مەرقۆس 13 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

مەرقۆس 13:1-37

نیشانەکانی کۆتایی زەمان

1کاتێک عیسا لە پەرستگا دەهاتە دەرەوە، یەکێک لە قوتابییەکانی پێی گوت: «مامۆستا تەماشا بکە! چ جۆرە بەرد و چ جۆرە تەلارێکن!»

2عیساش پێی فەرموو: «ئەم تەلارە مەزنانە دەبینیت؟ لێرەدا بەردی بەسەر بەردیەوە نامێنێت و هەمووی دەڕووخێت.»

3کاتێک عیسا لەسەر کێوی زەیتوون بەرامبەر پەرستگاکە دانیشتبوو، پەترۆس و یاقوب و یۆحەنا و ئەندراوس بە تەنها لێیان پرسی: 4«پێمان بڵێ کەی ئەمانە ڕوودەدەن؟ هەروەها ئەو نیشانەیە چییە کە ئاماژە بە نزیکبوونەوەی ڕوودانی ئامانە دەکات؟»

5عیسا وەڵامی دانەوە: «ئاگاداربن، کەس چەواشەتان نەکات. 6زۆر کەس بە ناوی منەوە دێن و دەڵێن، ”من ئەوم.“ زۆر کەسیش چەواشە دەکەن. 7کاتێک جەنگ و هەواڵی جەنگیش دەبیستن مەتۆقن. دەبێت ئەمە ڕووبدات، بەڵام هێشتا کۆتایی نییە. 8نەتەوە لە نەتەوە ڕاست دەبێتەوە و شانشین لە شانشین. قاتوقڕی و بوومەلەرزەش لە شوێنی جیاجیا دەبێت. بەڵام ئەمانە سەرەتای ژانەکانن.

9«ئاگاداری خۆتان بن، چونکە دەدرێنە دادگا و لە کەنیشتەکان بە قامچی لێتان دەدرێت. لە پێناوی مندا لەبەردەم فەرمانڕەوا و پاشایان ڕادەوەستێنرێن، وەک شایەتی بۆ ئەوان. 10هەروەها دەبێ یەکەم جار مزگێنییەکەم بە هەموو نەتەوەکان ڕابگەیەنرێت. 11کاتێکیش دەتانگرن و ڕادەستتان دەکەن، پێشوەخت نیگەران مەبن لەوەی چی بڵێن، بەڵکو لەو کاتەدا چیتان پێ دەدرێت بەوە بدوێن، چونکە ئێوە نین دەدوێن، بەڵکو ڕۆحی پیرۆزە.

12«برا برای خۆی بۆ مردن بە دەستەوە دەدات، باوکیش منداڵی خۆی. منداڵان لە دایک و باوکیان هەڵدەگەڕێنەوە و بە کوشتنیان دەدەن. 13لەبەر ناوی من هەمووان ڕقیان لێتان دەبێتەوە، بەڵام ئەوەی هەتا کۆتایی دانبەخۆیدا بگرێت، ڕزگاری دەبێت.

گەورەترین تەنگانە

14«کاتێک ﴿قێزەونی وێرانکەر﴾13‏:14 دانیال 9‏:27؛ 11‏:31؛ 12‏:11 دەبینن لەو جێگایە ڕاوەستاوە کە نابێت لێی بێ (با خوێنەر تێبگات)، ئینجا با ئەوانەی لە یەهودیان بەرەو چیاکان ڕابکەن، 15ئەوەی لە سەربانە، با نەیەتە خوارەوە و نەچێتە ژوورەوە تاکو شتێک لە ماڵەوە ببات، 16هەروەها ئەوەی لە کێڵگەیە با نەگەڕێتەوە تاکو جلەکەی ببات. 17لەو ڕۆژانەدا قوڕبەسەر دووگیان و شیردەر! 18نوێژ بکەن تاکو ئەوە لە زستاندا نەبێت، 19چونکە لەو ڕۆژانەدا تەنگانەیەک ڕوودەدات کە هەر لە سەرەتای دروستکردنی بەدیهێنراوانەوە لە لایەن خودا هەتا ئێستا ئاوا نەبووە و نابێت.

