مەتا 26 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

مەتا 26:1-75

پیلانگێڕی بۆ کوشتنی عیسا

1کاتێک عیسا ئەم وتانەی هەموو تەواو کرد، بە قوتابییەکانی خۆی فەرموو: 2«دەزانن جەژنی پەسخە26‏:2 جەژنێکی جولەکەیە، یادی ڕزگاربوونی گەلی ئیسرائیلە لە میسر لە نزیکەی 1400 ساڵ پ. ز. بە ڕابەرایەتی موسا. بڕوانە دەرچوون 12‏:1‏-50.‏ دوو ڕۆژی ماوە. کوڕی مرۆڤیش بە گرتن دەدرێت تاکو لە خاچ بدرێت.»

3ئینجا کاهینانی باڵا و پیرانی گەل لە کۆشکی سەرۆکی کاهینان کە ناوی قەیافا بوو کۆببوونەوە، 4پێکەوە تەگبیریان دەکرد بۆ ئەوەی بە فێڵێک عیسا بگرن و بیکوژن. 5گوتیان: «با لە جەژندا نەبێت، نەوەک ئاژاوە بکەوێتە ناو خەڵک.»

ئامادەکردنی عیسا بۆ ناشتنی

6کاتێک عیسا لە گوندی بێت‌عەنیا لە ماڵی شیمۆنە گول بوو، 7ژنێک بە بوتڵێکی ئەلەباستەریی26‏:7 لە بەردی ئەلەباستەر دروستکرابوو، ئەم جۆرە بەردە لە میسر هەیە بۆ تاشین ئاسانە و ڕەنگەکەی قاوەییە.‏ بۆنی گرانبەهاوە بۆ لای هات و بۆنەکەی بەسەریدا ڕژاند کە لەسەر خوان بوو.

8کاتێک قوتابییەکان ئەمەیان بینی، تووڕە بوون و گوتیان: «ئەم دەستبڵاوییەی بۆ چییە؟ 9دەکرا ئەو بۆنە بە نرخێکی گران بفرۆشرایە و پارەکەی بدرایە بە هەژاران.»

10عیسا بەمەی زانی و پێی فەرموون: «بۆچی ئەم ژنە بێزار دەکەن؟ شتێکی چاکی بۆ من کرد. 11هەژاران هەمیشە لەگەڵتانن، بەڵام من هەمیشە لەلاتان نیم. 12کاتێک ئەو ئەم بۆنەی بەسەر لەشمدا ڕژاند، بۆ ئامادەکردنم بۆ ناشتن ئەمەی کرد. 13ڕاستیتان پێ دەڵێم: لە هەر شوێنێکی جیهاندا ئەم مزگێنییە ڕابگەیەنرێت، وەک یادکردنەوەیەک باسی ئەوەش دەکرێت کە ئەم ژنە کردوویەتی.»

ناپاکی یەهوزا

14ئینجا یەکێک لە دوازدە قوتابییەکە کە ناوی یەهوزای ئەسخەریوتی بوو، چوو بۆ لای کاهینانی باڵا، 15گوتی: «چیم دەدەنێ تاکو بیدەمە دەستتان؟» ئەوانیش سی دراوی زیویان بۆ ژمارد. 16ئیتر لەو کاتەوە یەهوزا بۆ هەلێک دەگەڕا تاکو عیسا بە گرتن بدات.

جەژنی پەسخە

17لە یەکەم ڕۆژی جەژنی فەتیرەدا26‏:17 ناوێکی دیکەیە بۆ جەژنی پەسخە، بە یادی ڕۆژانی ئاوارەیی لە میسر نانی فەتیرەیان خواردووە.‏، قوتابییەکان هاتنە لای عیسا و لێیان پرسی: «دەتەوێ لەکوێ ئامادەکاریت بۆ بکەین تاکو نانی پەسخە بخۆیت؟»

18فەرمووی: «بڕۆنە ناو شار، بۆ لای فڵانە کەس، پێی بڵێن: ”مامۆستا دەفەرموێ، کاتم نزیک بووەتەوە، لەگەڵ قوتابییەکانم لەلای تۆ نانی پەسخە دەخۆم.“» 19قوتابییەکانیش فەرمانی عیسایان جێبەجێ کرد و نانی پەسخەیان ئامادە کرد.

