نموونەی ڕەزەوانە کرێگرتەکان
1عیسا بە نموونە دەستی کرد بە قسەکردن بۆیان: «کابرایەک ڕەزێکی چاند، پەرژینێکی بە دەوریدا کرد، چاڵێکی بۆ ترێ گوشین تێدا هەڵکەند و قوللەیەکی چاودێری بنیاد نا. بە ڕەزەوانانی سپارد و گەشتی کرد. 2لە وەرزی خۆیدا خزمەتکارێکی بۆ لای ڕەزەوانەکان نارد، تاکو بەرهەمی ڕەزەکە لە ڕەزەوانەکان وەربگرێت. 3بەڵام گرتییان و لێیاندا و بە دەستی بەتاڵ ناردییانەوە. 4دیسان خزمەتکارێکی دیکەی بۆ لایان نارد، سەری ئەمیشیان شکاند و سووکایەتییان پێ کرد. 5یەکێکی دیکەشی نارد، ئەویشیان کوشت. زۆر خزمەتکاری دیکەشی نارد، لە هەندێکیان دا و هەندێکیان کوشت.
6«تەنها کوڕە خۆشەویستەکەی مابوو، لە کۆتاییدا ئەویشی بۆ لایان نارد و گوتی: ”ڕێزی کوڕەکەم دەگرن.“
7«بەڵام ئەو ڕەزەوانانە بە یەکتریان گوت: ”ئەوەتا میراتگر، با بیکوژین، تاکو ببینە میراتگر.“ 8ئینجا گرتیان و کوشتیان و فڕێیان دایە دەرەوەی ڕەزەکە.
9«خاوەنی ڕەزەکە چی دەکات؟ دێت و ئەم ڕەزەوانانە لەناودەبات و ڕەزەکە دەداتە خەڵکی دیکە. 10ئەم نووسراوە پیرۆزەتان نەخوێندووەتەوە:
«﴿ئەو بەردەی وەستاکان ڕەتیان کردەوە،
بوو بە گرنگترین بەردی بناغە12:10 بەردێکی گەورەیە کە لە گۆشەی دیوار دادەنرێت، لەو بەردانە بەهێزترە کە لە دیوارەکە بەکاردێت و دەبێتە هۆی بەهێزکردنی دیوارەکە..
11ئەمە لەلایەن یەزدانەوە بوو،
لەبەرچاومان سەیرە﴾12:11 زەبوورەکان 118:22،23.؟»
12کاهینانی باڵا دەیانویست بیگرن، چونکە زانییان نموونەکەی لەسەر ئەوان فەرموو، بەڵام لە خەڵکەکە ترسان، ئیتر وازیان لێ هێنا و ڕۆیشتن.
سەرانەدان بە قەیسەر
13کاهینانی باڵا هەندێک لە فەریسییەکان و هێرۆدسییەکانیان ناردە لای عیسا، تاکو بە وشەیەکی تووشی بکەن. 14هاتن و پێیان گوت: «مامۆستا، دەزانین تۆ ڕاستگۆیت و لە کەس سڵ ناکەیتەوە، چونکە تەماشای ڕواڵەتی خەڵک ناکەیت، بەڵکو بە ڕاستی ڕێگای خودا فێر دەکەیت. دروستە سەرانە بدرێتە قەیسەر یان نا؟ بیدەین یان نا؟»
15بەڵام عیسا بە دووڕوویی ئەوانی زانی و پێی فەرموون: «بۆچی تاقیم دەکەنەوە؟ دینارێکم بۆ بهێنن با بیبینم.» 16هێنایان و پێی فەرموون: «ئەم وێنە و نووسینە هی کێیە؟»
وەڵامیان دایەوە: «هی قەیسەر.»
17عیساش پێی فەرموون: «هی قەیسەر بدەنە قەیسەر، هی خوداش بدەنە خودا.»
ئیتر زۆر پێی سەرسام بوون.
زیندووبوونەوەی مردووان
18سەدوقییەکان12:18 چینێکی جولەکە بوون کە زۆربەیان کاهین بوون، باوەڕیان بە فریشتە و هەستانەوە نەبوو.، ئەوانەی کە دەڵێن هەستانەوە نییە، هاتنە لای و پرسیاریان لێکرد: 19«مامۆستا، موسا بۆی نووسیوین12:19 بڕوانە دواوتار 25:5-10.، ئەگەر یەکێک براکەی بە وەجاخکوێری مرد و ژنەکەی لەپاش خۆی بەجێهێشت، ئەوا براژنەکەی دەخوازێتەوە و وەچە بۆ براکەی دەخاتەوە. 20حەوت برا هەبوون، یەکەمیان ژنی هێنا و بە وەجاخکوێری مرد. 21دووەم خواستییەوە و بە وەجاخکوێری مرد، سێیەمیش ئاوا. 22هەر حەوتەکە وەجاخکوێر بوون، لەدوای هەموویان ژنەکەش مرد. 23ئایا لە ڕۆژی زیندووبوونەوەدا دەبێتە ژنی کامیان؟ چونکە ژنی هەر حەوتیان بووە.»
