لۆقا 13 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

لۆقا 13:1-35

پێویستی تۆبەکردن

1هەر لەو کاتەدا هەندێک لەوێ بوون، باسی ئەو جەلیلییانەیان بۆ عیسا کرد کە پیلاتۆس خوێنی لەگەڵ قوربانییەکانیان تێکەڵاو کرد. 2عیسا وەڵامی دایەوە: «وا دەزانن ئەو جەلیلییانە لە هەموو جەلیلییەکانی دیکە گوناهبارتر بوون، چونکە بەم شێوەیە ئازاریان چێژت؟ 3پێتان دەڵێم: نەخێر، بەڵام ئەگەر تۆبە نەکەن هەمووتان بەو شێوەیە لەناودەچن. 4یان ئەو هەژدە کەسەی لە سیلوام قوللەکەیان بەسەردا کەوت و کوشتنی، لە هەموو دانیشتووانی ئۆرشەلیم گوناهبارتر بوون؟ 5من پێتان دەڵێم: نەخێر، بەڵام ئەگەر تۆبە نەکەن هەمووتان بەو شێوەیە لەناودەچن.»

نموونەی هەنجیری بێ بەر

6ئینجا ئەم نموونەیەی باسکرد: «کابرایەک دار هەنجیرێکی لە ڕەزەکەیدا چاندبوو، بۆ بەرهەم هات و پێوەی نەبینی. 7بە ڕەزەوانەکەی گوت: ”تەماشا بکە، سێ ساڵە بۆ بەری ئەم دار هەنجیرە دێم و پێوەی نابینم! بیبڕەوە، بۆچی زەویش داگیر بکات؟“

8«ڕەزەوانەکە وەڵامی دایەوە: ”گەورەم، ئەم ساڵیش وازی لێبهێنە، تاکو دەوروبەری هەڵدەگێڕمەوە و پەیینی پێدا دەکەم. 9بەڵکو دواتر بەر بگرێت، ئەگینا بیبڕەوە.“»

چاککردنەوەی ژنێک لە شەممە

10عیسا لە ڕۆژی شەممەدا لە یەکێک لە کەنیشتەکان خەریکی فێرکردن بوو، 11ژنێک بەهۆی ڕۆحێکی پیسەوە هەژدە ساڵ نەخۆش بوو، قەمبوور بوو و هەرگیز نەیدەتوانی بە تەواوی ڕاستبێتەوە. 12عیسا ژنەکەی بینی، بانگی کرد: «خانم، لە نەخۆشییەکەت ئازاد کرایت.» 13ئینجا هەردوو دەستی خستە سەری و دەستبەجێ ڕاستبووەوە و ستایشی خودای کرد.

14پێشەوای کەنیشتیش تووڕە بوو کە عیسا لە شەممەدا خەڵکی چاککردەوە، بە خەڵکەکەی گوت: «شەش ڕۆژ هەیە کە پێویستە کاریان تێدا بکرێت، لەواندا وەرن و چاکبنەوە، نەک لە ڕۆژی شەممەدا.»

15مەسیحیش وەڵامی دایەوە: «ئەی دووڕووان! ئایا هەر یەک لە ئێوە لە ڕۆژی شەممەدا گا یان گوێدرێژەکەی لە ئاخوڕ ناکاتەوە و بیبات ئاوی بدات؟ 16ئەوەش کە کچی ئیبراهیمە و هەژدە ساڵە شەیتان بەستویەتییەوە، نەدەبوو لە ڕۆژی شەممەدا لەم بەندە ئازاد بێت؟»

17کە ئەمەی فەرموو، هەموو بەرهەڵستکارانی شەرمەزار بوون، بەڵام تەواوی خەڵکەکە دڵشاد بوون بەو کارە مەزنانەی کە عیسا ئەنجامی دەدا.

نموونەی دەنکە خەرتەلە و هەویر‏ترش

18ئینجا عیسا فەرمووی: «شانشینی خودا لە چی دەچێت؟ بە چی بەراوردی بکەم؟ 19لە دەنکە خەرتەلەیەک13‏:19 گیایەکی یەک ساڵەیە و چەندین جۆری هەیە. جۆرێکی لە وڵاتی ئیسرائیل هەیە کە بەرزییەکەی دەگاتە نزیکەی 3 بۆ 4 مەتر.‏ دەچێت، کابرایەک بردی و لەناو باخەکەی چاندی، جا گەشەی کرد و بوو بە درەختێک، باڵندەی ئاسمان لەناو لقەکانی هێلانەیان کرد.»