20«ئەگەر پەروەردگار ئەو ڕۆژانەی کەم نەکردایەوە، کەس ڕزگاری نەدەبوو. بەڵام لە پێناوی ئەو هەڵبژێردراوانەی13‏:20 بڕوانە نامەی ڕۆما بەشی 9 تاکو 11.‏ کە ئەو هەڵیبژاردوون، ئەو ڕۆژانەی کەم کردووەتەوە. 21ئەگەر ئەو کاتە یەکێک پێی گوتن: ”ئەوەتا مەسیح لێرەیە!“ یان: ”ئەوەتا لەوێیە!“ باوەڕ مەکەن، 22چونکە چەند مەسیحێکی درۆزن و پێغەمبەرانی درۆزن13‏:22 کەسانێک بانگەشەی ئەوە دەکەن کە مەسیحن یان پێغەمبەرن.‏ دەردەکەون، نیشانە و پەرجوو دەکەن، تاکو ئەگەر بکرێ تەنانەت ئەوانەی هەڵبژێردراون هەڵبخەڵەتێنن. 23بەڵام ئاگاداربن، ئەوا پێشوەخت هەموو شتێکم پێ گوتن.

هاتنەوەی عیسا

24«بەڵام لەو ڕۆژانەدا، دوای ئەو تەنگانەیە،

«﴿خۆر تاریک دەبێت و

مانگ ڕووناکییەکەی نادات،

25ئەستێرەکان لە ئاسمان دەکەون،

تەنی ئاسمانی دەهەژێن.﴾13‏:25 ئیشایا 13‏:10؛ 34‏:4

26«ئەوسا کوڕی مرۆڤ دەبینن بە هێزێکی گەورە و شکۆوە لەناو هەورەوە دێت.13‏:26 بڕوانە دانیال 7‏:13 27ئینجا فریشتەکان دەنێرێت و ئەوانەی هەڵبژێردراون لە چوار بایەکە13‏:27 بڕوانە مەتا 24‏:31 کۆدەکاتەوە، لەم سەری زەوییەوە هەتا ئەو سەری ئاسمان.

28«پەند لە دار هەنجیر وەربگرن، کاتێک لقەکانی نەرم بوون و گەڵایان کرد، دەزانن هاوین نزیکە. 29بە هەمان شێوە، کاتێک ئێوەش دەبینن ئەم شتانە ڕوودەدات، بزانن کە نزیکە و لە بەردەرگایە. 30ڕاستیتان پێ دەڵێم: ئەم نەوەیە بەسەرناچێت هەتا هەموو ئەمانە نەیەنە دی. 31ئاسمان و زەوی بەسەردەچن، بەڵام وشەکانم هەرگیز بەسەرناچن.

کەس ئەو کاتە نازانێت

32«سەبارەت بەو ڕۆژ و کاتە کەس نایزانێت، نە فریشتەکان کە لە ئاسمانن و نە کوڕەکە، باوک نەبێت. 33کەواتە ئاگاداربن و ئێشک بگرن، چونکە نازانن کەی ئەو کاتە دێت. 34وەک پیاوێکە گەشتی کردبێت، ماڵەکەی بەجێهێشتبێت و دەسەڵاتی دابێتە کۆیلەکانی، هەریەکە و بە ئیشی خۆی، دەرگاوانیشی ڕاسپاردبێت ئێشک بگرێت.

35«لەبەر ئەوە ئێشک بگرن، چونکە نازانن کەی گەورەی ماڵ دەگەڕێتەوە، ئێوارە یان نیوەی شەو، یان لەگەڵ خوێندنی کەڵەشێر، یان بەیانی. 36نەوەک لەناکاو بگەڕێتەوە و بتانبینێت خەوتوون. 37جا ئەوەی بە ئێوەی دەڵێم، بە هەمووانی دەڵێم: ئێشک بگرن!»