لێڤییەکان 27 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

لێڤییەکان 27:1-34

کڕینەوەی ئەوەی هی یەزدانە

1هەروەها یەزدان بە موسای فەرموو 2«لەگەڵ نەوەی ئیسرائیل بدوێ و پێیان بڵێ: ”ئەگەر کەسێک کەسێکی بۆ یەزدان نەزر کرد، ئەوا ئاوای دەخەمڵێنێت، 3ئەگەر خەمڵاندنەکەت بۆ نێرێکی تەمەن بیست هەتا شەست ساڵ بوو، ئەوا خەمڵاندنەکەت پەنجا شاقل27‏:3 هەر شاقلێک یازدە گرام و نیوە.‏ زیو بەگوێرەی شاقلی پیرۆزگا دەبێت. 4ئەگەر مێینەش بوو، ئەوا خەمڵاندنەکەت سی شاقل دەبێت. 5ئەگەر تەمەنی پێنج هەتا بیست ساڵ بوو، ئەوا خەمڵاندنەکەت بیست شاقل بۆ نێر و دە شاقل بۆ مێ دەبێت. 6ئەگەر تەمەنی مانگێک هەتا پێنج ساڵ بوو، ئەوا خەمڵاندنەکەت پێنج شاقل زیو بۆ نێر و سێ شاقل زیو بۆ مێ دەبێت. 7ئەگەر تەمەنی شەست ساڵ و بەرەو سەرەوە بوو، ئەوا خەمڵاندنەکەت پازدە شاقل بۆ نێر و دە شاقل بۆ مێ دەبێت. 8ئەگەر کەسێک نەزری کرد و ئەو کەسە هەژار بوو و ئەو خەمڵاندنەی لە توانادا نەبوو، ئەوا نەزرەکە دەهێنێتە بەردەم کاهین و کاهینەکەش بۆی دەخەمڵێنێت. بەگوێرەی توانای ئەو کەسەی نەزرەکەی کردووە کاهینەکە بۆی دەخەمڵێنێت.

9«”ئەگەر نەزرەکە ئاژەڵ بێت، لەوانەی پەسەندە وەک قوربانی بۆ یەزدان، ئەوا هەموو ئەوەی لێی دەدرێت بە یەزدان، پیرۆز دەبێت. 10پێویستە نەیگۆڕێت و ئاڵوگۆڕی پێ نەکات، باش بە خراپ یان خراپ بە باش، ئەگەر ئاژەڵێکی بە ئاژەڵێکی دیکە ئاڵوگۆڕ کرد، ئەوا هەردوو ئاژەڵەکە پیرۆز دەبن. 11ئەگەر نەزرەکە بەپێی ڕێوڕەسم ئاژەڵێکی گڵاو بوو، لەوانەی کە قبوڵ نییە وەک قوربانی بۆ یەزدان، ئەوا پێویستە ئاژەڵەکە بهێنرێتە بەردەم کاهین. 12جا نرخەکەی دەخەمڵێنێت، هەر چۆنێک بێت باش یان خراپ، ئەو نرخەی کاهین دەیخەمڵێنێت، هەر ئەوە دەبێت. 13جا ئەگەر خاوەنەکەی ویستی ئاژەڵەکە بکڕێتەوە، ئەوا پێویستە پێنج یەک بخاتە سەر خەمڵاندنەکە.

14«”ئەگەر یەکێک ماڵەکەی تەرخان کرد هەتا بۆ یەزدان پیرۆزکراو بێت، ئەوا کاهینەکە دەیخەمڵێنێت باش بێت یان خراپ، کاهینەکە چۆنی بخەمڵێنێت ئاوا دەبێت. 15ئەگەر ئەو کەسە ویستی ماڵە تەرخانکراوەکەی بکڕێتەوە ئەوا پێنج یەکی نرخی خەمڵاندنەکە دەخاتە سەری و دەبێتەوە هی خۆی.

