مەتا 3 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

مەتا 3:1-17

حەزرەتی یەحیا

1هەر لەو ڕۆژانەدا، یەحیای لەئاوهەڵکێش3‏:1 یەحیا بەم نازناوە ناسراوە بەهۆی ئەوەی کە لە ڕووباری ئوردون ئەو خەڵکەی لە ئاو هەڵدەکێشا کە تۆبەیان دەکرد.‏ یەحیا لە زمانی عیبریدا پێی دەگوترێت (یۆخەنا). لە دەشتی یەهودیا دەرکەوت و پەیامی خودای ڕادەگەیاند، 2دەیگوت: «تۆبە بکەن، چونکە پاشایەتی ئاسمان نزیک بووەتەوە.» 3یەحیا ئەو کەسەیە کە لە ڕێگەی پێغەمبەر ئیشایاوە دەربارەی گوتراوە:

﴿کەسێک لە چۆڵەوانی هاوار دەکات و دەڵێت:

«ڕێگا بۆ هاتنی یەزدان ئامادە بکەن،

ڕێچکەکانی بۆ ڕێکبخەن.»﴾3‏:3 ئیشایا 40‏:3

4جلوبەرگی یەحیا لە مووی وشتر بوو، پشتێنێکی چەرمیشی لە ناوقەدی دەبەست، خواردنیشی کوللە و هەنگوینی کێوی بوو. 5ئیتر خەڵکی ئۆرشەلیم و تەواوی یەهودیا و هەموو ناوچەکانی دەوروبەری ڕووباری ئوردون هاتنە لای، 6دانیان بە گوناهەکانیاندا دەنا و لەسەر دەستی ئەو لە ڕووباری ئوردون لە ئاو هەڵدەکێشران.

7کە بینی زۆر لە فەریسی3‏:7 مەزەبێکی جولەکە بوون، لە بەجێگەیاندنی تەورات توندڕەو بوون.‏ و سەدوقییەکان3‏:7 مەزەبێکی جولەکە بوون کە زۆربەیان کاهین بوون، باوەڕیان بە فریشتە و هەستانەوە نەبوو.‏ بۆ لەئاوهەڵکێشانەکەی3‏:7 یۆنانی: باپتسمە‏، بە واتای شوشتن دێت بۆ پاکبوونەوە لە گوناه، وەک (بسمیلکردن).‏ دێن، پێی گوتن: «ئەی بێچووە ماران، کێ ئاگاداری کردوونەتەوە لە دەست تووڕەیی داهاتوو هەڵبێن؟ 8با بەرهەمێکتان هەبێت لە تۆبەکردن بوەشێتەوە. 9پێتان وا نەبێت دەتوانن بەخۆتان بڵێن: ”ئیبراهیم باوکمانە.“ پێتان دەڵێم، خودا دەتوانێت لەم بەردانە نەوە بۆ ئیبراهیم دروستبکات. 10ئەوەتا تەور خراوەتە سەر ڕەگی دار، هەر دارێک بەرهەمی باش نەدات، دەبڕدرێتەوە و فڕێدەدرێتە ناو ئاگرەوە.

11«من بۆ تۆبەکردن لە ئاوتان هەڵدەکێشم، بەڵام ئەوەی لەدوای من دێت، لە من بەتواناترە، شایانی ئەوە نیم تەنانەت پێڵاوەکانیشی بۆ هەڵبگرم. ئەو لە ڕۆحی پیرۆز و لە ئاگرتان هەڵدەکێشێت3‏:11 بە واتای شوشتن دێت بۆ پاکبوونەوە لە گوناه بەهۆی ڕۆحی پیرۆز.‏. 12شەنی بەدەستەوەیە بۆ پاککردنەوەی جۆخینەکەی3‏:12 جۆخین یان سەرخەرمان ئەو زەوییە تەرخانکراوەیە کە لەلایەن وەرزێر و جوتیارەوە بەکارهێنراوە بۆ کوتانی دانەوێڵە لەسەری لەدوای کۆکردنەوەی لە کێڵگە.‏، گەنمەکە لە ئەمباردا کۆدەکاتەوە و قەسەڵەکەش3‏:12 قەسەڵ لاسکە وشکەکەیە کە دوای دروێنە دەمێنێتەوە، کاتێک قەسەڵەکە دەکوترێت دەبێت بە کا.‏ بە ئاگرێکی نەکوژاوە دەسووتێنێت.»

لەئاوهەڵکێشانی عیسا

13ئینجا عیسا لە ناوچەی جەلیلەوە هاتە سەر ڕووباری ئوردون، تاوەکو لەسەر دەستی یەحیا لە ئاو هەڵبکێشرێت. 14بەڵام یەحیا دەیویست ڕێی لێ بگرێت و دەیگوت: «من پێویستیم بەوەیە لەسەر دەستی تۆ لە ئاو هەڵبکێشرێم، کەچی تۆ دێیت بۆ لای من؟»

15عیساش وەڵامی دایەوە: «لە ئێستادا ڕێگا بدە بەم جۆرە بێت، چونکە ئاوا لە ئێمە دەوەشێتەوە بۆ ئەوەی هەموو ڕاستودروستییەک3‏:15 مەبەست ئەوەیە کە دەبێت هەموو شتێک بەگوێرەی خواستی خودا پەیڕەو بکرێت.‏ بێتە دی.» ئینجا ڕێی دا.

16هەرکە عیسا لە ئاو هەڵکێشرا، لە ئاوەکە هاتە دەرەوە. لەو ساتەدا ئاسمان کرایەوە و ڕۆحی خودای بینی وەک کۆترێک هاتە خوارەوە و لەسەری نیشتەوە. 17دەنگێکیش لە ئاسمانەوە فەرمووی: «ئەمە کوڕی خۆشەویستمە، ئەوەی زۆر پێی دڵشادم.»