میخا 4 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

میخا 4:1-13

کێوی یەزدان

1لە ڕۆژانی کۆتاییدا،

کێوی پەرستگای یەزدان

لەسەر لووتکەی چیاکان جێگیر دەبێت،

بەسەر گردەکانەوە بەرز دەبێتەوە و

گەلان بە لێشاو بەرەو لای ئەو دەچن.

2زۆرێک لە نەتەوەکان بەڕێ دەکەون و دەڵێن:

«وەرن با بەرەو کێوی یەزدان سەربکەوین،

بۆ ماڵەکەی خودای یاقوب.

فێری ڕێگاکانی خۆیمان دەکات،

بۆ ئەوەی بە ڕێچکەی ئەودا بڕۆین.»

فێرکردن لە سییۆنەوە دەردەچێت،

پەیامی یەزدانیش لە ئۆرشەلیمەوە.

3لەنێو چەندین گەل دادوەری دەکات،

ناوبژی بۆ نەتەوە بەهێز و دوورەکان دەکات،

شمشێرەکانیان دەکوتنەوە و دەیکەنە گاسن،

ڕمەکانیشیان دەکەنە داس.

هیچ نەتەوەیەک شمشێر لە نەتەوەیەکی دیکە هەڵناکێشێت،

چیتر فێری جەنگ نابن.

4هەریەکە و لەژێر ڕەزەمێوەکەی و

لەژێر دار هەنجیرەکەی دادەنیشێت،

کەس نایترسێنێت،

چونکە یەزدانی سوپاسالار فەرموویەتی.

5هەر گەلێک ڕێگای خۆی دەگرێتەبەر،

هەریەکە و بە ناوی خوداوەندەکانی خۆیەوە؛

ئێمەش بە ناوی یەزدانی پەروەردگارمانەوە

بۆ هەتاهەتایە و هەتاسەر ڕێگا دەگرینەبەر.

پلانی یەزدان

6یەزدان دەفەرموێت:

«لەو ڕۆژەدا شەلەکان کۆدەکەمەوە و

ڕاپێچکراوەکان خڕدەکەمەوە،

هەروەها ئەوانەی سزام داون.

7شەلەکان دەکەمە پاشماوە،

دوورخراوەکانیش دەکەمە نەتەوەیەکی بەهێز.

یەزدانیش لە کێوی سییۆن پاشایەتییان دەکات

لەو کاتەوە و بۆ هەتاهەتایە.

8تۆش ئەی تاوەری پاسەوانی مێگەل،

ئەی قەڵای سییۆنی کچ،

هەروەک پێشتر دەسەڵاتت بۆ دەگەڕێتەوە،

پاشایەتی ئۆرشەلیمی کچ.»

9ئێستا بۆچی بە هاوارەوە دەگریت؟

بۆچی وەک ژانی منداڵبوون ژانت گرتووە؟

ئایا پاشات نییە،

یان ڕاوێژکارت مردووە؟

10ئەی سییۆنی کچ، لەبەر ژان بگەوزێ

وەک ژنی ژانگرتوو،

چونکە ئێستا لە شار دێیتە دەرەوە و

لە دەشتودەر چادر هەڵدەدەیت.

دەچیتە بابل،

لەوێ دەرباز دەکرێیت.

لەوێ یەزدان دەتکڕێتەوە

لە دەستی دوژمنەکانت.

11بەڵام ئێستا، چەندین نەتەوە

لە دژی تۆ کۆدەبنەوە.

دەڵێن: «با گڵاو بێت،

با بە دیمەنی سییۆن دڵخۆش بین.»

12بەڵام ئەوان نازانن

بیرکردنەوەی یەزدان چییە،

هەروەها لە پلانی ئەو تێناگەن،

چونکە وەک مەڵۆی گەنم بۆ سەر جۆخین کۆی کردنەوە.

13«ئەی سییۆنی کچ، هەستە و پێشێلی بکە،

چونکە قۆچی ئاسنینت پێ دەبەخشم.

سمی بڕۆنزت پێ دەبەخشم و

چەندین گەل تەفروتونا دەکەیت.»

دەستکەوتی ناڕەوایی ئەوان بۆ یەزدان تەرخان دەکەیت،

سامانیان بۆ پەروەردگاری هەموو جیهان.