16«”ئەگەر کەسێک بەشێکی لە کێڵگەکەی موڵکی خێزانی خۆی بۆ یەزدان تەرخان کرد، ئەوا خەمڵاندنەکە بەگوێرەی تۆوکردن تێیدا دەبێت، جێی حۆمەرێک27‏:16 (حۆمەر) نزیکەی 135 کیلۆگرامی تۆوی جۆ. بڕوانە پاشکۆی کتێبەکە.‏ تۆوی جۆ بە پەنجا شاقل زیو دەبێت. 17ئەگەر لە ساڵی یۆبیلدا27‏:17 لە ساڵی یۆبیلدا: بڕوانە 25‏:8 هتد.‏ کێڵگەکەی تەرخان کرد، ئەوا بەگوێرەی ئەو خەمڵاندنەی کە دانراوە دەمێنێتەوە. 18بەڵام ئەگەر لەدوای ساڵی یۆبیل کێڵگەکەی تەرخان کرد، ئەوا کاهینەکە بەگوێرەی ئەو ساڵانەی ماوەتەوە بۆ ساڵی ئاییندەی یۆبیل، نرخەکەی بۆ دەژمێرێت. لە خەمڵاندنەکە کەم دەکاتەوە. 19ئەگەر ئەو کەسەی کێڵگەکەی تەرخان کردووە ویستی کێڵگەکە بکڕێتەوە، ئەوا پێنج یەکی نرخی خەمڵاندنەکە دەخاتە سەری و کێڵگەکە بۆ ئەو دەبێت. 20بەڵام ئەگەر کێڵگەکەی نەکڕییەوە یان کێڵگەکەی بە کەسێکی دیکە فرۆشت، ئەوا ئیتر ناکڕدرێتەوە، 21بەڵکو کێڵگەکە لە ساڵی یۆبیل ئازاد دەکرێت، پیرۆز دەبێت، وەک کێڵگەی ڕاگیراو27‏:21 بە واتای وەستێنراویش دێت، هەر موڵکێک و هەر گیانلەبەرێک ئاژەڵ بێت یان مرۆڤ کە جیا کرایەوە بۆ خزمەتی خودا، ئیتر هەرگیز گەڕانەوەی بۆ نابێت و کڕین و فرۆشتنی لەسەر ناکرێت. لێرە و لە ئایەتی 28.‏ بۆ یەزدان. ئەو کاتە دەبێتە موڵکی کاهینەکان.

22«”ئەگەر کێڵگەیەکی کڕاوی بۆ یەزدان تەرخان کرد، کە لە کێڵگەکانی موڵکی خێزانی نەبوو، 23ئەوا کاهینەکە بڕی خەمڵاندنەکەی بۆ دەژمێرێت هەتا ساڵی یۆبیل، جا کەسەکە لەو ڕۆژە نرخی خەمڵاندنەکە دەدات، وەک تەرخانکراوی پیرۆز بۆ یەزدان. 24لە ساڵی یۆبیلیش کێڵگەکە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی لێی کڕیوە، بۆ خاوەنی ڕەسەنی زەوییەکە. 25هەموو خەمڵاندنەکەش بەپێی شاقلی پیرۆزگا دەبێت، هەر شاقلێک بیست گیرە دەبێت.

26«”بەڵام هەر نۆبەرەیەکی ئاژەڵ کە وەک نۆبەرە بۆ یەزدان جیا دەکرێتەوە، با کەس تەرخانی نەکات، گا27‏:26 لە زمانی عیبری دەشێت ئەم وشەیە بۆ نێر و مێ (چێڵ و گا) بەکاربهێنرێت.‏ بێت یان بەران ئەوا بۆ یەزدانە؛ 27ئەگەر لە ئاژەڵە گڵاوەکان بوو، ئەوا بەگوێرەی خەمڵاندنەکە دەیکڕێتەوە و پێنج یەکیشی دەخاتە سەر. ئەگەر نەیکڕییەوە ئەوا بەگوێرەی خەمڵاندنەکە دەفرۆشرێت.

28«”بەڵام هەموو ڕاگیراوێک27‏:28 لە زمانی عیبری ئەم زاراوەیە دەگەڕێتەوە بۆ شتێک یان کەسێک کە دەبەخشرێت بە یەزدان.‏ کە مرۆڤ بۆ یەزدانی تەرخان دەکات لە هەموو ئەوانەی هەیەتی، لە خەڵک و ئاژەڵ و کێڵگەکانی موڵکی خۆی، ئەوا نافرۆشرێت و ناکڕدرێتەوە، هەموو ڕاگیراوێک هەرەپیرۆزە بۆ یەزدان.

29«”هەرکەسێک تەرخانکراو بێت بۆ قڕکردن27‏:29 لە زمانی عیبری ئەم زاراوەیە دەگەڕێتەوە بۆ شتێک یان کەسێک کە دەبەخشرێت بە یەزدان، زۆر جار بەخشینەکە بە تەواوی لە ناودەبردرێت.‏ بە بارمتە ناکڕدرێتەوە، دەبێت بکوژرێت.

30«”هەموو دەیەکی زەوی لە دانەوێڵەی زەوی و بەروبوومی درەختەکان بۆ یەزدانە، پیرۆزە بۆ یەزدان. 31ئەگەر کەسێک هەندێک لە دەیەکەکەی خۆی کڕییەوە، ئەوا پێنجیەکی دەخاتە سەر، 32بەڵام گاگەل و مێگەل دەیەمی هەر ئاژەڵێک بەژێر گۆچانی شواندا تێبپەڕێت، ئەوا پیرۆز دەبێت بۆ یەزدان. 33نابێت تەماشا بکرێت ئاخۆ باشە یان خراپ و ئاڵوگۆڕی پێ ناکات، ئەگەر ئاڵوگۆڕی پێکرد، ئەوا هەردوو ئاژەڵەکە و ئالۆگۆڕکراوەکە پیرۆز دەبن بۆ یەزدان، ناکڕدرێنەوە.“»

34ئەمانە ئەو فەرمانانەن کە یەزدان فەرمانی بە موسا کرد بۆ نەوەی ئیسرائیل لە شاخی سینا.