لێڤییەکان 11 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

لێڤییەکان 11:1-47

ئاژەڵە پاکەکان و ئاژەڵە ناپاکەکان

1هەروەها یەزدان لەگەڵ موسا و هارون دوا و پێی فەرموون: 2«لەگەڵ نەوەی ئیسرائیل بدوێن و بڵێن: ”ئەوانە ئەو گیانلەبەرانەن کە دەیانخۆن، لە هەموو ئاژەڵەکانی سەر زەوی: 3هەر ئاژەڵێک کە سمی دوو کەرت بێت و کاوێژ بکات، ئەوە دەخۆن.

4«”لەوانەی تەنها کاوێژ دەکەن یان تەنها سمیان دوو کەرتە، ئەمانە ناخۆن: وشتر، چونکە کاوێژ دەکات بەڵام سمی دوو کەرت نییە، بۆیە گڵاوە بۆتان؛ 5هەروەها گۆڕهەڵکەنە، چونکە کاوێژ دەکات، بەڵام سمی کەرت نییە، گڵاوە بۆتان؛ 6کەروێشک، چونکە کاوێژ دەکات بەڵام سمی دوو کەرت نییە، بۆیە گڵاوە بۆتان؛ 7بەراز، چونکە سمی کەرت کراوە، بەڵام کاوێژ ناکات، بۆیە گڵاوە بۆتان. 8نە گۆشتیان بخۆن و نە دەست لە کەلاکیان بدەن، چونکە گڵاوە بۆتان.

9«”لە هەموو ئەوانەی لەناو ئاوەکانیشن ئەمانە دەخۆن، هەموو ئەوانەی باڵ و پوولەکەیان هەبێت لەناو ئاوەکان، لەناو دەریاکان و لەناو ڕووبارەکان، ئەوانە دەخۆن. 10بەڵام هەموو ئەوەی باڵ و پوولەکەی نەبێت لەناو دەریاکان و ڕووبارەکان، لە هەموو خشۆکەکانی ناو ئاوەکان و هەموو زیندەوەرێکی ناو ئاوەکان، قێزەونە بۆتان. 11بۆتان قێزەون دەبێت، لە گۆشتەکەی ناخۆن و قێزتان لە کەلاکەکەی دەبێتەوە. 12هەموو ئەوەی باڵ و پوولەکەی نەبێت لەناو ئاوەکان، بۆتان قێزەونە.

13«”لە باڵندەکانیش، قێزتان لەمانە دەبێتەوە، ناخورێن، قێزەونن، هەڵۆ و سیسارکە کەچەڵ و داڵاش، 14واشەی سوور و هەموو جۆرەکانی واشەی ڕەش، 15هەموو جۆرەکانی قەلەڕەش، 16کوندەپەپووی شاخدار و بایەقووش11‏:16 بایەقووش: جۆرێکە لە کوندەپەپوو.‏، مەلی دەریا، هەموو جۆرەکانی باز، 17کوندەپەپووی بچووک، مەلی ماسیگرە، کوندەپەپووی گەورە، 18کوندەپەپووی سپی و کوندەپەپووی بیابان، واشەی ماسیگر، 19لەقلەق و هەموو جۆرەکانی شاهۆ و پەپوسڵێمانکە و شەمشەمەکوێرە.

20«”هەموو مێرووێکی باڵدار کە لەسەر چوار پێ بڕوات بۆ ئێوە قێزەونە. 21لەنێو هەموو مێرووێکی باڵدار کە لەسەر چوار پێ دەڕوات تەنها ئەمانە دەخۆن، ئەوەی دوو لاقی نوشتاوەی هەیە لەسەر قاچەکانی و پێیان هەڵدەبەزێتەوە لەسەر زەوی، 22ئەمە بە هەموو جۆرەکانییەوە دەخۆن: کوللە و سۆلام11‏:22 سۆلام: باڵدارێکی بچووکی ڕەنگ سەوزە، وەک بێوکە لە شەودا چالاکە و لە ڕۆژدا بەهۆی لێکچوونی لەگەڵ گەڵا، لەژێر گەڵاکاندا خۆی حەشار دەدات.‏ و بێوکە11‏:22 بێوکە: لە شێوەی کوللەیە و بچووکە، لە شوێنی شێدار دەژیێت، ئێواران زیکەزیک دەکات.‏ و پێکوڕە. 23بەڵام ئەوانی دیکە هەر مێرووێکی باڵدار کە چوارپێی هەبێت قێزەونە بۆتان.

24«”بەمانە گڵاو دەبن، هەرکەسێک دەست لە کەلاکیان بدات یان بەر کەلاکیان بکەوێت، ئەوا هەتا ئێوارە گڵاو دەبێت، 25هەر یەکێک کەلاکیان هەڵبگرێت، دەبێت جلەکانی بشوات و هەتا ئێوارە گڵاو دەبێت.

26«”هەموو ئەو ئاژەڵانەش کە سمیان بە تەواوی شەق نەبێت، یان کاوێژ نەکات، ئەوا گڵاوە بۆتان و هەرکەسێک دەست لە کەلاکی هەر یەکێکیان بدات یان بەر کەلاکی هەر یەکێکیان بکەوێت ئەوا گڵاو دەبێت. 27هەر ئاژەڵێکیش لە چوار پێیەکان کە لەسەر ناولەپی بڕوات، گڵاوە بۆتان و هەرکەسێک دەست لە کەلاکیان بدات یان بەر کەلاکیان بکەوێت، هەتا ئێوارە گڵاو دەبێت، 28هەرکەسێک کەلاکیان هەڵبگرێت، دەبێت جلەکانی بشوات و هەتا ئێوارە گڵاو دەبێت، ئەوە گڵاوە بۆتان.

