لۆقا 11 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

لۆقا 11:1-54

فێرکردن دەربارەی نوێژ

1جارێک عیسا لە شوێنێکدا نوێژی دەکرد، کاتێک لە نوێژەکەی بووەوە، یەکێک لە قوتابییەکانی پێی گوت: «گەورەم، فێری نوێژمان بکە، هەروەک چۆن یەحیا قوتابییەکانی خۆی فێرکرد.»

2پێی فەرموون: «کاتێک نوێژ دەکەن، بڵێن:

”باوکە،

با ناوت پیرۆز بێت،

با پاشایەتییەکەت بێ،

3نانی ڕۆژانەمان هەموو ڕۆژێک بدەرێ.

4لە گوناهەکانمان خۆشبە،

چونکە ئێمەش لەوانە خۆشدەبین کە خراپەمان بەرامبەر دەکەن.

مەمانخەرە تاقیکردنەوە.“»

5ئینجا پێی فەرموون: «کێ لە ئێوە ئەگەر هاوڕێیەکی هەبێت و لە نیوەشەودا بچێتە لای و پێی بڵێت: ”هاوڕێم، سێ کولێرەم بە قەرز بدەرێ، 6چونکە هاوڕێیەکم لە دوورەوە بۆ لام هاتووە، هیچم نییە لەبەردەمی دابنێم.“ 7ئەمەی ژوورەوە وەڵام دەداتەوە: ”هەراسانم مەکە، دەرگا داخراوە، خۆم و منداڵم لەناو جێگاداین، ناتوانم هەستم و بتدەمێ.“ 8پێتان دەڵێم: ئەگەر لەبەر هاوڕێیەتی هەڵنەستێت و بیداتێ، ئەوا لەبەر پاراستنی ناوبانگی خۆی، هەڵدەستێت و دەیداتێ.

9«لەبەر ئەوە پێتان دەڵێم، داوا بکەن، پێتان دەدرێت، بگەڕێن دەدۆزنەوە، لە دەرگا بدەن، لێتان دەکرێتەوە، 10چونکە هەرکەسێک داوا بکات، وەردەگرێت، ئەوەی بگەڕێت، دەدۆزێتەوە. ئەوەش لە دەرگا دەدات لێی دەکرێتەوە.

11«چ باوکێک لە ئێوە ئەگەر کوڕەکەی داوای ماسی لێ بکات، لە جیاتی ماسی ماری دەداتێ؟ 12یان داوای هێلکە بکات دووپشکی دەداتێ؟ 13جا ئێوە کە خراپن، بزانن شتی باش بدەنە منداڵەکانتان، باوک کە لە ئاسمانە، چەند زیاتر ڕۆحی پیرۆز دەداتە ئەوانەی داوای لێ دەکەن.»

عیسا و سەرۆکی شەیتان

14عیسا ڕۆحێکی پیسی دەردەکرد کە لاڵ بوو، کاتێک ڕۆحە پیسەکە دەرکرا، لاڵەکە قسەی کرد و خەڵکەکە سەرسام بوون. 15بەڵام هەندێکیان گوتیان: «بە بەعل‌زەبولی11‏:15 بەعل‌زەبول: بڕوانە مەتا 10‏:25 شای ڕۆحە پیسەکان، ڕۆحی پیس دەردەکات.» 16هەندێکی دیکەش تاقییان دەکردەوە، داوای نیشانەیەکی ئاسمانییان لێی کرد.

17ئەویش بە بیرکردنەوەیانی زانی، پێی فەرموون: «هەر شانشینێک دووبەرەکی تێبکەوێت وێران دەبێت، هەر ماڵێکیش دووبەرەکی تێبکەوێت تێکدەچێت. 18ئەگەر شەیتان دووبەرەکی تێبکەوێت، ئیتر چۆن شانشینەکەی خۆی ڕادەگرێت؟ چونکە دەڵێن: ”من بە بەعل‌زەبول ڕۆحی پیس دەردەکەم.“ 19باشە ئەگەر من بە بەعل‌زەبول ڕۆحی پیس دەربکەم، ئەی شوێنکەوتەکانی ئێوە بە کێ دەریاندەکەن؟ لەبەر ئەوە ئەوان حوکمتان دەدەن. 20بەڵام ئەگەر من بە پەنجەی خودا ڕۆحی پیس دەربکەم، ئەوا پاشایەتی خودا هاتووەتە سەرتان.