20کە ئێوارە داهات، عیسا لەگەڵ دوازدە قوتابییەکە پاڵی دایەوە. 21کاتێک نانیان دەخوارد، فەرمووی: «ڕاستیتان پێ دەڵێم: یەکێکتان بە گرتنم دەدات.»

22ئەوانیش زۆر خەمبار بوون، هەریەکە پێیان گوت: «گەورەم، خۆ ئەو کەسە من نیم؟»

23وەڵامی دایەوە: «ئەوەی لەگەڵم دەست دەخاتە ناو قاپەکە، ئەو بە گرتنم دەدات. 24کوڕی مرۆڤ دەبێت وەک ئەوەی لەبارەیەوە نووسراوە بڕوات، بەڵام قوڕبەسەر ئەوەی کوڕی مرۆڤ بە گرتن دەدات! باشتر بوو بۆ ئەو کەسە هەر لەدایک نەبووایە.»

25ئینجا یەهوزا، ئەوەی بە گرتنی دەدات، وەڵامی دایەوە: «ڕابی، خۆ ئەو کەسە من نیم؟»

پێی فەرموو: «خۆت گوتت.»

دوایین شێوی مەسیح

26کاتێک نانیان دەخوارد، عیسا نانێکی هەڵگرت، سوپاسی خودای کرد و لەتی کرد، دایە قوتابییەکان و فەرمووی: «وەریبگرن و بیخۆن، ئەمە جەستەی منە.»

27ئینجا جامێکی هەڵگرت و سوپاسی خودای کرد، پێیدان و فەرمووی: «هەموو لێی بخۆنەوە، 28چونکە ئەمە خوێنی منە، خوێنی پەیمانەکەیە کە لە پێناوی خەڵکێکی زۆر بۆ گوناه بەخشین دەڕژێت. 29پێتان دەڵێم: لەمەودوا ئیتر لەم بەرهەمەی مێو ناخۆمەوە، هەتا ئەو ڕۆژە دێت کە سەر لە نوێ لە شانشینی باوکم لەگەڵتان دەیخۆمەوە.»

30ئینجا گۆرانیی ڕۆحییان26‏:30 خوێندنەوەی زەبوور لە شێوەی گۆرانی.‏ گوت و چوون بۆ دەرەوەی شار بۆ کێوی زەیتوون.

پێشبینی نکۆڵیکردنی پەترۆس

31ئینجا عیسا پێی فەرموون: «ئەمشەو بەهۆی ئەوەی بەسەرم دێت هەمووتان پشتم تێ دەکەن، چونکە نووسراوە:

«﴿لە شوانەکە دەدەم،

مەڕی مێگەلەکە پەرت دەبن.﴾26‏:31 زەکەریا 13‏:7

32بەڵام دوای هەستانەوەم، پێشتان دەکەوم بۆ جەلیل.»

33پەترۆس وەڵامی دایەوە: «ئەگەر لەوەی بەسەرت بێت هەموو پشتت لێ بکەن، من قەت پشتت لێ ناکەم.»

34عیسا پێی فەرموو: «ڕاستیت پێ دەڵێم، ئەمشەو پێش خوێندنی کەڵەشێر، سێ جار نکۆڵی لە ناسینی من دەکەیت.»

35پەترۆسیش پێی گوت: «تەنانەت ئەگەر پێویست بکات لەگەڵیشت بمرم، هەرگیز نکۆڵیت لێ ناکەم.» هەموو قوتابییەکانی دیکەش وایان گوت.

نوێژی عیسا لە باخی گەتسیمانی

36دوای ئەوە عیسا لەگەڵیان بۆ شوێنێک چوو پێی دەگوترا، گەتسیمانی، بە قوتابییەکانی فەرموو: «لێرە دانیشن هەتا دەچمە ئەوێ نوێژ دەکەم.» 37پەترۆس و دوو کوڕەکەی زەبدی برد و پەژارە و دڵتەنگی دایدەگرت. 38پێی فەرموون: «زۆر دڵتەنگم خەریکە بمرم، لێرە بمێننەوە و ئێشکم لەگەڵ بگرن.»

39کەمێک چووە پێش و بەسەر ڕوودا کەوت، نوێژی کرد و فەرمووی: «باوکە، ئەگەر دەکرێت، با ئەم جامەم لێ دوور بخرێتەوە، بەڵام نەک بە خواستی من، بەڵکو بە خواستی تۆ.»

