لێڤییەکان 6 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

لێڤییەکان 6:1-30

1هەروەها یەزدان بە موسای فەرموو: 2«ئەگەر یەکێک گوناهی کرد و ناپاکی لە یەزدان کرد، بەوەی فێڵی لە کەسێک کرد، لە شتێک کە لەلای دانرابێت یان ئەمانەتێک یان دزینێک یان دەست بەسەرداگرتنی شتێکی نزیکەکەی، 3یان شتێکی بزربووی دۆزییەوە و سەبارەت بەوە نکۆڵی کرد، یان بە درۆ سوێندی لەسەر ئەمانە خوارد یان هەر شتێک کە مرۆڤ گوناهی تێدا بکات، 4ئەگەر گوناهی کرد و تاوانبار بوو، پێویستە شتەکان بگەڕێنێتەوە، ئەوا ئەوەی دزیویەتی یان ئەوەی دەستی بەسەردا گرتووە یان ئەوەی لەلای دانراوە یان ئەوەی بزر ببوو و دۆزییەوە، 5یان هەر شتێک کە بە درۆ سوێندی لەسەر خواردبێت. سەر بەسەر قەرەبووی دەکاتەوە و پێنج یەکیشی بۆ زیاد دەکات. لە ڕۆژی قوربانی تاوانەکەی دەیداتەوە دەست خاوەنەکەی. 6لەبری تاوانەکە دەبێت قوربانییەک بۆ کاهین بهێنێت، ئەمە بۆ یەزدانە، قوربانی تاوانەکە بەرانێکی ساغی مێگەل بێت، بەو نرخەی بۆی دادەنێیت، 7کاهینەکە لەبەردەم یەزدان کەفارەتی بۆ دەکات و لێخۆشبوونی بۆ دەبێت لە هەر شتێک کە کردوویەتی و پێی تاوانبارە.»

قوربانی سووتاندن

8هەروەها یەزدان بە موسای فەرموو: 9«ئەم فەرمانە بە هارون و کوڕەکانی ڕابگەیەنە: ”ئەمانە ڕێنماییەکانن دەربارەی قوربانی سووتاندن. قوربانی سووتاندن دەبێت بە درێژایی شەو هەتا بەیانی لەسەر ئاگردانەکە بێت لەسەر قوربانگاکە. پێویستە ئاگری قوربانگاکەش بە داگیرساوی بمێنێتەوە. 10کاهینەکە جلەکانی و دەرپێکەی کە لە کەتانن لەبەر دەکات و خۆڵەمێشی ئەو قوربانی سووتاندنەی کە ئاگرەکە هەڵیلووشی هەڵدەگرێت و لەتەنیشت قوربانگاکە دایدەنێت. 11ئینجا جلەکانی دادەکەنێت و جلی دیکە لەبەر دەکات و خۆڵەمێشەکە دەباتە دەرەوەی ئۆردوگاکە بۆ شوێنێک بەپێی ڕێوڕەسم پاک بێت. 12پێویستە ئاگری سەر قوربانگاکەش بە داگیرساوی بمێنێتەوە و نەکوژێتەوە. کاهینەکەش هەموو بەیانییەک داری لەسەر دەسووتێنێت و قوربانی سووتاندنی لەسەر ڕێک دەخات و پیوی قوربانییەکانی هاوبەشی لەسەر دەسووتێنێت. 13ئاگرێکی بەردەوامە لەسەر قوربانگاکە کراوەتەوە و ناکوژێتەوە.