21«کاتێک پیاوێکی بەهێز و چەکدار پارێزگاری لە ماڵەکەی دەکات، ماڵەکەی پارێزراوە. 22بەڵام کاتێک یەکێکی لە خۆی بەهێزتر بێتە سەری دەیبەزێنێت، چەکەکانی لێ دەستێنێ کە پشتی پێی بەستبوو، تاڵانییەکەش دابەش دەکات.

23«ئەوەی لەگەڵ من نییە لە دژی منە، ئەوەش لەگەڵ من کۆناکاتەوە، بڵاو دەکاتەوە.

گەڕانەوەی ڕۆحی پیس

24«کاتێک ڕۆحی پیس لە مرۆڤێک دەردەچێت، لە شوێنە وشکەکاندا بەدوای حەوانەوەدا دەگەڕێت و دەستی ناکەوێت. ئینجا دەڵێت: ”دەگەڕێمەوە بۆ ئەو ماڵەی کە بەجێمهێشت.“ 25کاتێک دەگەڕێتەوە، دەبینێت گسکدراوە و ڕێکخراوە. 26ئەوسا دەچێت و حەوت ڕۆحی پیسی دیکە لە خۆی خراپتر دەهێنێت، دەچنەوە نێو مرۆڤەکە و لەناویدا دەژین، ئینجا کۆتایی ئەو مرۆڤە لە جاران خراپتر دەبێت.»

27کاتێک عیسا ئەمانەی دەگوت، ژنێک لەناو خەڵکەکەوە دەنگی بەرز کردەوە و پێی گوت: «خۆزگە دەخوازرێت بەو سکەی هەڵیگرتووی و بەو مەمکەی شیری پێداوی.»

28ئەویش فەرمووی: «بەڵکو خۆزگە دەخوازرێت بەوانەی کە گوێ لە پەیامی خودا دەگرن و کاری پێدەکەن.»

نیشانەی یونس

29کاتێک خەڵکەکە زیاتر کۆدەبوونەوە، عیسا دەستی کرد بە قسەکردن و فەرمووی: «ئەم نەوەیە نەوەیەکی بەدکارە، داوای نیشانە دەکات، بەڵام نیشانەی نادرێتێ، جگە لە نیشانەی یونس. 30هەروەک چۆن یونس بۆ خەڵکی نەینەوا بوو بە نیشانە، کوڕی مرۆڤیش بۆ ئەم نەوەیە ئاوا دەبێت. 31شاژنی باشوور11‏:31 شاژنی باشوور: مەبەست شاژنە بەلقیسە کە لە سەردەمی حەزرەتی سلێمان فەرمانڕەوای یەمەن بوو.‏ لە ڕۆژی لێپرسینەوەدا لەگەڵ ئەم نەوەیە لە مردن هەڵدەستێتەوە و تاوانباری دەکات، چونکە لەوپەڕی زەوییەوە هات بۆ گوێگرتن لە دانایی سلێمان. ئەوەتا لە سلێمان مەزنتر لێرەیە. 32خەڵکی نەینەوا لە ڕۆژی لێپرسینەوەدا لەگەڵ ئەم نەوەیە لە مردن هەڵدەستنەوە و تاوانباری دەکەن، چونکە تۆبەیان کرد کاتێک یونس پەیامی خودای ڕاگەیاند. ئەوەتا لە یونس مەزنتر لێرەیە.

چاو چرای لەشە

33«کەس چرا هەڵناکات و لە جێیەکی شاراوە یان لەژێر تەشت دایبنێت، بەڵکو لەسەر چرادان، تاکو ئەوانەی دێنە ژوورەوە ڕووناکییەکە ببینن. 34چاوت چرای جەستەتە. کاتێک چاوت ساغ بێت ئەوا جەستەت هەمووی ڕووناکییە، بەڵام کە نەساغ بێت ئەوا جەستەت هەمووی تاریکییە. 35کەواتە ئاگاداربە ئەو ڕووناکییەی لە تۆدایە نەبێت بە تاریکی. 36لەبەر ئەوە ئەگەر هەموو لەشت پڕبێت لە ڕووناکی و هیچ بەشێکی تاریکی تێدا نەبێت، ئەوا هەمووی پڕدەبێت لە ڕووناکی، وەک چرایەک کە بە تیشکی ڕووناکیت بۆ بدات.»

