لێڤییەکان 8 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

لێڤییەکان 8:1-36

ئەرکسپاردن بە هارون و کوڕەکانی

1هەروەها یەزدان بە موسای فەرموو: 2«هارون و کوڕەکانی ببە، لەگەڵ جلەکان و زەیتی دەستنیشانکردنەکە و جوانەگاکەی قوربانی گوناه و دوو بەرانەکە و سەبەتە نانە فەتیرەکە. 3هەموو کۆمەڵیش لەلای دەروازەی چادری چاوپێکەوتن کۆبکەرەوە.» 4موساش وەک یەزدان فەرمانی پێ کرد، ئاوای کرد، ئیتر کۆمەڵەکە لەلای دەروازەی چادری چاوپێکەوتن کۆبوونەوە.

5موسا بە کۆمەڵەکەی گوت: «یەزدان فەرمانی داوە ئەمە بکرێت.» 6ئینجا موسا هارون و کوڕەکانی هێنایە پێشەوە و بە ئاو شوشتنی. 7کراسەکەی لەبەر هارون کرد و کەمەربەندەکەی بۆ بەست، کەواکەی لەبەری کرد، ئێفۆدەکەی خستە سەر و بە پشتبەستی ئێفۆدەکە بەستی و توندی کرد. 8بەرسینەکەی لەبەری کرد و ئوریم و تومیمەکەی8‏:8 دوو بەردی گرانبەها بوون، لە کاتی بڕیاردان بۆ زانینی خواستی خودا بەکارهێنراون، بڕوانە دەرچوون 28‏:30 و یەکەم ساموئێل 23‏:9‏-12.‏ خستە ناو بەرسینەکە. 9مێزەرەکەشی خستە سەر سەری هارون. لەسەر مێزەرەکە بەلای پێشەوە پلێتە زێڕەکەی دانا کە تاجەگوڵینەی پیرۆزە، هەروەک یەزدان فەرمانی بە موسا کرد.

10ئینجا موسا زەیتی دەستنیشانکردنەکەی هێنا و چادرەکەی پەرستن8‏:10 چادری پەرستن: پەرستگایەکی گواستراوە بووە کە گەلی ئیسرائیل لەگەڵ خۆیان دەیانگواستەوە؛ بڕوانە دەرچوون 36‏:8‏-38.‏ و هەرچی تێیدا بوو دەستنیشانی کرد و تەرخانی کرد. 11حەوت جاریش بەسەر قوربانگاکەدا پرژاندی و قوربانگاکە و هەموو قاپوقاچاغەکانی و حەوزەکە و بنکەکەی دەستنیشان کرد بۆ تەرخانکردنیان. 12هەندێک لە زەیتی دەستنیشانکردنەکەشی لە سەری هارون دا و دەستنیشانی کرد بۆ تەرخانکردنی. 13موسا کوڕەکانی هارونی هێنایە پێشەوە و کراسی لەبەرکردن و کەمەربەندی بۆ بەستن و سەرپێچەکانی بۆ توند کردنەوە، هەروەک یەزدان فەرمانی بە موسا کرد.

14ئینجا جوانەگاکەی قوربانی گوناهی هێنایە پێشەوە و هارون و کوڕەکانی دەستیان لەسەر سەری جوانەگاکەی گوناه دانا. 15موسا سەری بڕی و هەندێک لە خوێنەکەی برد و بە پەنجەی دەستی خوێنەکەی لە هەموو قۆچەکانی قوربانگاکە دا بۆ ئەوەی قوربانگاکە پاک بکاتەوە. ئینجا پاشماوەی خوێنەکەی ڕشتە بنکەی قوربانگاکە. ئیتر تەرخانی کرد بۆ کەفارەتکردن بۆی. 16موسا هەموو ئەو پیوەی کە هەناوی داپۆشیوە لەگەڵ ئەوەی لەسەر جگەر و گورچیلەکانە و هەردوو گورچیلەکەی برد و لەسەر قوربانگاکە سووتاندنی. 17بەڵام جوانەگاکەی بە پێست و گۆشت و ڕیخۆڵەکەیەوە لە دەرەوەی ئۆردوگاکە بە ئاگر سووتاند، هەروەک یەزدان فەرمانی بە موسا کرد.