20دیسان فەرمووی: «شانشینی خودا بە چی بەراورد بکەم؟ 21لە هەویرترشێک دەچێت، ئافرەتێک هێنای و کردییە ناو سێ پێوانە13‏:21 یۆنانی: سێ ساتا‏، واتا 22 لیتر.‏ ئاردەوە، هەتا هەمووی هەڵهات.»

دەرگای تەنگ

22کاتێک عیسا دەچووە ئۆرشەلیم، بە شار و گوندەکاندا تێدەپەڕی و خەڵکی فێردەکرد. 23یەکێک پێی گوت: «گەورەم، ئایا کەمن ئەوانەی ڕزگاریان دەبێت؟»

ئەویش پێی فەرموون: 24«کۆشش بکەن تاکو لە دەرگای تەنگەوە بچنە ژوورەوە، چونکە، پێتان دەڵێم، زۆر کەس هەوڵدەدەن بچنە ژوورەوە و ناتوانن. 25لەو دەمەی خاوەن ماڵ هەڵدەستێت و دەرگا دادەخات، ئێوە لە دەرەوە دەوەستن، لە دەرگا دەدەن و تکا دەکەن: ”گەورەم، لێمان بکەوە!“

«وەڵام دەداتەوە: ”من ناتانناسم و نازانم ئێوە خەڵکی کوێن.“

26«ئەوسا دەڵێن: ”لەگەڵت خواردمان و خواردمانەوە و لە شەقامەکانمان فێرت کردین.“

27«ئینجا دەڵێت: ”من ناتانناسم و نازانم ئێوە خەڵکی کوێن. ئەی هەموو بەدکاران، لێم دوور بکەونەوە!“

28«کاتێک دەبینن ئیبراهیم و ئیسحاق و یاقوب و هەموو پێغەمبەران لە شانشینی خودان، بەڵام ئێوە دەرکراون، جا گریان و جیڕەی ددان لەوێ دەبێت. 29خەڵکی لە ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا و باکوور و باشوورەوە دێن و لە شانشینی خودا لەسەر خوان دادەنیشن. 30ئەوەتا دواهەمین هەن دەبنە یەکەمین و یەکەمینیش هەن دەبنە دواهەمین.»

عیسا و هێرۆدس

31لەو کاتەدا هەندێک فەریسی هاتن و پێیان گوت: «ئێرە بەجێبهێڵە و بڕۆ، چونکە هێرۆدس دەیەوێت بتکوژێت.»

32ئەویش پێی فەرموون: «بڕۆن بەو ڕێویە بڵێن، ”ئەوەتا ئەمڕۆ و بەیانی ڕۆحە پیسەکان دەردەکەم و خەڵکی چاک دەکەمەوە، لە ڕۆژی سێیەمیش هەموو شتێک تەواو دەکەم13‏:32 مەبەست لە لەخاچدان و هەستانەوەیە.‏.“ 33بەڵام بۆ من پێویستە ئەمڕۆ و سبەی و دووسبەی بڕۆم، چونکە نابێت پێغەمبەرێک لە دەرەوەی ئۆرشەلیم بمرێت.

عیسا دڵتەنگە بۆ ئۆرشەلیم

34«ئەی ئۆرشەلیم، ئەی ئۆرشەلیم، بکوژی پێغەمبەران و بەردبارانکەری ئەوانەی بۆت نێردران، چەند جار ویستم منداڵەکانت کۆبکەمەوە، هەروەک چۆن مریشک جوجەڵەکانی لەژێر باڵیدا کۆدەکاتەوە، بەڵام نەتانویست. 35ئەوەتا ماڵەکەتان بە وێرانی بۆ بەجێدەهێڵدرێ. پێتان دەڵێم، ئیتر نامبیننەوە، هەتا ئەو کاتە دێت کە دەڵێن، ﴿پیرۆزە ئەوەی بە ناوی یەزدانەوە دێت.13‏:35 زەبوورەکان 118‏:26﴾»