40ئینجا گەڕایەوە بۆ لای قوتابییەکان، بینی نوستوون، بە پەترۆسی فەرموو: «ئەرێ نەتانتوانی کاتژمێرێک ئێشکم لەگەڵ بگرن؟ 41ئێشک بگرن و نوێژ بکەن، تاکو نەکەونە ناو تاقیکردنەوەوە. ڕۆح چالاکە، بەڵام جەستە لاوازە.»

42دیسان چووەوە نوێژی کرد: «باوکە! ئەگەر ناکرێت ئەمە لەسەرم تێبپەڕێت و هەر دەبێت بیخۆمەوە، با خواستی تۆ پەیڕەو بکرێت.»

43کاتێک کە دووبارە گەڕایەوە، بینی نوستوون، چونکە چاویان قورس ببوو. 44ئیتر وازی لێ هێنان و چوو بۆ جاری سێیەم نوێژی کرد و هەمان شتی گوتەوە.

45دوایی هاتەوە لای قوتابییەکان و پێی فەرموون: «هێشتا نوستوون و پشوو دەدەن؟ ئەوەتا کاتەکە نزیک بووەتەوە و کوڕی مرۆڤ دەدرێتە دەست گوناهباران. 46هەستن با بڕۆین! ئەوەتا ئەوەی بە گرتنم دەدات نزیک بووەوە.»

گرتنی عیسا

47هێشتا ئەو قسەی دەکرد، یەهوزا هات، کە یەکێک بوو لە دوازدە قوتابییەکە، کۆمەڵێکی زۆری لەگەڵ بوو کە بە شمشێر و کوتەکەوە لەلایەن کاهینانی باڵا و پیرانی گەلەوە نێردرابوون. 48ئەوەی بە گرتنی دەدا نیشانەیەکی پێدابوون، گوتبووی: «ئەوەی ماچی دەکەم ئەوە خۆیەتی، بیگرن.» 49دەستبەجێ هاتە لای عیسا و گوتی: «سڵاو ڕابی26‏:49 ڕابی: وشەیەکی عیبرییە بە واتای مامۆستا دێت.‏.» ئینجا ماچی کرد.

50عیساش پێی فەرموو: «هاوڕێ، ئەوەی بۆی هاتووی بیکە.» ئینجا هاتنە پێشەوە و عیسایان دەستبەسەر کرد و گرتییان. 51لەناکاو یەکێک لەوانەی لەگەڵ عیسادا بوو، دەستی درێژکرد و شمشێرەکەی هەڵکێشا، لە خزمەتکاری سەرۆکی کاهینانی دا و گوێی بڕی.

52عیسا پێی فەرموو: «شمشێرەکەت بگەڕێنەوە شوێنی خۆی، چونکە هەموو ئەوانەی شمشێر هەڵدەگرن، بە شمشێر دەمرن. 53ئایا وا دەزانیت ناتوانم بانگی باوکم بکەم و زیاتر لە دوازدە لەشکر فریشتەم بۆ بنێرێت؟ 54بەڵام ئیتر چۆن نووسراوە پیرۆزەکان دێنە دی، کە دەڵێن بەو شێوەیە پێویستە ڕووبدات؟»

55لەو کاتەدا عیسا بە خەڵکەکەی فەرموو: «ئایا من کەسێکی یاخیبووم کە بە کوتەک و شمشێرەوە هاتوون بمگرن؟ ڕۆژانە لە حەوشەکانی پەرستگا دانیشتبووم خەریکی فێرکردن بووم، نەتانگرتم. 56بەڵام ئەمانە هەمووی ڕوویدا بۆ هاتنەدی نووسراوە پیرۆزەکانی پێغەمبەران.» ئینجا هەموو قوتابییەکان بەجێیان هێشت و ڕایانکرد.

دادگاییکردنی عیسا

57ئەوانەی عیسایان گرت، بردیانە لای قەیافای سەرۆکی کاهینان، لەوێ مامۆستایانی تەورات و پیران کۆببوونەوە. 58پەترۆسیش دووربەدوور بۆ حەوشەی ماڵی سەرۆکی کاهینان دوای کەوت، ئینجا چووە ژوورەوە و لەنێو خزمەتکاران دانیشت تاکو دەرئەنجامەکەی ببینێت.