18ئینجا بەرانەکەی قوربانی سووتاندنی هێنایە پێشەوە و هارون و کوڕەکانی دەستیان لەسەر سەری بەرانەکە دانا. 19دوای ئەوە موسا سەری بڕی و خوێنەکەی بەسەر هەموو لایەکی قوربانگاکەدا پرژاند. 20بەرانەکەی پارچەپارچە کرد و موسا سەرەکە و پارچەکان و پیوەکەی سووتاند. 21بەڵام هەناو و قاچەکانی بە ئاو شوشت، موسا هەموو بەرانەکەی لەسەر قوربانگاکەدا سووتاند، وەک قوربانی بە ئاگر، بۆنی خۆشی، قوربانی بە ئاگر بۆ یەزدان، هەروەک یەزدان فەرمانی بە موسا کرد.

22ئینجا بەرانی دووەم، بەرانی ئەرک پێ سپاردنەکەی هێنایە پێشەوە، هارون و کوڕەکانی دەستیان لەسەر سەری بەرانەکە دانا. 23موسا سەری بڕی و لە خوێنەکەی برد و لە شلکەی گوێی ڕاستی هارونی دا، هەروەها لە پەنجە گەورەی دەستی ڕاست و پەنجە گەورەی پێی ڕاستی. 24هەروەها کوڕەکانی هارونی هێنایە پێشەوە و لە خوێنەکەی هەڵگرت و لە شلکەی گوێی ڕاستیان و پەنجە گەورەی دەستی ڕاستیان و پەنجە گەورەی پێی ڕاستیانی دا، پاشان خوێنی بەسەر هەموو لایەکی قوربانگاکەدا پرژاند. 25لەدوای ئەوە پیو و دوگ و هەموو پیوەکەی هەناوی و سەر جگەر و گورچیلەکان و هەردوو گورچیلە و ڕانی ڕاستی برد. 26هەروەها لە سەبەتەی فەتیرەکە، ئەوەی لەبەردەم یەزدانە، نانێک و کولێرەیەک لەوەی بە زەیتە و ناسکە نانێکی8‏:26 ناسکە نان: ناوەشکێنە.‏ برد و لەسەر پیوەکە و لەسەر ڕانە ڕاستەکەی دانا. 27هەمووی خستنە سەر دەستی هارون و کوڕەکانی و لەبەردەم یەزدان وەک قوربانی بەرزکردنەوە بەرزیان کردەوە. 28ئینجا موسا لە دەستیانی وەرگرت و لەگەڵ قوربانی سووتاندنەکە لەسەر قوربانگاکە سووتاندی، ئەوە قوربانی ئەرک پێ سپاردنە، بۆنی خۆشییە، قوربانی بە ئاگرە بۆ یەزدان. 29هەروەها موسا سنگی بەرانی ئەرکسپاردنەکەی برد کە بەشی خۆی بوو، وەک قوربانی بەرزکردنەوە8‏:29 لەم قوربانییەدا موسا چەند جارێک قوربانییەکە بەرز دەکاتەوە کە هێمایەکە بۆ تەرخانکردن بۆ خودا.‏ لەبەردەم یەزدان بەرزی کردەوە، هەروەک یەزدان فەرمانی بە موسا کرد.

30پاشان موسا لە زەیتی دەستنیشانکردنەکە و لە خوێنەکەی سەر قوربانگاکەی برد و بەسەر هارون و جلەکانی و بەسەر کوڕەکانی و جلی کوڕەکانی پرژاند. هارون و جلەکانی و کوڕەکانی و جلی کوڕەکانی پێ تەرخان کردن.

31ئینجا موسا بە هارون و کوڕەکانی گوت: «گۆشتەکە لەبەردەم دەروازەی چادری چاوپێکەوتن لێبنێن و هەر لەوێش بیخۆن، لەگەڵ ئەو نانەی ناو سەبەتەکەش، قوربانی ئەرکسپاردن، وەک فەرمانم کرد و گوتم: ”هارون و کوڕەکانی بیخۆن.“ 32ئەوەی لە گۆشت و نانەکەش دەمێنێتەوە بە ئاگر بیسووتێنن، 33لەلای دەروازەی چادری چاوپێکەوتنیش دوور نەکەونەوە، حەوت ڕۆژ هەتا تەواوی ڕۆژەکانی ئەرکسپاردنتان، چونکە حەوت ڕۆژ ئەرکتان پێ دەسپێردرێت. 34هەروەک لەم ڕۆژەدا کرا، یەزدان فەرمانی داوە کە بکرێت بۆ کەفارەتکردن بۆتان. 35حەوت شەو و حەوت ڕۆژ لەلای دەروازەی چادری چاوپێکەوتن دەمێننەوە و وریابن بۆ پارێزگاری لە ئەرکەکانی یەزدان، ئیتر نامرن، چونکە ئاوا فەرمانم پێکراوە.»

36جا هارون و کوڕەکانی هەموو ئەو شتانەی یەزدان لە ڕێگەی موسا فەرمانی پێ کردبوو، کردیان.