فیلیپی 2 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

فیلیپی 2:1-30

خۆنزمکردنەوەی عیسا

1ئەگەر یەکبوونتان لەگەڵ مەسیح مایەی هاندان بێت، ئەگەر خۆشەویستییەکەی دڵنەواییتان بکات، ئەگەر بە ڕۆحی پیرۆز هاوبەش بن، ئەگەر بە سۆز و میهرەبان بن، 2ئەوا دڵم بە تەواوی خۆش بکەن کە هاوبیر بن و هەمان خۆشەویستیتان هەبێت، هەروەها یەک دڵ و هاوئامانج بن. 3هیچ شتێک بە خۆپەرستی و لووتبەرزییەوە مەکەن، بەڵکو بە شێوەیەک بێفیز بن کە بەرامبەرەکەتان لە خۆتان بە باشتر بزانن. 4تەنها بایەخ بە بەرژەوەندی تایبەتی خۆتان مەدەن، بەڵکو با هەریەکەتان بایەخ بە بەرژەوەندی خەڵکی دیکەش بدات.

5وەک عیسای مەسیح بیر بکەنەوە:

6ئەوەی بە سروشتی خۆی خودایە،

نەیویست یەکسانییەکەی لەگەڵ خودا بۆ خۆی بقۆزێتەوە،

7بەڵکو خۆی کردە هیچ2‏:7 یۆنانی: خۆی لە هەموو مافەکانی بێبەش کرد.‏،

شێوەی بەندەی وەرگرت،

وەک مرۆڤی لێهات،

8کە بە ڕوخساری مرۆڤ بینرا،

خۆی نزم کردەوە و

هەتا مردن ملکەچ بوو،

تەنانەت مردنی سەر خاچ2‏:8 لەخاچدان قورسترین سزا بووە لەلایەن ڕۆمانییەکانەوە، هەروەها لەلایەن جولەکەکان نەفرەت بووە، بڕوانە دواوتار 21‏:23.‏.

9لەبەر ئەوە خودا زۆر بەرزی کردەوە و

ئەو ناوەی2‏:9 لەم هەڵوێستەدا لە زمانی عیبری (ناوەکە) واتا ناوی خودا.‏ دایێ کە لە سەرووی هەموو ناوێکەوەیە،

10تاکو بە ڕاگەیاندنی ناوی عیسا هەموو ئەژنۆیەک چۆک دابدات،

لە ئاسمان و سەر زەوی و ژێر زەویش،

11هەروەها هەموو زمانێک دان بنێت بەوەدا کە عیسای مەسیح خاوەن شکۆیە،

بۆ شکۆی خودای باوک.

ڕۆڵەکانی خودا بێ گلەیین

12بۆیە خۆشەویستانم، هەروەک چۆن کاتێک لەلاتان بووم هەمیشە گوێڕایەڵی ڕێنماییەکانم بوون، ئێستاش کە لەلاتان نیم زۆر گرنگترە کە گوێڕایەڵم بن. بە ترس و لەرزەوە کۆشش بکەن بۆ تەواوکردنی ڕزگاریتان، 13چونکە خودا خۆی لە ئێوەدا کار دەکات تاکو بتانەوێت و کار بکەن بۆ ڕەزامەندی ئەو.

14هەموو شتێک بێ بۆڵەبۆڵ و شەڕەقسە بکەن، 15تاکو بێ کەموکوڕی و پاک بن، منداڵانی خودا لەناو نەوەیەکی چەوت و خواردا بێ لەکەن، لەنێو ئەواندا وەک ئەستێرە لە گەردووندا دەدرەوشێنەوە، 16کاتێک کە ئێوە دەست بە وشەی ژیانەوە دەگرن. ئیتر لە ڕۆژی مەسیحدا دەتوانم شانازی بکەم کە بێهوودە ڕام نەکرد و ڕەنجم نەکێشاوە. 17بەڵام ئەگەر بمرم و خوێنم وەک شەرابی پێشکەشکراو بەسەر قوربانی و خزمەتی باوەڕتاندا بڕژێم،2‏:17 مەبەستی نووسەر لێرەدا واتا من دەمرم، نەریت و باو بووە کە خواردنەوەی گرنگ وەک قوربانی ڕژێنراوە. بڕوانە لێڤییەکان 23‏:18‏.‏ ئەوا دڵشاد و دڵخۆشم لەگەڵتان. 18جا ئێوەش ئاوا دڵشاد بن و لەگەڵم دڵخۆش بن.

تیمۆساوس و ئەپەفرۆدیتۆس

19هیوادارم بە یارمەتی عیسای خاوەن شکۆ بتوانم زوو تیمۆساوس بنێرم بۆ لاتان، تاکو بە زانینی هەواڵتان منیش دڵخۆش بم، 20چونکە کەسم نییە وەک ئەو بە دڵسۆزی بایەخ بە کاروبارتان بدات، 21لەبەر ئەوەی هەموویان بەدوای بەرژەوەندی خۆیاندا دەگەڕێن، نەک هی عیسای مەسیح. 22بەڵام ئێوە ئاگاداری شارەزایی تیمۆساوسن، چونکە هەروەک چۆن منداڵ لەگەڵ باوکیدا خزمەت دەکات، ئەویش بە هەمان شێوە لەگەڵ من خزمەتی لە مزگێنیدان کردووە. 23بۆیە هیوادارم هەرکە بۆم ڕوون بووەوە کاروبارم چۆن بەڕێوە دەچێت، یەکسەر ئەو بنێرم. 24متمانەم بە مەسیحە کە خۆشم بەم زووانە دێم.

25بەڵام بە پێویستم زانی ئەپەفرۆدیتۆس بنێرمە لاتان، کە لەگەڵم برا و هاوکار و هاوسەربازە، نێردراوی ئێوەیە و خزمەتکاری پێویستییەکانمە. 26ئەو پەرۆشی دیداری هەمووتانە و دڵتەنگ بوو، چونکە هەواڵی نەخۆشبوونی ئەوتان بیستووە. 27بە ڕاستی نەخۆش بوو، خەریک بوو بمرێت، بەڵام خودا بەزەیی پێدا هاتەوە، نەک تەنها بە ئەودا، بەڵکو بەزەیی بە منیشدا هاتەوە، بۆ ئەوەی خەفەت لەدوای خەفەتم نەبێت. 28بۆیە خێراتر ناردم، تاکو بە بینینەوەی دڵشاد بن و منیش خەفەتم کەم بێتەوە. 29کەواتە بەوپەڕی شادییەوە بە ناوی مەسیحی خاوەن شکۆوە پێشوازی لێ بکەن و ڕێز لەوانەی وەک ئەو بگرن، 30چونکە لە پێناوی کاری مەسیحدا ڕووبەڕووی مەرگ بووەوە و ژیانی خۆی خستە مەترسییەوە، تاکو ئەو خزمەتە بکات کە ئێوە نەتانتوانی بۆ منی بکەن.