24عیساش پێی فەرموون: «ئایا ئێوە هەڵە نین، چونکە نە لە نووسراوە پیرۆزەکان دەزانن و نە لە هێزی خودا؟ 25کاتێک لە مردن هەڵدەستێنرێنەوە، نە ژن دەهێنن و نە مێرد دەکەن، بەڵکو وەک فریشتە لە ئاسمان دەبن. 26بەڵام دەربارەی مردووان کە هەڵدەستنەوە، ئایا لە پەڕتووکی موسادا نەتانخوێندووەتەوە، چۆن لە دەوەنەکەدا خودا پێی فەرموو: ﴿من خودای ئیبراهیم و خودای ئیسحاق و خودای یاقوبم﴾؟12:26 دەرچوون 3:6. 27ئەو خودای مردووان نییە، بەڵکو هی زیندووانە. زۆر بە هەڵەدا چوونە!»
گەورەترین ڕاسپاردە
28یەکێک لە مامۆستایانی تەورات هات، گوێی لە گفتوگۆکەیان بوو، بینی عیسا وەڵامێکی باشی دانەوە، لێی پرسی: «چ ڕاسپاردەیەک لە هەموویان گرنگترە؟»
29عیسا وەڵامی دایەوە: «لە هەموویان گرنگتر ئەمەیە: ﴿ئەی ئیسرائیل گوێ بگرن، یەزدانی پەروەردگارمان یەک یەزدانە، 30جا بە هەموو دڵ و بە هەموو گیان و بە هەموو بیر و بە هەموو تواناتانەوە یەزدانی پەروەردگارتان خۆشبوێ.﴾12:30 دواوتار 6:4، 5. 31لەدوای ئەویش ئەمەیە، ﴿نزیکەکەت وەک خۆت خۆشبوێت،﴾12:31 لێڤییەکان 19:18. هیچ ڕاسپاردەیەک لەم دوو ڕاسپاردەیە گرنگتر نییە.»
32مامۆستاکەی تەوراتیش پێی گوت: «ڕاستە مامۆستا، ڕاستت فەرموو کە یەک خودا هەیە و بێجگە لە ئەو هیچ خودایەکی دیکە نییە. 33خۆشویستنی ئەویش بە هەموو دڵ و بە هەموو تێگەیشتن و بە هەموو تواناوە، هەروەها خۆشویستنی نزیکەکەت وەک خۆت، لە هەموو جۆرە قوربانی سووتاندن و پێشکەشکراوێک باشترە.»
34عیسا بینی بە داناییەوە وەڵامی دایەوە، پێی فەرموو: «لە پاشایەتی خوداوە دوور نیت.» ئیتر کەس نەیوێرا هیچ پرسیارێکی دیکەی لێ بکات.
مەسیح و داود
35کاتێک عیسا لە حەوشەکانی پەرستگا خەڵکی فێر دەکرد فەرمووی: «مامۆستایانی تەورات چۆن دەڵێن: ”مەسیح کوڕی داودە“؟ 36داود خۆی بە سروشی ڕۆحی پیرۆز گوتی:
«﴿یەزدان بە خاوەن شکۆی منی فەرموو:
”لە دەستەڕاستم دابنیشە
هەتا دوژمنانت دەخەمە ژێر پێت.“﴾12:36 زەبوورەکان 110:1.
37داود خۆی پێی دەڵێ ”خاوەن شکۆ“، ئیتر چۆن دەبێتە کوڕی؟»
خەڵکەکە زۆر بە خۆشییەوە گوێیان لێی دەگرت.
ئاگادارکردنەوە لە مامۆستایانی تەورات
38لە فێرکردنەکەیدا دەیفەرموو: «ئاگاداری مامۆستایانی تەورات بن، حەز دەکەن بە جلی شۆڕەوە بگەڕێن و پێیان خۆشە لە بازاڕدا سڵاویان لێ بکرێت، 39لە کەنیشتەکان ڕیزی پێشەوە بگرن و لە میوانیشدا لای سەرەوە. 40ماڵی بێوەژن هەڵدەلووشن و بۆ خۆدەرخستن نوێژەکانیان درێژ دەکەنەوە. ئەمانە سزایان گەورەترە.»
بەخشینی بێوەژن
41عیسا بەرامبەر گەنجینەی پەرستگا دانیشت و سەیری کرد چۆن خەڵکی پارەیان دەخەنە ناو گەنجینەکەوە، زۆرێک لە دەوڵەمەندەکان پارەی زۆریان دادەنا. 42بێوەژنێکی هەژار هات و دوو فلسی دانا کە نیو عانەیە12:42 یۆنانی: کودرانتیس. یەک لە 64 بەشی دینارێک..
43قوتابییەکانی بانگکرد و پێی فەرموون: «ڕاستیتان پێ دەڵێم، ئەم بێوەژنە هەژارە، لە هەموو ئەوانەی دیکە پارەی زیاتر خستە ناو گەنجینەکە، 44چونکە هەمووان لە زیادەی خۆیان بەخشییان، بەڵام ئەم بێوەژنە، سەرەڕای هەژارییەکەی هەموو بژێوییەکەی بەخشی.»