سەرزەنشتکردنی فەریسییەکان

37کاتێک عیسا قسەی دەکرد، فەریسییەک بۆ نانخواردن داوەتی کرد. ئەویش چووە ژوورەوە و دانیشت. 38فەریسییەکە کە بینی عیسا پێش نانخواردن دەستی نەشوشت، سەری سوڕما.

39ئینجا مەسیحی خاوەن شکۆ پێی فەرموو: «ئێوەی فەریسی دەرەوەی جام و قاپ پاک دەکەنەوە، بەڵام ناختان پڕە لە چاوچنۆکی و بەدکاری. 40گێلینە، ئایا ئەوەی دەرەوەی دروستکردووە ناوەوەشی دروستنەکردووە؟ 41بەڵام ئێوە ئەوەی هەتانە بیدەنە هەژاران، ئیتر هەموو شتێک بۆتان پاک دەبێت.

42«بەڵام قوڕبەسەرتان فەریسییەکان، ئێوە دەیەکی پونگ و ڕازیانە و هەموو سەوزەوات دەدەن، بەڵام دادپەروەری و خۆشەویستی خودا پشتگوێ دەخەن. پێویستە ئەمانە پەیڕەو بکەن و ئەوانەی دیکەش پشتگوێ نەخەن.

43«قوڕبەسەرتان فەریسییەکان، چونکە حەزتان لە ڕیزی پێشەوەی کەنیشت و سڵاو لێکردنتانە لە بازاڕدا.

44«قوڕبەسەرتان، ئێوە لەو گۆڕە نادیارانە دەچن کە خەڵکی بێ ئەوەی بزانن بەسەریاندا دەڕۆن.»

45تەوراتناسێک وەڵامی دایەوە: «مامۆستا، بە گوتنی ئەمانە، ئێمەش سووک دەکەیت.»

46عیسا فەرمووی: «قوڕبەسەر ئێوەی تەوراتناسیش، بارێک دەخەنە سەر شانی خەڵکی کە هەڵگرتنی زەحمەتە، بەڵام خۆتان بە هیچ شێوەیەک لە هەڵگرتنی بارەکاندا یارمەتییان نادەن.

47«قوڕبەسەرتان، چونکە ئێوە گۆڕی پێغەمبەران هەڵدەبەستن، کە باوباپیرانتان کوشتوویانن. 48کەواتە ئێوە شایەتن و بە کردەوەی باوباپیرانتان ڕازین، ئەوان پێغەمبەرانیان کوشت و ئێوەش گۆڕەکانیان بۆ هەڵدەبەستن. 49لەبەر ئەوە دانایی خودا فەرمووی: ”من پێغەمبەر و نێردراویان بۆ دەنێرم، بەڵام لێیان دەکوژن و دەیانچەوسێننەوە،“ 50تاکو خوێنی هەموو پێغەمبەران کە لە دامەزراندنی جیهانەوە ڕژاوە لەم نەوەیە داوا بکرێت، 51لە خوێنی هابیلەوە هەتا خوێنی زەکەریا کە لەنێوان قوربانگا و پیرۆزگادا لەناوبردرا. بەڵێ پێتان دەڵێم، لەم نەوەیە داوا دەکرێت.

52«قوڕبەسەرتان تەوراتناسان، چونکە کلیلی زانیاریتان برد، خۆتان نەچوونە ژوورەوە و ڕێتان لەوانەش گرت کە دەچوونە ژوورە.»

53کاتێک عیسا ئەوێی بەجێهێشت، مامۆستایانی تەورات و فەریسییەکان دەستیان کرد بە تەنگ پێ هەڵچنینی و لە زۆر بابەت پرسیاری لێ بکەن، 54چاوەڕێیان دەکرد بە وشەیەکی دەمی خۆی تووشی بکەن.