لۆقا 16 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

لۆقا 16:1-31

نموونەی سەرکاری ناپاک

1هەروەها عیسا بە قوتابییەکانی فەرموو: «کابرایەکی دەوڵەمەند سەرکارێکی هەبوو، سکاڵای بەفیڕۆدانی ماڵەکەی لەسەری پێگەیشت. 2کابرای دەوڵەمەند بانگی کرد و لێی پرسی: ”ئەمە چییە لەسەر تۆ دەیبیستمەوە؟ بڕۆ حیسابی سەرکارییەکەت بکە و بیخە بەردەستم، چونکە ئیتر ناتوانیت سەرکار بیت.“

3«سەرکارەکە بە خۆی گوت: ”چی بکەم، چونکە گەورەکەم سەرکارییەکەم لێ دەسەنێتەوە؟ ناتوانم زەوی بکێڵم و شەرمیش دەکەم سواڵ بکەم. 4بەڵام دەزانم چی دەکەم، بۆ ئەوەی کاتێک لە سەرکارییەکە دەرکرام، خەڵکی لە ماڵەکانیان پێشوازیم لێ بکەن.“

5«جا هەریەکە لە قەرزارەکانی گەورەکەی بانگکرد. بە یەکەمیانی گوت: ”چەند قەرزاری گەورەکەمیت؟“

6«گوتی: ”سەد هیزە زەیتی زەیتوون.16‏:6 نزیکەی سێ هەزار لیتر.‏

«ئەویش پێی گوت: ”پسوولەکەت وەربگرە و دانیشە، خێرا بنووسە پەنجا.“

7«بەوی دیکەی گوت: ”تۆ چەندت لەسەرە؟“

«گوتی: ”سەد ڕبە گەنم.“

«پێی گوت: ”پسوولەکەت وەربگرە و بنووسە هەشتا.“

8«جا گەورەکە ستایشی سەرکارە ناپاکەکەی کرد کە ژیرانە جوڵایەوە، جا ئەو خەڵکانەی ئەم جیهانەیان هەڵبژاردووە، لە هەڵسوکەوتکردن لەگەڵ هاوشێوەکانیاندا لە گەلی پیرۆزی خودا ژیرترن. 9منیش پێتان دەڵێم: بە سامانی ئەم دنیایە16‏:9 یۆنانی: سامانی ناڕەوا.‏ دۆستی خۆتان دروستبکەن، تاکو ئەگەر نەما، خودا لە ماڵی هەتاهەتایی پێشوازیتان لێ بکات.

10«ئەوەی لە کەم دەستپاکە لە زۆریش دەستپاکە، ئەوەی لە کەم ناپاکە لە زۆریش ناپاکە. 11ئەگەر لە سامانی ئەم دنیایە دەستپاک نەبن، کێ سامانی ڕاستەقینەی بە ئێوە دەسپێرێت؟ 12ئەگەر لە شتی خەڵکی دەستپاک نەبن، کێ شتی خۆیتان دەداتێ؟

13«خزمەتکار نییە بتوانێت کۆیلایەتی دوو گەورە بکات، چونکە ڕقی لە یەکێکیان دەبێتەوە و ئەوەی دیکەی خۆشدەوێت، یان دەست بە یەکێکیانەوە دەگرێت و ئەوەی دیکە پشتگوێ دەخات. ئێوەش ناتوانن کۆیلەی خودا و پارە بن.»

14فەریسییەکانیش کە پارەیان خۆشدەویست، گوێیان لە هەموو ئەمانە بوو، گاڵتەیان پێکرد. 15عیساش پێی فەرموون: «لەنێو خەڵکدا خۆتان بە بێتاوان دەردەخەن، بەڵام خودا دڵتان دەناسێت. ئەوەی لای خەڵکی پایەدارە، لای خودا قێزەونە.

16«تەورات و پەیامی پێغەمبەران هەتا هاتنی یەحیا ڕاگەیەنران، لەو کاتە بەولاوە مزگێنی پاشایەتی خودا دەدرێت و هەموو کەسێک تێدەکۆشێت بچێتە ناوی.16‏:16 بڕوانە مەتا 11‏:12‏.‏ 17بەڵام نەمانی زەوی و ئاسمان ئاسانترە لە کەوتنی خاڵێکی تەورات.

تەڵاقدان

18«ئەوەی ژنەکەی تەڵاق بدات و یەکێکی دیکە بهێنێت، داوێنپیسی دەکات. ئەوەش کە تەڵاقدراوێک دەهێنێت داوێنپیسی دەکات.

نموونەی هەژارێک و دەوڵەمەندێک

19«پیاوێکی دەوڵەمەند هەبوو، جلی ئەرخەوانی و کەتانی ناسکی لەبەر دەکرد و هەموو ڕۆژێکی بە خۆشی ڕادەبوارد. 20هەژارێکیش ناوی لەعازر بوو، لە بەردەرگاکەی کەوتبوو، هەموو جەستەی برین بوو، 21پەرۆش بوو لەو بەرماوەیە تێربێت کە لە خوانی دەوڵەمەندەکە دەکەوتە خوارەوە. تەنانەت سەگیش دەهاتن برینەکانیان دەلێستەوە.

22«ئیتر هەژارەکە مرد و فریشتە بۆ باوەشی ئیبراهیم هەڵیانگرت. دەوڵەمەندەکەش مرد و نێژرا. 23لە جیهانی مردووان16‏:23 یۆنانی: هادیس‏، بڕوانە مەتا 11‏:23‏.‏ سەری هەڵبڕی و ئازاری دەچێژت، لە دوورەوە ئیبراهیمی بینی و لەعازری لە باوەش بوو. 24هاواری کرد: ”باوکە ئیبراهیم، بەزەییت پێمدا بێتەوە، لەعازر بنێرە تاکو سەری پەنجەی بە ئاو تەڕ بکات و زمانم فێنک بکاتەوە، وا لەناو ئەم گڕەدا ئازار دەچێژم.“

25«ئیبراهیم گوتی: ”کوڕم، لەبیرتە لە ژیانتدا شتە باشەکانی خۆتت وەرگرت و لەعازریش شتە خراپەکان. بەڵام ئێستا وا لێرە دڵنەوایی دەکرێت و تۆش ئازار دەچێژیت. 26سەرەڕای هەموو ئەمانەش، بۆشاییەکی گەورە لەنێوان ئێمە و ئێوەدا دانراوە، تاوەکو ئەوانەی بیانەوێ لێرەوە بۆ لاتان بێن نەتوانن و کەسیش لەوێوە بۆ لای ئێمە نەپەڕێتەوە.“

27«ئەویش گوتی: ”کەواتە باوکە، لێت دەپاڕێمەوە لەعازر بنێرە بۆ ماڵی باوکم، 28چونکە پێنج برام هەیە، تاکو ئاگاداریان بکاتەوە، نەوەک ئەوانیش بۆ ئەم شوێنی ئازاردانە بێن.“

29«بەڵام ئیبراهیم پێی گوت: ”موسا و پێغەمبەرانیان16‏:29 پێغەمبەرانی پەیمانی کۆن.‏ هەیە، با گوێ لەوان بگرن.“

30«ئەویش گوتی: ”نەخێر باوکە ئیبراهیم، بەڵام ئەگەر یەکێک لەناو مردووانەوە بچێتە لایان، ئەوا تۆبە دەکەن.“

31«پێی گوت: ”ئەگەر گوێ لە موسا و پێغەمبەران نەگرن، تەنانەت یەکێک لەناو مردووانیش هەستێتەوە، قەناعەتیان پێ نایێت.“»