29«”ئەمەش گڵاوە بۆتان لەوانەی لەسەر زەوی دەخشێن، ڕاسۆ11‏:29 ڕاسۆ یان مشکی خورما: گیاندارێکی گۆشتخۆری درێژکۆڵەی قاچ کورتی کلک تووکن و درێژە.‏، جرج11‏:29 یان جورج.‏، مارمێلکە بە هەموو جۆرەکانییەوە، 30قومقمۆکە، بزنمژ، شەوگەرد، مارمێلکەی خشۆک و کامیلۆن. 31ئەمانە گڵاوەکانن بۆتان لە هەموو خشۆکەکان، هەرکەسێک دەستیان لێ بدات یان بەریان بکەوێت دوای مرداربوونیان، ئەوا هەتا ئێوارە گڵاو دەبێت. 32هەر شتێکیش یەکێک لەوانەی کەوتە سەری کە مردبوو، ئەو شتە گڵاو دەبێت، لە هەر شتێک، دار بێت یان قوماش یان پێست یان گوش11‏:32 ڕیشاڵی ڕووەک بۆ دروستکردنی گوش و گونییە بەکارهاتووە، کە لەو سەردەمە بەرگی ماتەمی لێ دروستدەکرا.‏، هەر شتێک کە کاری پێ بکرێت، دەخرێتە ناو ئاوەوە و هەتا ئێوارە گڵاو دەبێت و پاشان پاک دەبێتەوە. 33هەر دەفرێکی11‏:33 جام یان دەوری بۆ پێداویستی خواردن.‏ گڵینیش ئەمانەی بکەوێتە ناوی، هەرچی تێیدایە گڵاو دەبێت و دەفرەکەش دەشکێنن. 34هەر خواردنێکیش کە بخورێت، لەو دەفرەیە ئاوی بەسەردا بکرێت، گڵاو دەبێت. هەر خواردنەوەیەکیش کە لەو دەفرەیە بخورێتەوە، گڵاو دەبێت. 35هەر شتێک کەلاکی یەکێک لەوانەی تێبکەوێت، گڵاو دەبێت، ئەگەر تەنوور بێت یان ئاگردان، دەبێت تێکبدرێت، ئەوە گڵاوە و بۆ ئێوە گڵاو دەبێت. 36تەنها کانی و ئەمباراو کە ئاویان تێدا کۆدەبێتەوە، ئەوان پاک دەبن، بەڵام هەرکەسێک دەست لە کەلاکی هەر یەکێکیان بدات یان بەر کەلاکی هەر یەکێکیان بکەوێت، ئەوا گڵاو دەبێت. 37ئەگەر کەلاکی یەکێکیان کەوتە سەر هەر تۆوێک کە بچێنرێت، ئەوا تۆوەکە پاکە، 38بەڵام ئەگەر ئاو لەسەر تۆوەکە هەبوو و کەلاکی یەکێکیانی کەوتە سەر، گڵاوە بۆتان.

39«”ئەگەر یەکێک لەو ئاژەڵانەی کە خواردنە بۆتان مرد، هەرکەسێک دەست لە کەلاکی بدات یان بەر کەلاکی بکەوێت، ئەوا هەتا ئێوارە گڵاو دەبێت. 40هەر یەکێکیش لە کەلاکەکەی بخوات، ئەوا جلەکانی دەشوات و هەتا ئێوارە گڵاو دەبێت، هەر یەکێکیش کەلاکەکەی هەڵبگرێت، ئەوا جلەکانی دەشوات و هەتا ئێوارە گڵاو دەبێت.

41«”هەموو خشۆکێکیش کە لەسەر زەوی دەخشێت، ئەوە قێزەونە و ناخورێت. 42هەرچی لەسەر سکی بڕوات و هەرچی لەسەر چوارپێ بڕوات لەگەڵ هەموو ئەوەی پێی زیاترە، لە هەموو خشۆکەکان کە لەسەر زەوی دەخشێن مەیخۆن، چونکە قێزەونە بۆتان. 43خۆتان پیس مەکەن بە خشۆکێک کە دەخشێت، خۆتانی پێ گڵاو مەکەن و پێی گڵاو مەبن. 44من یەزدانی پەروەردگارتانم، خۆتان تەرخان بکەن و پیرۆز بن، چونکە من پیرۆزم. خۆتان بە خشۆکێک کە لەسەر زەوی دەخشێت گڵاو مەکەن. 45من یەزدانم ئەوەی کە لە خاکی میسرەوە دەریهێنان بۆ ئەوەی ببێتە خوداتان، کەواتە پیرۆز بن، چونکە من پیرۆزم.

46«”ئەمانە ڕێنماییەکانن دەربارەی ئاژەڵ و باڵندەکان و هەموو گیانلەبەرێک کە لەناو ئاو دەجوڵێت و هەموو گیانێک کە لەسەر زەوی دەخشێت. 47پێویستە گڵاو و پاک و ئەو زیندەوەرانەی دەخورێن و ئەو زیندەوەرانەی ناخورێن لێک جیا بکەنەوە.“»