مەتا 9 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

مەتا 9:1-38

چاککردنەوەی ئیفلیجێک

1ئینجا عیسا سواری بەلەمێک بوو، پەڕییەوە و هاتەوە شارەکەی خۆی9‏:1 ناسیرە.‏. 2کابرایەکی ئیفلیجیان هێنایە لای لەناو جێگادا کەوتبوو، کاتێک عیسا باوەڕی ئەوانی بینی، بە ئیفلیجەکەی فەرموو: «کوڕم، ورەت بەرز بێت، گوناهەکانت بەخشران.»

3جا هەندێک لە مامۆستایانی تەورات لە دڵی خۆیاندا گوتیان: «ئەمە کفر دەکات!»

4عیساش زانی بیر لە چی دەکەنەوە و فەرمووی: «بۆچی لە دڵتاندا بیر لە خراپە دەکەنەوە؟ 5کامیان ئاسانترە بگوترێت، ”گوناهەکانت بەخشران،“ یان بگوترێت، ”هەستە و بڕۆ“؟ 6بەڵام بۆ ئەوەی بزانن کوڕی مرۆڤ لەسەر زەوی دەسەڵاتی گوناهبەخشینی هەیە،…» بە ئیفلیجەکەی فەرموو: «هەستە، نوێنەکەت هەڵگرە و بڕۆرەوە ماڵەوە.» 7ئەویش هەستا و گەڕایەوە ماڵ. 8کاتێک خەڵکەکە ئەمەیان بینی، سام دایگرتن و ستایشی خودایان کرد، کە دەسەڵاتی ئاوای بە مرۆڤ داوە.

عیسا بۆ گوناهباران هاتووە

9کاتێک عیسا بەوێدا تێدەپەڕی، پیاوێکی بینی لە شوێنی باجگری دانیشتبوو، ناوی مەتا بوو. پێی فەرموو: «دوام بکەوە.» ئەویش هەستا و دوای کەوت.

10لە کاتێکدا عیسا لە ماڵی مەتا لەسەر خوان بوو، زۆر لە باجگران و گوناهباران هاتن و لەگەڵ عیسا و قوتابییەکانی بۆ نانخواردن پاڵیاندایەوە. 11کە فەریسییەکان ئەمەیان بینی، بە قوتابییەکانی ئەویان گوت: «بۆچی مامۆستاکەتان لەگەڵ باجگر و گوناهباران نان دەخوات؟»

12جا کاتێک عیسا گوێی لێبوو، فەرمووی: «لەشساغ پێویستی بە پزیشک نییە، بەڵکو نەخۆش. 13بڕۆن و واتای ئەمە فێربن: ﴿من میهرەبانیم دەوێ نەک قوربانی.﴾9‏:13 هۆشەع 6‏:6 چونکە نەهاتووم ڕاستودروستان بانگهێشت بکەم، بەڵکو گوناهباران.»

لەبارەی ڕۆژووەوە

14ئینجا قوتابییەکانی یەحیا هاتنە لای عیسا و گوتیان: «بۆچی ئێمە و فەریسییەکان زۆر جار بەڕۆژوو دەبین، بەڵام قوتابییەکانی تۆ بەڕۆژوو نابن؟»

15عیسا پێی فەرموون: «ئایا بانگهێشتکراوانی زەماوەند دەتوانن شیوەن بگێڕن کاتێک زاوا لەگەڵیاندایە؟ بەڵام ڕۆژێک دێت زاوایان لێ دوور دەخرێتەوە، ئەوسا بەڕۆژوو دەبن.

16«کەس کراسی کۆن بە پەڕۆیەک کە نەچووبێتە ئاو پینە ناکات، چونکە پینەکە کراسەکە لێک ڕادەکێشێت و دڕاوییەکە خراپتر دەکات. 17شەرابی نوێش ناکەنە ناو مەشکەی کۆنەوە، ئەگینا مەشکەکە دەدڕێت، جا شەرابەکە دەڕژێت و مەشکەکەش لەناودەچێت. بەڵکو شەرابی نوێ دەکرێتە ناو مەشکەی نوێوە و هەردووکیان پارێزراو دەبن.»