پێشکەشکراوی دانەوێڵە

14«”ئەمانەش ڕێنماییەکانن دەربارەی پێشکەشکراوی دانەوێڵە، کوڕانی هارون لەبەردەم یەزدان پێشکەشی دەکەن بۆ پێش قوربانگاکە. 15بە مستی هەندێک ئاردی پێشکەشکراوی دانەوێڵەکە و زەیتەکەی و هەموو بخوورە سادەکەی کە لەسەر پێشکەشکراوە خۆراکەکەیە لێ دەبات و بەشی یادەوەرییەکە لەسەر قوربانگاکە دەسووتێنێت، ئەمەش وەک بۆنی خۆشییە بۆ یەزدان. 16ئەوەی لێشی دەمێنێتەوە هارون و کوڕانی دەیخۆن. بەڵام بەبێ هەویرترش لە شوێنێکی پیرۆز دەخورێت. لە حەوشەی چادری چاوپێکەوتن دەیخۆن. 17بە هەویرترش ناکرێت بە نان. کردوومە بە بەشی ئەوان لە قوربانییە بە ئاگرەکانم، ئەوە هەرەپیرۆزە وەک قوربانی گوناه و قوربانی تاوان. 18هەموو نێرینەیەک لە نەوەی هارون لێی دەخوات، بەشێکی چەسپاوە بۆ نەوەکانتان لە قوربانییە بە ئاگرەکان بۆ یەزدان، هەر شتێکی بەر بکەوێت پیرۆز دەبێت.“»

19هەروەها یەزدان بە موسای فەرموو: 20«ئەمە قوربانی هارون و کوڕەکانییەتی کە لە ڕۆژی دەستنیشانکردن بۆ یەزدانی دەهێنن: دەیەکی ئێفەیەک6‏:20 نزیکەی 1,6 کیلۆگرام.‏ لە باشترین ئارد لە پێشکەشکراوی دانەوێڵە، بە بەردەوامی نیوەی لە بەیانییان و نیوەی لە ئێواران. 21لەسەر ساج دروستکراو و بە زەیت شێلراو ساز دەکەیت و دەیهێنیت، بە پارچەپارچەکراوی پێشکەشکراوە دانەوێڵەکە پێشکەش دەکەیت، ئەو بۆنەی یەزدان پێی خۆشە. 22ئەو کوڕەی جێگەی دەگرێتەوە وەک کاهینی دەستنیشانکراو هەڵدەستێت بەو کارە، بەشێکی چەسپاوە بۆ یەزدان، بە تەواوی دەسووتێنرێ. 23هەموو پێشکەشکراوێکی دانەوێڵەی کاهین بە تەواوی دەسووتێنرێت و ناخورێت.»

قوربانی گوناه

24هەروەها یەزدان بە موسای فەرموو: 25«لەگەڵ هارون و کوڕەکانی بدوێ و بڵێ: ”ئەمانە ڕێنماییەکانن دەربارەی قوربانی گوناه، لەو شوێنەی قوربانی سووتاندن سەردەبڕدرێت لەوێش قوربانی گوناه لەبەردەم یەزدان سەردەبڕیت، ئەوە هەرەپیرۆزە. 26ئەو کاهینەی قوربانییەکە بۆ کەفارەتی گوناه دەکات لێی دەخوات، لە شوێنێکی پیرۆز دەخورێت، لە حەوشەی چادری چاوپێکەوتن. 27هەر شتێک بەر کەلاکەکە بکەوێت ئەوا پیرۆز دەبێت، ئەگەر پرژەیەک لە خوێنەکە بەر جلێک کەوت، ئەوا پێویستە جلەکە لە شوێنێکی پیرۆز بشۆیت. 28بەڵام ئەو مەنجەڵە گڵینەی تێیدا لێنراوە، ئەوا دەشکێنرێت، ئەگەر لە مەنجەڵێکی بڕۆنز لێنرا، ئەوا سپی دەکرێتەوە و ئاوی پێدا دەکرێت. 29هەموو نێرینەیەک لە کاهینەکان لێی دەخوات، ئەوە هەرەپیرۆزە. 30بەڵام هەموو قوربانییەکی گوناه لە خوێنەکەی دەبردرێتە ناو چادری چاوپێکەوتن و بۆ کەفارەتکردن لە شوێنی پیرۆز، ناخورێت بەڵکو بە ئاگر دەسووتێنرێ.