوب دەگەڕێنێتەوە

وەک سەروەری ئیسرائیل،

هەرچەندە تاڵانکەران تاڵانیان کردن و

ڕەزەمێوەکانیان تێکدان.

3قەڵغانی پاڵەوانەکانی ئاڵ هەڵگەڕاون،

قارەمانەکانی لە بەرگی سووردان،

لە ڕۆژی خۆ ئامادەکردنیاندا

پۆڵای گالیسکەکان بریسکە دەداتەوە،

ئەو ڕمانەی لە دار سنەوبەر دروستکراون دەلەرنەوە.

4گالیسکەکان لە شەقامەکان تیژڕەون،

لە گۆڕەپانەکان سەرەڕۆن.

دیمەنیان وەک مەشخەڵە،

وەک بروسک غار دەدەن.

5نەینەوا پاڵەوانەکانی بانگ دەکات،

بەڵام ساتمە دەکەن و لە ڕۆیشتنیاندا دەکەون.

پەلە دەکەن بۆ لای شووراکانی و

قەڵغانەکان ئامادە کراون.

6دەروازەکانی ڕووبار دەکرێنەوە و

کۆشکەکە دەڕمێت.

7بە فەرمانی خودا بە دیل دەگیرێت و

ڕاپێچ دەکرێت.

کەنیزەکانی هەروەک کۆتر دەگمێنن،

سنگیان دەکوتن.

8نەینەوا وەک حەوزێکی وشکبووە.

هاوار دەکەن، «ڕاوەستن! ڕاوەستن!»

بەڵام کەس ئاوڕ ناداتەوە.

9«زیو تاڵان بکەن!

زێڕ تاڵان بکەن!

گەنجینەکانی لەبن نایەن،

پڕە لە گەوهەری بەهادار.»

10چۆڵ و تاڵانکراو و داماڵراوە،

دڵ دەتوێتەوە و ئەژنۆکان شلن،

هەموویان دەلەرزن، ڕەنگیان دەپەڕێت.

11کوا لانەی شێرەکان،

لەوەڕگای بەچکە شێران؟

لەوێدا شێر و شێرە مێ دەگەڕان

لەگەڵ بەچکە شێر، هیچ شتێک نەیدەترساندن.

12شێر بۆ پێویستی بەچکەکانی پەلاماری دەدا و

نێچیرەکەی بۆ شێرە مێیەکەی دەخنکاند،

ئەشکەوتەکەی پڕ دەکرد لە نێچیر،

لانەکانیشی لەوانەی پەلاماری داون.

13یەزدانی سوپاسالار دەفەرموێت:

«من لە دژی تۆم.

گالیسکەکانت دەسووتێنم و دەبنە دووکەڵ،

بەچکە شێرەکانیشت شمشێر دەیانخوات و

نێچیرت لەسەر زەوی لێ دەبڕم.

ئیتر دەنگی نێردراوەکانت نابیسترێن.»