لێڤییەکان 25 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

لێڤییەکان 25:1-55

ساڵی پشوو

1هەروەها یەزدان لە شاخی سینا بە موسای فەرموو: 2«لەگەڵ نەوەی ئیسرائیل بدوێ و پێیان بڵێ: ”کاتێک هاتنە ئەو خاکەی من پێتان دەدەم، با خاکەکە شەممە بۆ یەزدان بپارێزێت. 3شەش ساڵ کێڵگەکەت دەڕوێنیت و شەش ساڵ ڕەزەکەت پەرچ دەکەیت و بەروبوومی کۆدەکەیتەوە. 4بەڵام لە ساڵی حەوتەم دەبێتە پشووی خاک، شەممەیە بۆ یەزدان، کێڵگەکەت مەڕوێنە و ڕەزەکەت پەرچ مەکە. 5ئەوەی لە دروێنە لێت کەوتووە و ئێستا ڕواوەتەوە، دروێنەی مەکە، ترێی ڕەزەکەشت، هی ئەو لقانەی پەرچ نەکراون، لێ مەکەرەوە. ساڵی پشوودان دەبێت بۆ خاکەکە. 6هەر شتێک خاکەکە لە ساڵی پشوودا بە خۆڕستی بەرهەمی دەهێنێت، ئەوا دەبێتە خۆراکتان، بۆ تۆ و کۆیلەکەت و کەنیزەکەت یان کرێگرتەکەت و نیشتەجێی کاتی کە لەلای تۆ دەژیێت، 7هەروەها بۆ ئاژەڵە ماڵییەکانت و بۆ ئەو ئاژەڵە کێوییە دەبێت کە لە خاکەکەتە. هەموو بەروبوومی خاکەکە دەبێتە خۆراک.

ساڵی پەنجایەمین ساڵی یۆبیلە

8«”حەوت پشووی ساڵانە بۆ خۆت دەژمێریت، حەوت جار حەوت ساڵ، جا ڕۆژانی حەوت پشووە ساڵانەکە بۆ تۆ دەبێتە چل و نۆ ساڵ، 9ئینجا لە ڕۆژی دەی مانگی حەوت، کەڕەنا لێ دەدەیت لە ڕۆژی کەفارەت، کەڕەنا بە هەموو خاکەکەتان دەگێڕن. 10ساڵی پەنجایەمین تەرخان دەکەن و بانگەوازی ئازادکردن لە زەوییەکەدا ڕادەگەیەنن بۆ هەموو دانیشتووانەکەی، بۆتان دەبێتە یۆبیل25‏:10 25‏:10 یۆبیل وشەیەکی عیبرییە بە واتای بەران دێت، ساڵی یۆبیل ساڵی ئازادکردنی کۆیلە و لێخۆشبوونە لە قەرز، لەو ساڵەدا کە فوو بە قۆچی بەران دەکەن وەک کەڕەنا ئیتر ئەوە ڕاگەیاندنە بۆ گەڕانەوەی هەموو ماڵوموڵکێک بۆ خاوەنەکەی خۆی.‏ و هەریەکە و بۆ موڵکی خۆی دەگەڕێتەوە و هەریەکە و بۆ خێڵەکەی خۆی دەگەڕێتەوە. 11ساڵی پەنجایەمین یۆبیل، ناڕوێنن و ئەوەی خۆڕسکە نایدروونەوە و ڕەزی پەرچ نەکراو ناڕنن. 12ئەوە یۆبیلە و پیرۆز دەبێت بۆتان، ئەو ساڵە تەنها ئەوە بخۆن کە ڕاستەوخۆ لە کێڵگەوە دەستتان دەکەوێت.

13«”لەم ساڵی یۆبیلە هەرکەسە دەگەڕێتەوە سەر موڵکی خۆی.

14«”جا کاتێک زەوی و زارت بە هاونیشتیمانیت فرۆشت یان لێت کڕی، با کەستان ستەم لەوی دیکەتان نەکات. 15بەگوێرەی ژمارەی ساڵەکانی دوای یۆبیل لە هاونیشتیمانییەکەت دەکڕیت و بەگوێرەی ساڵەکانی کە ماوەتەوە بۆ خەرمانان پێت دەفرۆشێت. 16بەگوێرەی زۆری ساڵەکان نرخی زیاد دەکەیت و بەگوێرەی کەمی ساڵەکان نرخی کەم دەکەیتەوە، چونکە ژمارەی بەروبوومەکەت پێ دەفرۆشێت. 17جا ستەم لە یەکتری مەکەن، بەڵکو لە خوداتان بترسن، من یەزدانی پەروەردگارتانم.

