لۆقا 14 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

لۆقا 14:1-35

چاککردنەوەی نەخۆش لە شەممە

1ئەوە بوو لە ڕۆژی شەممەدا کاتێک عیسا بۆ نانخواردن چووە ماڵی یەکێک لە سەرکردە فەریسییەکان، ئەوانەی لەوێ بوون چاودێرییان دەکرد. 2پیاوێکیش کە نەخۆشی ئاوبەندی هەبوو لە بەرامبەری بوو. 3عیسا لە تەوراتناس و فەریسییەکانی پرسی: «ئایا لە ڕۆژی شەممەدا چاککردنەوە دروستە یان نا؟» 4ئەوان بێدەنگ بوون. ئەویش کابرای گرت و چاکیکردەوە و بەڕێی کرد.

5پێی فەرموون: «کامەتان کوڕەکەی یان گایەکەی لە ڕۆژی شەممەدا بکەوێتە بیرەوە دەستبەجێ دەریناهێنێت؟» 6نەیانتوانی هیچ وەڵامێکی بدەنەوە.

نموونەی بانگهێشتکراوان

7کاتێک تێبینی کرد چۆن بانگهێشتکراوان ڕیزی پێشەوە دەگرن، نموونەیەکی هێنایەوە و فەرمووی: 8«کاتێک یەکێک بۆ شایی بانگهێشتت دەکات، لە ڕیزی پێشەوە دامەنیشە، نەوەک لە تۆ ڕێزدارتریشی بانگهێشت کردبێت. 9ئینجا ئەوەی تۆ و ئەوی بانگهێشت کردووە، دێت و پێت دەڵێ: ”شوێنەکەت بۆ ئەمە چۆڵ بکە،“ تۆش تەریق دەبیتەوە و ڕیزی دواوە دەگریت. 10بەڵام کاتێک بانگهێشت دەکرێیت بڕۆ لە دواوە دانیشە، تاوەکو کاتێک ئەوەی بانگهێشتی کردوویت، بێت و پێت بڵێت: ”هاوڕێم، هەستە وەرە پێشەوە.“ ئەوسا لەبەرچاوی هەموو ئەوانەی لەگەڵت دانیشتوون قەدرگران دەبیت. 11بەم شێوەیە ئەوەی خۆی بەرز بکاتەوە نزم دەکرێتەوە، ئەوەش خۆی نزم بکاتەوە بەرز دەکرێتەوە.»

12ئینجا بەوەی گوت کە بانگهێشتی کردووە: «کاتێک نانی نیوەڕۆ یان ئێوارە ئامادە دەکەیت، هاوڕێ و برا و خزم و دراوسێ دەوڵەمەندەکانت بانگ مەکە، نەوەک ئەوانیش بانگت بکەنەوە، چاکەت بدەنەوە. 13بەڵکو ئەگەر میواندارییەکت کرد، هەژار و پەککەوتە و شەل و کوێر بانگهێشت بکە. 14خۆزگەت پێ دەخوازرێ، چونکە نییانە پاداشتت بدەنەوە، تۆش لە هەستانەوەی ڕاستودروستان پاداشت دەدرێیتەوە.»

نموونەی شێوە گەورەکە

15یەکێک لە میوانەکان ئەمەی بیست و گوتی: «خۆزگە دەخوازرێت بەوەی لە شانشینی خودا نان دەخوات.»

16عیسا وەڵامی دایەوە: «کابرایەک شێوێکی گەورەی ئامادە کرد و خەڵکێکی زۆری بانگهێشت کرد. 17لە کاتی نانخواردندا کۆیلەیەکی خۆی نارد تاکو بە بانگهێشتکراوان بڵێت: ”فەرموون، ئێستا هەموو شتێک ئامادەیە.“

18«بەڵام هەموو وەک یەک داوای لێبوردنیان کرد. یەکەمیان پێی گوت: ”کێڵگەیەکم کڕیوە و پێویستە بڕۆم بیبینم، تکایە لێم ببورە.“

19«یەکێکی دیکە گوتی: ”پێنج جووت گام کڕیوە و دەچم بزانم چۆنن، تکایە لێم ببورە.“

20«یەکێکی دیکەشیان گوتی: ”ژنم هێناوە، لەبەر ئەوە ناتوانم بێم.“

21«کۆیلەکەش هاتەوە و ئەمانەی بە گەورەکەی ڕاگەیاند. خاوەن ماڵ تووڕە بوو و بە کۆیلەکەی گوت: ”خێرا بڕۆ بۆ شەقام و کۆڵانەکانی شار، هەژار و پەککەوتە و کوێر و شەلەکان بهێنە ئێرە.“

22«پاش ماوەیەک کۆیلەکە گەڕایەوە و گوتی: ”گەورەم ئەوەی فەرمانت دا کرا، هێشتا شوێن ماوە.“

23«گەورەکە بە کۆیلەکەی گوت: ”بڕۆ دەرەوە بۆ ڕێگا و ڕێچکەکان بە زۆر خەڵک بهێنە ژوورەوە، تاکو ماڵەکەم پڕبێت. 24پێتان دەڵێم، لەوانەی بانگهێشت کرابوون کەس تامی شێوەکەم ناکات.“»

بەهای شوێنکەوتنی عیسا

25خەڵکێکی زۆر لەگەڵ عیسا دەڕۆیشتن بە ڕێگادا، ئاوڕی دایەوە و پێی گوتن: 26«ئەگەر یەکێک بێتە لام و ڕقی14‏:26 مەبەستی لەوەیە عیسای لە دایک و باوکی خۆشتربوێت، بڕوانە مەتا 10‏:37‏.‏ لە دایک و باوکی، ژن و منداڵی، برا و خوشکەکانی نەبێتەوە، بگرە لە خۆشی، ناتوانێت ببێتە قوتابی من. 27ئەوەی خاچەکەی هەڵنەگرێت و دوام نەکەوێت، ناتوانێت ببێتە قوتابی من.

28«کێ لە ئێوە ئەگەر بیەوێت قوللەیەک دروستبکات، یەکەم جار دانانیشێت و خەرجییەکەی ناخەمڵێنێت، ئاخۆ ئەوەندەی هەیە بۆ تەواوکردنی؟ 29نەوەک بناغەکەی دابنێت و نەتوانێت تەواوی بکات، ئەوسا هەموو ئەوانەی دەیبینن گاڵتەی پێ دەکەن، 30دەڵێن: ”ئەم پیاوە دەستی بە بینا دروستکردن کرد و نەیتوانی تەواوی بکات.“

31«یان چ پاشایەک دەچێتە شەڕی پاشایەکی دیکە و یەکەم جار دانانیشێت و ڕاوێژ ناکات، ئایا بە دە هەزار کەسەوە دەتوانێت بەرەنگاری ئەوە ببێتەوە کە بە بیست هەزارەوە دێتە سەری؟ 32ئەگینا خۆ تاکو دوورە، شاندێکی بۆ دەنێرێت و داوای ئاشتی دەکات. 33بەم شێوەیە، هەر یەکێکتان ئەگەر واز لە هەموو شتێک نەهێنێت کە هەیەتی، ناتوانێت ببێتە قوتابی من.

34«خوێ باشە، بەڵام ئەگەر سوێرییەکەی نەما، چۆن تامە سوێرەکەی بۆ دەگەڕێندرێتەوە؟ 35ئەوسا نە بەکەڵکی زەوی دێت و نە بەکەڵکی پەیین دێت، بەڵکو فڕێدەدرێتە دەرەوە.

«ئەوەی گوێی هەیە بۆ بیستن، با ببیستێت.»