59کاهینانی باڵا و هەموو ئەندامانی ئەنجومەنی باڵای جولەکە26‏:59 ئەنجومەنی باڵای جولەکە کە لە یۆنانی پێی گوتراوە سەنهەدرین‏، باڵاترین دەسەڵاتی جولەکە بووە کە دەسەڵاتی دەرکردنی بڕیاری ئایینی و شارستانی و تاوانبارکردنی هەبووە.‏ بەدوای شایەتییەکی درۆدا دەگەڕان لەسەر عیسا، تاکو سزای کوشتنی بەسەردا بدەن. 60بەڵام هیچیان نەدۆزییەوە، هەرچەندە زۆر شایەتی درۆزن هاتن.

لە کۆتاییدا دووان هاتن، 61گوتیان: «ئا ئەمە گوتی: ”دەتوانم پەرستگای خودا بڕووخێنم و بە سێ ڕۆژ بنیادی بنێمەوە.“»

62جا سەرۆکی کاهینان هەستا و پێی گوت: «هیچ وەڵام نادەیتەوە؟ ئەم پیاوانە چ شایەتییەکت لەسەر دەدەن؟» 63بەڵام عیسا بێدەنگ بوو.

سەرۆکی کاهینانیش پێی گوت: «سوێندت دەدەم بە خودای زیندوو، پێمان بڵێ، ئایا تۆ مەسیحەکەی26‏:63 جولەکەکان چاوەڕێی هاتنی مەسیحیان دەکرد کە کوڕی خودایە و بۆ ئازادکردنی گەلی ئیسرائیل دێتە سەر زەوی.‏، کوڕی خودای.»

64عیسا پێی فەرموو: «خۆت گوتت. منیش پێتان دەڵێم، لە ئێستاوە کوڕی مرۆڤ دەبینن لە دەستەڕاستی خودای توانادار دادەنیشێت و بەسەر هەوری ئاسمانەوە دێتەوە.26‏:64 زەبوورەکان 110‏:1 و دانیال 7‏:13‏،14‏.‏»

65ئینجا سەرۆکی کاهینان جلەکانی خۆی دادڕی و گوتی: «کفری کرد! ئیتر چ پێویستیمان بە شایەت هەیە؟ ئەوەتا گوێتان لە کفرەکە بوو. 66ڕاتان چییە؟»

وەڵامیان دایەوە: «شایانی مردنە!»

67ئینجا تفیان لە ڕووی کرد و مستیان لێدا، هەندێکیش زللەیان لێدا و 68گوتیان: «ئەی مەسیح، ئەگەر پێغەمبەریت، بزانە کێ بوو لێیدایت؟»

پەترۆس نکۆڵی لە عیسا دەکات

69لەو کاتەدا پەترۆس لە دەرەوە، لە حەوشەکە دانیشتبوو. کارەکەرێک هاتە لای و گوتی: «تۆش لەگەڵ عیسای جەلیلی بوویت.»

70ئەویش لەبەردەم هەموویان نکۆڵیی کرد: «نازانم چی دەڵێیت.»

71ئینجا پەترۆس چووە دەرەوە بۆ ناو داڵانەکە، کارەکەرێکی دیکەش بینی و بەوانەی ئەوێی گوت: «ئەمە لەگەڵ عیسای ناسیرەیی بوو.»

72دیسان بە سوێندخواردنەوە نکۆڵی لێکرد: «ئەو پیاوە ناناسم!»

73دوای کەمێک ئەوانەی لەوێ ڕاوەستابوون هاتن و بە پەترۆسیان گوت: «بەڕاستی تۆش لەوانیت، شێوەزارەکەت ئاشکرات دەکات26‏:73 خەڵکی جەلیل شێوەزاریان جیا بوو لەگەڵ خەڵکی ئۆرشەلیم.‏

74جا دەستی کرد بە نەفرەتکردن و سوێندخواردن و گوتی: «ئەو پیاوە ناناسم!»

دەستبەجێ کەڵەشێر خوێندی. 75ئەوسا پەترۆس قسەکانی عیسای بیرکەوتەوە کە فەرمووی: «پێش ئەوەی کەڵەشێر بخوێنێت، سێ جار نکۆڵیم لێ دەکەیت.» ئیتر چووە دەرەوە و بەکوڵ گریا.