لێڤییەکان 7 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

لێڤییەکان 7:1-38

قوربانیدان بۆ تاوان

1«”ئەمانەش ڕێنماییەکانن دەربارەی قوربانی تاوان7‏:1 قوربانی تاوان: بڕوانە لێڤییەکان 5‏:15 و دەرچوون 30‏:22‏-38.‏. ئەمە هەرەپیرۆزە. 2لەو شوێنەی قوربانی سووتاندن سەردەبڕدرێت هەر لەوێ قوربانی تاوانیش سەردەبڕدرێت. خوێنەکەشی بەسەر هەموو لایەکی قوربانگاکەدا دەڕژێنرێت. 3هەموو پیوەکەشی پێشکەش دەکرێت، دوگەکەی و ئەو پیوەی هەناوی داپۆشیوە، 4لەگەڵ دوو گورچیلەکە و ئەو پیوەی لەسەریانە، ئەوەی لەسەر ناوقەدە، هەروەها ئەو پیوەی لەسەر جگەر و گورچیلەکانە لێی دەکرێتەوە. 5کاهینەکە لەسەر قوربانگاکە دەیانسووتێنێت. قوربانی بە ئاگرە بۆ یەزدان، ئەمە قوربانی تاوانە. 6هەموو نێرینەیەک لە کاهینەکان لێی دەخوات، بەڵام لە شوێنێکی پیرۆز دەخورێت، ئەمە هەرەپیرۆزە.

7«”قوربانی تاوان وەک قوربانی گوناهە، یەک فێرکردن هەیە دەربارەیان، ئەو کاهینەی کەفارەتیان پێ دەکات بۆ ئەو دەبێت، 8ئەو کاهینەش کە قوربانییەکی سووتاندن بۆ کەسێک دەکات، ئەوا پێستی ئەو قوربانییەی سووتاندن کە دەیکات بۆ ئەو دەبێت. 9هەموو پێشکەشکراوێکی دانەوێڵەش بە تەنوور کرابێتە نان و هەموو ئەوەی لەناو تاوە دروستکرابێت یان لەسەر ساج بۆ ئەو کاهینە دەبێت کە پێشکەشی دەکات، 10هەروەها هەموو پێشکەشکراوێکی دانەوێڵەی بە زەیت شێلراو یان وشک، بۆ هەموو کوڕانی هارون دەبێت، هەریەکە وەک براکەی.

قوربانی هاوبەشی

11«”ئەمانەش ڕێنماییەکانن دەربارەی قوربانی هاوبەشی7‏:11 قوربانی هاوبەشی: بڕوانە 3‏:1.‏، ئەوەی کەسێک دەتوانێت بۆ یەزدانی بهێنێت.

12«”ئەگەر بۆ سوپاسکردن هێنای، ئەوا بۆ قوربانی سوپاسگوزاری کولێرەی فەتیرەی بە زەیت شێلراو و ناسکە نانی7‏:12 ناسکە نان: ناوەشکێنە.‏ فەتیرەی بە زەیت چەورکراو و باشترین ئاردی شێلراو، کرابێتە کولێرەی بە زەیت شێلراو. 13لەگەڵ کولێرەی بە هەویرترش، قوربانییەکەی لەسەر قوربانی سوپاسگوزاری بۆ ژیانە هاوبەشییەکەی پێشکەش دەکات. 14لە هەر جۆرێکیان یەکێک وەک پێشکەشکراوێک دەهێنێت، وەک بەخشینێک بۆ یەزدان، بۆ ئەو کاهینە دەبێت کە خوێنی قوربانی هاوبەشی دەپرژێنێت. 15گۆشتی قوربانی سوپاسگوزاری بۆ ژیانی هاوبەشییەکەی لە ڕۆژی قوربانییەکەی دەخورێت، هیچی لێ ناهێڵێتەوە بۆ بەیانی.

16«”ئەگەر قوربانییەکەی نەزر7‏:16 نەزر: داوا لە خودا دەکرێت بۆ ئەنجامدانی کارێک و پابەند دەکرێت بە مەرجێکەوە. ئەگەر خودا ئەو کارە بکات، ئەوا دەرئەنجام ئەمیش ئەو کارە ئەنجام دەدات کە پێیەوە پابەندی کردووە. بڕوانە سەرژمێری 21‏:2‏.‏ بوو یان بە خواستی خۆی بوو، ئەوا ڕۆژی پێشکەشکردنی قوربانییەکە دەخورێت و بۆ سبەینێش ئەوەی لێی ماوەتەوە دەخورێت. 17بەڵام بەرماوەی گۆشتی قوربانییەکە لە ڕۆژی سێیەم دەسووتێنرێ. 18ئەگەر لە ڕۆژی سێیەم لە گۆشتی قوربانی هاوبەشییەکە خواردرا، ئەوا قوربانییەکە قبوڵ نییە، ئەوەی پێشکەشی کرد بە چاک بۆی دانانرێت، چونکە قوربانییەکە گڵاو بووە. ئەوەی لێی بخوات ئەوا تاوانی خۆی لە ئەستۆ دەگرێت.

