میخا 2 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

میخا 2:1-13

پیلانی مرۆڤ و پلانی خودا

1قوڕبەسەر ئەوانەی بیر لە بەدکاری دەکەنەوە و

لەناو نوێنەکانیان پیلان بۆ خراپە دادەڕێژن!

کاتێک ڕووناکی بەیان دێت جێبەجێی دەکەن

چونکە لە دەستیان دێ.

2چاویان لە کێڵگەکانە و داگیری دەکەن،

هەروەها لە ماڵەکانە و دەستی بەسەردا دەگرن.

دەست بەسەر ماڵی خەڵکدا دەگرن،

تاکو لە میراتەکەی بێبەشی بکەن.

3لەبەر ئەوە یەزدان ئەمە دەفەرموێت:

«ئەوەتا من سەبارەت بەم گەلە بیر لە بەڵا دەکەمەوە،

ئەوەی ناتوانن ملتانی لەبەر لابدەن.

بە لووتبەرزییەوە هاتوچۆ ناکەن،

چونکە کاتی خراپە دەبێت.

4لەو ڕۆژەدا پەندتان بەسەردا هەڵدەدرێت و

شیوەن دەگێڕن و دەگوترێ:

”بە تەواوی وێران بووین،

بەشی گەلەکەی منی گۆڕیوە.

چۆن لێی داماڵین!

کێڵگەکانی ئێمەی بەسەر ناپاکەکاندا دابەش کرد؟“»

5لەبەر ئەوە لەنێو کۆمەڵی یەزداندا کەست نابێت

بە گوریسی پێوانە خاکەکە بە تیروپشک دابەش بکات.

پێغەمبەرانی درۆزن

6پێغەمبەرەکانیان دەڵێن: «پێشبینی مەکەن!

دەربارەی ئەم شتانە پێشبینی مەکەن،

ڕیسواییمان بەسەردا نایەت.»

7ئەی بنەماڵەی یاقوب، ئایا دروستە خەڵک بپرسێت:

«ئایا یەزدان ئارامی لەبەر دەبڕێت؟

یان ئەمە کارەکانی ئەوە؟»

«ئایا وشەکانم باش نین

بۆ ئەوانەی بە ڕێکی هاتوچۆ دەکەن؟

8بەڵام لەم دواییەدا گەلەکەم

بۆ دوژمنایەتی ڕاپەڕین.

ئێوە کراس و کەوا پێکەوە دادەماڵن

لەوانەی بە دڵنیاییەوە تێدەپەڕن،

وەک ئەوانەی لە جەنگ دەگەڕێنەوە.

9ژنانی گەلەکەم دەردەکەن

لەو ماڵانەیان کە دڵیان پێی خۆشە.

بەرەکەتەکەم لە منداڵەکانیان

بۆ هەتاهەتایە دەبەیت.

10هەستن و بڕۆن!

چونکە ئەمە شوێنی حەسانەوە نییە،

لەبەر ئەوەی گڵاو بوو،

وێران بوو، وێرانبوونێکی خراپ.

11ئەگەر درۆزن و چەواشەکار بێت و بڵێت:

”پێشبینیت بۆ دەکەم، سەبارەت بە شەراب و مەی زۆر دەبێت،“

ئەوا ئەو دەبێتە پێغەمبەری ئەم گەلە!

بەڵێنی ڕزگاری

12«ئەی یاقوب، بە دڵنیایی بە تەواوی کۆتدەکەمەوە،

بە دڵنیایی پاشماوەی ئیسرائیل خڕدەکەمەوە.

یەکیاندەخەم وەک ڕانە مەڕی ناو پشتیر2‏:12 پشتیر: گەوڕ، شوێنێکی تایبەت بووە بە پەروەردەکردنی ئاژەڵ.‏،

وەک ڕانێک لەناو لەوەڕگاکەی،

ئەم شوێنە پڕ لە خەڵک دەبێت.

13کەلێندڕ پێشیان دەکەوێت،

دەروازەکە دەشکێنن و لێی تێدەپەڕن و دێنە دەرەوە.

پاشاکەشیان لەپێشیانەوە تێدەپەڕێت،

یەزدانیش پێشەنگیانە.»