میخا 7 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

میخا 7:1-20

ناخۆشی ئیسرائیل

1قوڕبەسەرم!

وەک کەسێکم لێهات لە هاویندا بەر بڕنێت،

وەک چنینەوەی ڕەزەمێو.

نە هێشووە ترێ بۆ خواردن هەیە،

نە هەنجیری یەکەم بەر کە نەوسم ئارەزووی دەکات.

2خواناس لە خاک لەناوچوو،

کەسێکی سەرڕاست لەنێو خەڵکدا نەماوە.

هەموو بۆ خوێنڕشتن خۆیان ماتداوە،

هەریەکە و براکەی خۆی بە تۆڕ ڕاودەکات.

3بۆ خراپە هەردوو دەستەکانیان چالاکن،

میر داوای دیاری دەکات،

دادوەر بەرتیل وەردەگرێت،

بەهێز بە ئارەزووی خۆی قسە دەکات

پێکەوە دەیڕێسن.

4چاکترینیان وەک وشترالووکە و

ڕاستترینیان وەک پەرژینی دڕکە.

ڕۆژی سزادانی خودا بۆ تۆ هات،

ئەو ڕۆژەی کە چاودێرەکانت7‏:4 مەبەست لە پێغەمبەرەکان.‏ هاوار دەکەن بۆ ئاگادارکردنەوە.

ئێستا کاتی سەرلێشێواندنی ئێوەیە.

5متمانە بە برادەر مەکە و

پشت بە دۆست مەبەستە.

نهێنیت بپارێزە

تەنانەت لە ژنەکەشت کە لە باوەشت پاڵکەوتووە،

6چونکە کوڕ سووکایەتی بە باوکی دەکات،

کچ لە دایکی ڕاستدەبێتەوە،

بووک لە خەسووی؛

دوژمنی مرۆڤ لە خانەوادەکەی خۆی دەبێت.

7بەڵام من چاوم لەسەر یەزدان دەبێت،

چاوەڕوانی خودای ڕزگاریم دەکەم،

خودام گوێم لێ دەگرێت.

ئیسرائیل هەڵدەستێتەوە

8ئەی دوژمنەکەم، بە نسکۆی من دڵخۆش نەبیت!

چونکە ئەگەر بکەوم، هەڵدەستمەوە،

ئەگەر لە تاریکیدا دانیشم،

یەزدان ڕووناکییە بۆم.

9لەبەر ئەوەی لە دژی ئەو گوناهم کرد،

بەرگەی تووڕەیی یەزدان دەگرم،

هەتا بەرگری لە داواکەم دەکات و

مافی من دێتە دی.

دەمهێنێتە دەرەوە بۆ ناو ڕووناکی،

ڕاستودروستی ئەو دەبینم.

10ئینجا دوژمنەکەم تەماشا دەکات و

شەرمەزاری دایدەپۆشێت،

ئەوەی پێی دەگوتم:

«کوا یەزدانی پەروەردگارت؟»

چاوەکانم تەماشای کەوتنی دەکەن،

تەنانەت ئێستاش دەشێلرێت

وەک قوڕی شەقامەکان.

11ڕۆژی بنیادنانی دیوارەکانت دێت،

ڕۆژی فراوانکردنی سنوورەکانت.

12لەو ڕۆژەدا خەڵک دێنە لات،

لەلای ئاشور و لە شارەکانی میسرەوە،

تەنانەت لە میسرەوە هەتا فورات

لە دەریاوە بۆ دەریا و

لە چیاوە بۆ چیا.

13زەوی لەبەر دانیشتووانەکەی وێران دەبێت،

بەهۆی کردەوەکانیان.

نوێژ و ستایشکردن

14بە گۆچانەکەت شوانایەتی گەلەکەت بکە،

مێگەلی میراتەکەت،

ئەوەی بە تەنها لە دارستان نیشتەجێیە

لە ناوەڕاستی ڕەزەکان.

با لە باشان و گلعاد بلەوەڕێن

وەک ڕۆژگاری کۆن.

15«وەک ڕۆژانی هاتنەدەرەوەت لە خاکی میسر،

کاری سەرسوڕهێنەریان نیشان دەدەم.»

16نەتەوەکان تەماشا دەکەن و شەرمەزار دەبن،

سەرباری هەموو پاڵەوانییەتییەکەیان.

دەست دەخەنە سەر دەمیان

گوێیان کەڕ دەبێت.

17وەک مار خۆڵ دەلێسنەوە،

وەک خشۆکەکانی زەوی.

بە لەرزەوە لە قەڵاکانیان دێنە دەرەوە،

بۆ لای یەزدانی پەروەردگارمان دێن و دەتۆقن،

لە تۆ دەترسن.

18کێ خودایەکی وەک تۆیە،

کە لە تاوان دەبوورێت و

لە یاخیبوونی پاشماوەی گەلەکەت خۆشدەبێت؟

هەتاسەر تووڕەیی خۆت هەڵناگریت،

چونکە بە خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت دڵخۆشیت.

19دەگەڕێیتەوە و بەزەییت پێماندا دێتەوە،

تاوانەکانمان دەخەیتە ژێر پێتەوە و

هەموو گوناهەکانمان فڕێدەدەیتە ناو قووڵایی دەریا.

20دڵسۆزی بۆ یاقوب پیشان دەدەیت،

خۆشەویستی نەگۆڕ بۆ ئیبراهیم،

ئەوەی سوێندت بۆ باوباپیرانمان خوارد

هەروەک ڕۆژگاری کۆن.