19«”ئەو گۆشتەش کە بەر شتێکی گڵاو بکەوێت ئەوا بەپێی ڕێوڕەسم ناخورێت، بە ئاگر دەسووتێنرێت. بەڵام ئەو گۆشتەی کە گڵاو نییە، هەموو کەسێکی پاک بەپێی ڕێوڕەسم دەتوانێت لێی بخوات. 20هەروەها ئەگەر کەسێک بە شتێک گڵاو بووبێت و لە گۆشتی قوربانی هاوبەشی یەزدان بخوات، ئەوا دەبێت ئەو کەسە لە گەلەکەی داببڕدرێت. 21ئەگەر هەرکەسێک دەست لە شتێکی گڵاو بدات یان بەر شتێکی گڵاو بکەوێت، گڵاویی مرۆڤێک یان ئاژەڵێکی گڵاو7‏:21 بڕوانە بەشی 11.‏ یان هەر شتێکی قێزەونی گڵاو، ئینجا لە گۆشتی قوربانی هاوبەشی یەزدان بخوات، ئەوا ئەو کەسە لە گەلەکەی دادەبڕدرێت.“»

خواردنی پیو و خوێن قەدەغەکراون

22هەروەها یەزدان بە موسای فەرموو: 23«لەگەڵ نەوەی ئیسرائیل بدوێ و بڵێ: ”پیوی ئاژەڵی مێگەل و گاوگۆتاڵ مەخۆن. 24پیوی ئاژەڵی مردارەوەبوو و پیوی ئەو ئاژەڵەی بووە بە نێچیر ئەوا بۆ هەموو کارێک بەکاردێت، بەڵام ناخورێت. 25هەر یەکێک لە پیوی ئەو ئاژەڵانەی خوارد کە بۆ یەزدان وەک قوربانی بە ئاگر لێیان پێشکەش دەکرێت، ئەوا ئەو کەسە لە گەلەکەی دادەبڕدرێت. 26هیچ خوێنێکیش مەخۆن لە هەموو نشینگەکانتان، ئەگەر هی باڵندە بێت یان ئاژەڵ. 27هەرکەسێک خوێن بخوات، ئەوا ئەو کەسە لە گەلەکەی دادەبڕدرێت.“»

28هەروەها یەزدان بە موسای فەرموو: 29«لەگەڵ نەوەی ئیسرائیل بدوێ و بڵێ: ”ئەوەی قوربانی هاوبەشی بۆ یەزدان پێشکەش دەکات، لە قوربانی هاوبەشییە پێشکەشکراوەکەی بۆ یەزدان دەهێنێت. 30کەسەکە بە دەستی خۆی قوربانییە بە ئاگرەکانی بۆ یەزدان دەهێنێت. پیوەکە لەگەڵ سنگەکە دەهێنێت. لەبەردەم یەزدان سنگەکە وەک قوربانی بەرزکردنەوە7‏:30 قوربانی بەرزکردنەوە: لەم قوربانییەدا کەسەکە چەند جارێک قوربانییەکە بەرز دەکاتەوە کە هێمایەکە بۆ تەرخانکردن بۆ خودا.‏ بەرز دەکاتەوە. 31کاهینەکە پیوەکە لەسەر قوربانگاکە دەسووتێنێت، بەڵام سنگەکە بۆ هارون و کوڕەکانی دەبێت. 32ڕانی ڕاستەش لە قوربانییەکانی هاوبەشیتان وەک پیتاک دەدەنە کاهینەکە. 33ئەوەی خوێنی قوربانی هاوبەشی و پیوەکە پێشکەش دەکات لە کوڕانی هارون، ڕانە ڕاستەکە دەبێتە بەشی ئەو، 34چونکە من لە قوربانییەکانی هاوبەشییان سنگی بەرزکراوە و ڕانە پێشکەشکراوەکەم لە نەوەی ئیسرائیل وەرگرتووە، بە هارونی کاهین و بە کوڕەکانیم داوە. بەشێکی چەسپاوە بۆ نەوەی ئیسرائیل.“»

35ئەوە پشکی هارون و کوڕەکانییەتی لە قوربانییە بە ئاگرەکانی بۆ یەزدان، ڕۆژی پێشکەشکردنیان هەتا کاهینیێتی بۆ یەزدان بکەن، 36لەو ڕۆژەی دەستنیشان کران7‏:36 شێوازی ئەم دەستنیشانکردنە بریتی بووە لە زەیت پێداکردن بەسەر سەری کاهینەکە. بڕوانە دەرچوون 29‏:7‏.‏ یەزدان فەرمانی بە نەوەی ئیسرائیل دا بیاندەنێ، وەک بەشێکی چەسپاو بۆ نەوەکانیان.

37ئەوە ڕێنماییە بۆ قوربانی سووتاندن و پێشکەشکراوی دانەوێڵە و قوربانی گوناه و قوربانی تاوان و قوربانی ئەرک پێ سپاردن و قوربانی هاوبەشی، 38کە یەزدان لە شاخی سینا دایە موسا، بۆ ئەوەی فەرمان بە نەوەی ئیسرائیل بکات هەتا لە چۆڵەوانی سینا قوربانییەکانیان بۆ یەزدان پێشکەش بکەن.