18«”فەرزەکانم بەجێبهێنن و ئاگاداری ئەوە بن کە گوێڕایەڵی یاساکانم بن و کاریان پێ بکەن، بۆ ئەوەی بە ئاسوودەیی لە خاکەکە نیشتەجێ بن. 19زەوییەکەش بەروبوومەکەی دەدات، جا هەتا تێر دەبن لێی دەخۆن و بە ئاسوودەیی تێیدا نیشتەجێ دەبن. 20ئەگەر بڵێن: ’لە ساڵی حەوتەم چی بخۆین، ئەگەر نەچێنین و بەروبووممان کۆنەکەینەوە؟‘ 21ئەوا من فەرمانی بەرەکەتی خۆم دەدەم بۆتان لە ساڵی شەشەمدا، جا بەروبوومی سێ ساڵ دەدات. 22ساڵی هەشتەم دەچێنن و لە بەروبوومە کۆنەکە دەخۆن، هەتا ساڵی نۆیەم بەروبوومەکەی دەدات لە کۆنەکە دەخۆن.

23«”زەوییەکەش هەمیشە هەتاسەر نافرۆشرێت، چونکە زەوییەکە هی منە و ئێوە نامۆ و کرێگرتەی منن، 24بەڵکو لە هەموو ئەو خاکەی ئەو زەوییەی موڵکتان بووە، پێویستە کڕینەوە بۆ زەوییەکە دابنێن.

25«”ئەگەر هاونیشتیمانیێکت هەژار بوو و لە موڵکەکەی خۆی فرۆشت، ئەوا نزیکترین خزمی دێت و فرۆشراوی هاوڵاتییەکەی دەکڕێتەوە. 26ئەگەر کەسێکیش خزمی نەبێت زەوییەکەی بۆ بکڕێتەوە، بەڵام ئەگەر خۆی توانی و ئەوەندەی دەستکەوتەوە کە بەشی کڕینەوەکە بکات، 27ئەوا نرخی ئەو ساڵانە دەژمێرێت لە کاتی فرۆشتنەکەوە و ئەوەندەی دەمێنێتەوە بۆ هاوسەنگکردنی نرخەکە دەداتەوە ئەو کەسە کە پێی فرۆشتووە، ئینجا دەگەڕێتەوە بۆ موڵکەکەی. 28بەڵام ئەگەر ئەوەندەی لە دەست نەبێت کە بۆی بگەڕێنێتەوە، ئەوا لە دەستی کڕیار دەبێت هەتا ساڵی یۆبیل. ئینجا لە یۆبیلدا دەگەڕێتەوە، ئەو کاتە خاوەنەکەی دەتوانێت بگەڕێتەوە بۆ موڵکەکەی.

29«”ئەگەر لە شارێکی شوورابەند یەکێک خانووی نیشتەجێبوونی فرۆشت، ئەوا مافی کڕینەوەکەی هەتا تەواوی ساڵێک دەبێت لە کاتی فرۆشتنەوە، لە ماوەی ئەو کاتەدا دەتوانێت بیکڕێتەوە. 30ئەگەر هەتا تەواوبوونی ئەو ساڵە نەیکڕێتەوە، ئەوا ئەو خانووەی لە شارە شوورابەندەکەیە بە هەمیشەیی هەتاسەر بۆ کڕیارەکە دەبێت، بۆ نەوەکانی و لە یۆبیلدا ناگەڕێتەوە. 31بەڵام خانوو لە لادێی شوورابەند نەبێت، ئەوا وەک کێڵگە هەژمارد دەکرێت، کڕینەوەی هەیە و لە یۆبیلدا دەگەڕێتەوە.

32«”لە شارۆچکەکانی لێڤییەکان، لێڤییەکان هەمیشە مافی کڕینەوەی ماڵەکانیان هەیە، کە موڵکی خۆیانە. 33ماڵەکانی لێڤییەکان مافی کڕینەوە و گەڕانەوەی25‏:33 لێرە فرۆشتن و کڕینەکە تەنها بۆ ماوەیەک دیاریکراو بووە، واتا پێویست بووە کڕیار لە ساڵی یۆبیل فرۆشراوەکە بگەڕێنێتەوە بۆ خاوەنەکەی. تەنها لە شارۆچکەکانی لێڤییەکان بەم شێوازە بووە.‏ هەیە، لە ساڵی یۆبیل، چونکە خانووی شارۆچکەکانی لێڤییەکان موڵکی ئەوانە لەنێو نەوەی ئیسرائیل. 34بەڵام لەوەڕگای دەوروبەری شارۆچکەکانیان نافرۆشرێت، چونکە موڵکێکی هەتاهەتاییە بۆیان.

