مەرقۆس 11 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

مەرقۆس 11:1-33

کەژاوەی پاشایانە

1کاتێک لە ئۆرشەلیم نزیک بوونەوە، لە بێت‌فاجی و بێت‌عەنیا لەلای کێوی زەیتوون، عیسا دووان لە قوتابییەکانی نارد، 2پێی فەرموون: «بڕۆنە ئەو گوندەی بەرامبەرتان، کاتێک دەچنە ناوی، دەبینن جاشکێک بەستراوەتەوە هەتا ئێستا کەس سواری نەبووە، بیکەنەوە و بیهێنن. 3ئەگەر یەکێک لێی پرسین: ”بۆ ئەمە دەکەن؟“ بڵێن: ”گەورەمان پێویستی پێیەتی، ئینجا زوو دەینێرێتەوە بۆ ئێرە.“»

4چوون و بینییان وا جاشکێک لەسەر ڕێگاکە، لەبەر دەرگای ماڵێک بەستراوەتەوە، ئەوانیش کردیانەوە. 5هەندێک کەس لەوێ ڕاوەستابوون، لێیان پرسین: «چی دەکەن، جاشکەکە دەکەنەوە؟» 6وەک ئەوەی عیسا پێی فەرمووبوون وەڵامیان دایەوە، ئیتر ڕێگایان دان. 7جاشکەکەیان بۆ عیسا هێنا و کەواکانیان خستە سەری، ئەویش سواری بوو. 8زۆر کەسیش کەواکانیان لەسەر ڕێگاکە ڕاخست، هەندێکیش لە باخەکان لقەداریان بڕیبووەوە. 9ئەوانەی لەپێشییەوە و ئەوانەش کە لەدوایەوە دەڕۆیشتن، هاواریان دەکرد:

«﴿هۆسانا!11‏:9 لە زمانی عیبری دەربڕینێکە بە واتای ڕزگارمان بکە، بووە هاواری ستایش‏.‏ پیرۆزە ئەوەی بە ناوی یەزدانەوە دێت!﴾11‏:9 زەبوورەکان 118‏:25‏،26.‏»

10«پیرۆزە ئەو شانشینەی داودی باوکمان کە دێت!»

«هۆسانا بۆ خودا!»

11عیسا چووە ناو ئۆرشەلیم بۆ ناو حەوشەکانی پەرستگا، تەماشای هەموو شتێکی دەوروبەری کرد، بەڵام لەبەر ئەوەی کات درەنگ بوو، لەگەڵ دوازدە قوتابییەکە چوونە دەرەوەی شار بۆ گوندی بێت‌عەنیا.

دار هەنجیری بێ بەر

12بۆ بەیانی کە بێت‌عەنیایان بەجێهێشت، عیسا برسی بوو. 13لە دوورەوە دار هەنجیرێکی بینی گەڵای کردبوو، بەرەو لای چوو بە ئومێدی ئەوەی شتێکی پێوە ببینێ. گەیشتە لای و لە گەڵا زیاتر هیچی پێوە نەبینی، چونکە وەرزی هەنجیر نەبوو. 14ئینجا پێی فەرموو: «ئیتر هەرگیز کەس لە بەرت ناخوات.» قوتابییەکانیشی گوێیان لێبوو.

پاککردنەوەی پەرستگا

15هاتنە ئۆرشەلیم و عیسا چووە ناو حەوشەکانی پەرستگا و دەستی کرد بە دەرکردنی ئەوانەی لەوێ خەریکی کڕین و فرۆشتن بوون، مێزی پارەگۆڕەوان و کورسی کۆترفرۆشانی سەرەوژێر کرد. 16نەیدەهێشت کەس بە شتومەکەوە بە ناو حەوشەکانی پەرستگادا تێبپەڕێت. 17فێری دەکردن و دەیفەرموو: «ئایا نەنووسراوە: ﴿ماڵەکەم بە ماڵی نوێژ ناودەبردرێت بۆ هەموو گەلان﴾11‏:17 ئیشایا 56‏:7‏.‏؟ بەڵام ئێوە کردووتانە بە ﴿ئەشکەوتی دزان!﴾11‏:17 یەرمیا 7‏:11‏.‏»

18کاهینانی باڵا و مامۆستایانی تەورات گوێیان لێبوو، بیریان دەکردەوە چۆن لەناوی ببەن، چونکە لێی دەترسان لەبەر ئەوەی هەموو خەڵکەکە لە فێرکردنەکانی سەرسام ببوون.

19کاتێک ئێوارە داهات، عیسا و قوتابییەکانی چوونە دەرەوەی شار.

دەربارەی هێزی باوەڕ

20بەیانی کە بەوێدا تێپەڕینەوە، دار هەنجیرەکەیان بینی لە ڕەگەوە وشک بووە. 21پەترۆس بیری کەوتەوە و گوتی: «ڕابی، سەیر بکە! دار هەنجیرەکەی نەفرەتت لێکرد، وشک بووە!»

22عیسا وەڵامی دایەوە: «باوەڕتان بە خودا هەبێت. 23ڕاستیتان پێ دەڵێم: ئەوەی بەم کێوە بڵێت ”هەڵبکەنرێ و بکەوە ناو دەریاوە،“ لە دڵدا گومان نەکات، بەڵکو باوەڕ بکات ئەوەی دەیڵێت دەبێت، ئەوا بۆی دەبێت. 24لەبەر ئەوە پێتان دەڵێم: هەموو ئەوەی داوای دەکەن و نوێژی بۆ دەکەن، باوەڕ بکەن کە وەرتانگرتووە، بۆتان دەبێت. 25کاتێک دەوەستن نوێژ بکەن، ئەگەر شتێکتان بەسەر یەکێکەوە هەبێت لێی خۆشبن، تاکو باوکیشتان ئەوەی کە لە ئاسمانە لە گوناهەکانتان خۆشبێت. 26[بەڵام ئەگەر ئێوە لێ خۆش نەبن، باوکی ئاسمانیشتان لە گوناهەکانتان خۆش نابێت.]»

دەسەڵاتی عیسا

27دیسان هاتنەوە ئۆرشەلیم، عیسا لە حەوشەکانی پەرستگا دەگەڕا، کاهینانی باڵا و مامۆستایانی تەورات و پیران هاتنە لای و 28لێیان پرسی: «ئەمانە بە چ دەسەڵاتێک دەکەیت؟ کێ ئەم دەسەڵاتەی بە تۆ داوە ئەم شتانە بکەیت؟»

29عیسا پێی فەرموون: «پرسیارێکتان لێ دەکەم، وەڵامم بدەنەوە، منیش پێتان دەڵێم بە چ دەسەڵاتێک ئەمانە دەکەم: 30لەئاوهەڵکێشانی یەحیا لە ئاسمانەوە بوو یان لە مرۆڤەوە؟ وەڵامم بدەنەوە!»

31لەنێو خۆیاندا کەوتنە ڕاوێژکردن و گوتیان: «ئەگەر بڵێین، ”لە ئاسمانەوە بوو،“ دەڵێت، ”باشە بۆچی باوەڕتان پێی نەکرد؟“ 32ئەگەریش بڵێین، ”لە مرۆڤەوە بوو“…» لە خەڵک دەترسان، چونکە یەحیا لەلای هەمووان بەڕاستی بە پێغەمبەر دادەنرا.

33ئینجا وەڵامی عیسایان دایەوە: «نازانین.»

عیساش پێی فەرموون: «منیش پێتان ناڵێم بە چ دەسەڵاتێک ئەمانە دەکەم.»