لێڤییەکان 10 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

لێڤییەکان 10:1-20

مردنی ناداب و ئەبیهو

1دوو کوڕی هارون، ناداب و ئەبیهو، هەریەکە و بخووردانەکەی خۆی برد و ئاگریان تێدا کردەوە و بخووریان بەسەردا کرد. لەبەردەم یەزدان ئاگرێکی نامۆیان پێشکەش کرد، کە ئەو فەرمانی پێیان نەدابوو. 2ئیتر ئاگرێک لەلایەن یەزدانەوە کڵپەی کرد، هات و ئەوانی هەڵلووشی و لەبەردەم یەزدان مردن. 3موساش بە هارونی گوت: «ئەمە بوو مەبەستی یەزدان کاتێک فەرمووی:

«”لەنێو ئەوانەی لێم نزیک دەبنەوە

پیرۆزی خۆم دەردەخەم و

لەبەردەم هەموو گەل

شکۆدار دەبم.“»

هارون بێدەنگ بوو.

4موسا بانگی میشائیل و ئەلسافانی کرد، دوو کوڕەکەی عوزیێلی مامی هارون و پێی گوتن: «وەرنە پێش، ئامۆزاکانتان لەبەردەم پیرۆزگا هەڵبگرن بۆ دەرەوەی ئۆردوگاکە.» 5ئەوانیش هاتنە پێش و بە کراسەکانیان هەڵیانگرتن بۆ دەرەوەی ئۆردوگاکە، هەروەک موسا گوتی.

6هەروەها موسا بە هارون و ئەلعازار و ئیتاماری کوڕەکانی هارونی گوت: «سەرتان ڕووت مەکەن و جلەکانتان مەدڕێنن، نەوەک بمرن و تووڕەیی یەزدان بێتە سەر هەموو کۆمەڵ. بەڵام کەسوکارتان، هەموو بنەماڵەی ئیسرائیل بۆ ئەوانە بگریێنن کە یەزدان بە ئاگر لەناوی بردوون. 7لە دەروازەی چادری چاوپێکەوتنیش دەرمەچن، نەوەک بمرن، چونکە زەیتی دەستنیشانکردنی یەزدان لەسەرتانە.» ئەوانیش بەگوێرەی قسەکەی موسایان کرد.

8هەروەها یەزدان بە هارونی فەرموو: 9«شەراب و مەی مەخۆرەوە، خۆت و کوڕەکانیشت، لە کاتی چوونە ژوورەوەتان بۆ ناو چادری چاوپێکەوتن، نەوەک بمرن. ئەمە فەرزێکی هەتاهەتاییە نەوە دوای نەوە، 10بۆ ئەوەی بتوانن لەنێوان پیرۆز و پیرۆزنەکراو و لەنێوان پاک و گڵاو جیاکاری بکەن، 11هەروەها بۆ ئەوەی نەوەی ئیسرائیل دەربارەی هەموو فەرزەکان فێر بکەن کە یەزدان لە ڕێگەی موساوە لەگەڵیاندا دوا.»

12موساش بە هارونی برای و دوو کوڕەکەی هارون، ئەلعازار و ئیتامار کە مابوونەوە گوتی: «ئەو پێشکەشکراوە دانەوێڵەیەی لە قوربانییە بە ئاگرەکانی بۆ یەزدان ماوەتەوە، بیبەن و لەتەنیشت قوربانگاکە بەبێ هەویرترش بیخۆن، چونکە هەرەپیرۆزە. 13لە شوێنێکی پیرۆز بیخۆن، چونکە بەشی تۆ و بەشی کوڕەکانتە لە قوربانییە بە ئاگرەکانی بۆ یەزدان، چونکە من بەو شێوەیە فەرمانم داوە. 14بەڵام سنگی بەرزکراوە و ڕانی پێشکەشکراو لە شوێنێکی پاک دەخۆن، خۆت و کوڕەکانت و کچەکانت، چونکە کراون بە بەشی تۆ و بەشی کوڕەکانت لە قوربانییەکانی هاوبەشی نەوەی ئیسرائیل. 15ڕانی پێشکەشکراو و سنگی بەرزکراوە لەگەڵ پیوەکانی قوربانی بە ئاگر دەهێنن، هەتا لەبەردەم یەزدان وەک قوربانی بەرزکردنەوە بەرز بکرێنەوە. ئەمانە بۆ تۆ و بۆ کوڕەکانت دەبن کە لەگەڵتدان، بەشێکی چەسپاوە، هەروەک یەزدان فەرمانی دا.»

16کاتێک موسا داوای گیسکەکەی قوربانی گوناهی کرد و بۆی دەرکەوت کە سووتێنراوە، لە ئەلعازار و ئیتامار کە دوو کوڕەکەی هارون بوون و مابوونەوە، تووڕە بوو و گوتی: 17«بۆچی قوربانییەکەی گوناهتان لە پیرۆزگادا نەخوارد؟ بێگومان کە هەرەپیرۆزە و پێتان دراوە بۆ ئەوەی تاوانی کۆمەڵەکە هەڵبگرن بۆ کەفارەت بۆیان لەبەردەم یەزدان، 18لەو کاتەوە خوێنەکەی بۆ ژوورەوەی شوێنی پیرۆز نەهێنرا، بێگومان دەبووایە لە پیرۆزگا بیخۆن، هەروەک فەرمانم داوە.»

19هارون وەڵامی موسای دایەوە: «ئەوان ئەمڕۆ قوربانی گوناهە و قوربانی سووتاندنیان لەبەردەم یەزدان پێشکەش کرد و شتێکی وام تووش بوو. ئەگەر ئەمڕۆ من لە قوربانی گوناهم بخواردایە، ئایا لەبەرچاوی یەزدان ئەمە پەسەند دەبوو؟» 20کە موسا گوێی لەمە بوو، لەبەرچاوی پەسەند بوو.