35«”ئەگەر یەکێک لە هاوڵاتیانت هەژار و دەستکورت بوو لەنێوتان، پشتگیری بکە، هەروەک چۆن پشتگیری نامۆ یان نیشتەجێی کاتی دەکەیت، با لەنێوتان بژیێت. 36نە سووی لێ وەربگرە و نە قازانج، بەڵکو لە خوداکەت بترسە و با هاونیشتیمانیت لەنێوتان بژیێت، 37نە پارەکەتی بە سوو پێبدە و نە خۆراکەکەتی بە قازانج پێبدە. 38من یەزدانی پەروەردگارتانم کە لە خاکی میسر دەریهێنان هەتا خاکی کەنعانتان بداتێ و ببێت بە خوداتان.

39«”ئەگەر هاوڵاتییەکت لەنێوتان هەژار بوو و خۆی فرۆشتە تۆ، وەک کۆیلە کۆیلایەتی پێ مەکە، 40بەڵکو وەک کرێگرتە و نیشتەجێی کاتی لەنێوتان دەبێت، هەتا ساڵی یۆبیل لەلات کار دەکات. 41ئینجا خۆی و کوڕەکانی لەلات ئازاد دەبن و بۆ خێڵەکەی خۆی و بۆ موڵکی باوباپیرانی دەگەڕێتەوە. 42لەبەر ئەوەی گەلی ئیسرائیل بەندەی منن، ئەوانەی لە خاکی میسرەوە دەرمهێنان، بۆیە نابێت وەک کۆیلە بفرۆشرێن. 43بە توندوتیژی بەسەریاندا زاڵ مەبە، بەڵکو لە خودات بترسە.

44«”بەڵام کۆیلەکانت و کەنیزەکانت ئەوانەی دەبنە هی تۆ، ئەوا لەو گەلانەی دەوروبەرتان دەبن، لەوان کۆیلە و کەنیزە بۆ خۆتان پەیدا دەکەن. 45هەروەها لە نەوەی ئەوانەی لای ئێوە نیشتەجێی کاتین و لە خێڵەکانیان کە لەنێوتانن پەیدای دەکەن، ئەوانەی لە خاکی ئێوە لەدایک دەبن، ئەوان دەبنە موڵکی ئێوە. 46دەیانکەنە موڵکی کوڕانتان لەدوای خۆتان وەک میرات بۆیان، هەتاسەر دەیانکەنە کۆیلە، بەڵام براکانتان لە نەوەی ئیسرائیل، ئەوا هیچ کەسێک بە توندوتیژی بەسەر براکەیدا زاڵ نابێت.

47«”ئەگەر نامۆیەک یان نیشتەجێیەکی کاتی لەنێوتان دەوڵەمەند بوو، یەکێک لە هاوڵاتیانتان هەژار بوو و خۆی بەو نامۆیە فرۆشت کە لەنێوتان دەژی، یان بە ئەندامی خێڵی نامۆکە، 48ئەوا دوای فرۆشتنەکەی کڕینەوەی بۆ دەبێت، یەکێک لە خزمەکانی دەیکڕێتەوە. 49مامی یان ئامۆزای دەیکڕێتەوە، یەکێک لە خزمەکانی لە خێڵەکەی دەیکڕێتەوە، یان ئەگەر توانای ماددی هەبوو ئەوا خۆی دەکڕێتەوە. 50لەگەڵ کڕیارەکەی لە ساڵی فرۆشتنییەوە هەتا ساڵی یۆبیل دەژمێرێت و نرخی ئازادبوونی بەپێی نرخی پێدانی کرێگرتەیەک دەبێت لە ماوەی ئەو چەند ساڵەدا. 51ئەگەر ساڵانێکی زۆر مابێت، ئەوا پێویستە ئەو پارەیە بگەڕێنێتەوە لە نرخی کڕینەکەی بەپێی ژمارەی ئەو ساڵانەی کە ماوەتەوە. 52ئەگەر ساڵانێکی کەم مابێتەوە هەتا ساڵی یۆبیل، ئەوا پێویستە ئەو پارەیە بگەڕێنێتەوە لە نرخی کڕینەکەی بەپێی ژمارەی ئەو ساڵانەی کە ماوەتەوە، 53وەک کرێگرتەیەک هەڵسوکەوتی لەگەڵ دەکرێت، لە ساڵێکەوە بۆ ساڵێکی دیکە. پێویستە ئاگاداربن خاوەنەکەی بە توندوتیژی بەسەریدا زاڵ نەبێت.

54«”ئەگەر بەو شێوازانەی پێشوو نەکڕدرێتەوە، ئەوا لە ساڵی یۆبیل خۆی و منداڵەکانی ئازاد دەکرێن، 55چونکە نەوەی ئیسرائیل بەندەن بۆ من، ئەوان بەندەی منن، ئەوانەی لە خاکی میسرەوە دەرمهێنان، من یەزدانی پەروەردگارتانم.