زیندووکردنەوەی کچێک و چاککردنەوەی ژنێک

18کاتێک ئەمانەی دەفەرموو، یەکێک لە پێشەوایانی کەنیشت9‏:18 پێشەوای کەنیشت.‏ هات و کڕنۆشی بۆ برد و گوتی: «هەر ئێستا کچەکەم مرد، بەڵام وەرە دەستی لەسەر دابنێ، زیندوو دەبێتەوە.» 19عیساش هەستا و لەگەڵی چوو، قوتابییەکانیش دوایان کەوتن.

20هەر لەو کاتەدا ژنێک کە ماوەی دوازدە ساڵ بوو خوێنبەربوونی هەبوو، لە دواوە لێی نزیک بووەوە و دەستی لە چمکی کراسەکەی دا، 21چونکە لە دڵی خۆیدا گوتی: «ئەگەر تەنها دەست لە کراسەکەی بدەم، چاکدەبمەوە.»

22عیسا ئاوڕی دایەوە، بینی و فەرمووی: «کچم دڵنیابە، باوەڕەکەت تۆی چاککردەوە.» ژنەکە دەستبەجێ چاک بووەوە.

23کاتێک عیسا چووە ماڵی پێشەواکە، شیوەنگێڕان9‏:23 لەلای جولەکەکان باو بووە کە بە شمشاڵ لێدان شیوەن بۆ مردوو بگێڕن وەک سەردولکەبێژ.‏ و خەڵکێکی زۆری بینی کە دەنگەدەنگیان دەکرد، 24فەرمووی: «لاچن، کچەکە نەمردووە، بەڵکو نوستووە.» ئەوانیش پێی پێکەنین. 25کاتێک خەڵکەکە دەرکران، هاتە ژوورەوە و دەستی کچەکەی گرت، کچەش هەستایەوە. 26ئەم هەواڵەش بە هەموو ئەو ناوچەیەدا بڵاو بووەوە.

چاککردنەوەی دوو کەسی نابینا

27کاتێک عیسا بەوێدا تێدەپەڕی، دوو کەسی نابینا دوای کەوتن، هاواریان دەکرد و دەیانگوت: «کوڕی داود، بەزەییت پێماندا بێتەوە.»

28کاتێک هاتە ماڵەوە، کەسە نابیناکان هاتنە لای. عیساش پێی فەرموون: «باوەڕتان بەوە هەیە کە من بتوانم ئەمە بکەم؟»

وەڵامیان دایەوە: «بەڵێ گەورەم.»

29ئینجا ئەویش دەستی لە چاویان دا و فەرمووی: «با بەگوێرەی باوەڕتان بۆتان ببێت.» 30ئیتر بیناییان بۆ گەڕایەوە، عیساش بە توندی ئاگاداری کردنەوە: «ئاگاداربن با کەس نەزانێت.» 31بەڵام ئەوان ڕۆیشتن و هەواڵی ئەویان لە هەموو ناوچەکەدا بڵاوکردەوە.

لاڵێک دەکەوێتە قسەکردن

32کاتێک دوو کابراکە دەچوونە دەرەوە، چەند کەسێک لاڵێکیان هێنایە لای عیسا کە ڕۆحی پیسی تێدابوو. 33کاتێک ڕۆحە پیسەکە دەرکرا، لاڵەکە قسەی کرد. خەڵکەکەش سەرسام بوون و گوتیان: «هەرگیز شتی لەم جۆرە لە ئیسرائیلدا نەبینراوە.»

34بەڵام فەریسییەکان گوتیان: «بە شای ڕۆحە پیسەکان ڕۆحی پیس دەردەکات.»

دروێنەی زۆر و سەپانی کەم

35عیسا بە هەموو شار و گوندەکاندا دەگەڕا، لە کەنیشتەکانیان خەڵکی فێر دەکرد و مزگێنی پاشایەتییەکەی ڕادەگەیاند و هەموو نەخۆشی و نەساغییەکی چاک دەکردەوە. 36کاتێک خەڵکەکەی بینی دڵی پێیان سووتا، چونکە وەک مەڕی بێ شوان پەرێشان و سەرلێشێواو بوون. 37جا بە قوتابییەکانی فەرموو: «دروێنە زۆرە، بەڵام سەپان9‏:37 سەپان: پاڵە، وەرزێر، ئەو کەسەی دەغڵ و دان دەدروێتەوە. کەمە. 38لەبەر ئەوە داوا لە خاوەنی دروێنە بکەن تاکو سەپان بۆ دروێنەکەی بنێرێت.»