فلیمۆن 1 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

فلیمۆن 1:1-25

1لە پۆڵسەوە کە لە پێناوی عیسای مەسیح بەند کراوە، هەروەها لە تیمۆساوسی برامانەوە،

بۆ هاوکار و خۆشەویست فلیمۆن و 2خوشکە ئەپفییە و ئەرخیپۆس کە سەربازە لەگەڵمان، هەروەها بۆ ئەو کڵێسایەی لە ماڵەکەتدا کۆدەبنەوە:

3با نیعمەت1‏:3 نیعمەت بەخشینێکی خودایە بە مرۆڤ بەبێ شایستەبوونی پێی دەبەخشێت. و ئاشتی لە خودای باوکمان و عیسای مەسیحی خاوەن شکۆوە لەگەڵتان بێت.

خۆشەویستی و باوەڕی فلیمۆن

4هەمیشە سوپاسی خودام دەکەم کاتێک لە نوێژەکانمدا ناوی تۆ دەهێنم، 5چونکە باوەڕی تۆ بە عیسای خاوەن شکۆ و خۆشەویستی تۆم بۆ هەموو گەلی پیرۆزی خۆی بیستووە. 6نوێژ دەکەم کە باوەڕی هاوبەشمان کاریگەر بێت لە زانینی هەموو چاکەیەک کە لە پێناوی مەسیحدا بەشداری دەکەین. 7ئەی برا، بەهۆی خۆشەویستیتەوە زۆر شادبووم و هاندرام، لەبەر ئەوەی بەهۆی تۆوە دڵی گەلی پیرۆزی خودا گەشایەوە.

داواکاری پۆڵس

8بۆیە هەرچەندە بە یەکبوون لەگەڵ مەسیحدا مافی ئەوەم هەیە بۆ ئەرکی بەجێ فەرمانت پێ بکەم، 9بەڵام لەبەر خۆشەویستی نێوانمان، منی پۆڵسی پیرەمێرد، ئێستا کە لە پێناوی عیسای مەسیح گیراوم، 10داواکارییەکم لێت هەیە سەبارەت بە ئۆنسیمۆسی1‏:10 ئۆنسیمۆس: ناوەکەی لە زمانی یۆنانی واتا بە کەڵک (سوودبەخش).‏ کوڕم، ئەوەی لە بەندیخانە لە ڕێگەی منەوە باوەڕی هێنا. 11پێشتر بۆ تۆ بێ کەڵک بوو، بەڵام ئێستا کەڵکی بۆ من و بۆ تۆ هەیە.

12ئەو دەنێرمەوە لات، کە جگەرمە. 13حەزم دەکرد لەلای خۆم بیهێڵمەوە، تاکو لە جیاتی تۆ خزمەتی منی کۆت و بەندکراو لە پێناوی مزگێنیی مەسیح بکات. 14بەڵام نەمویست بێ ڕەزامەندیی تۆ هیچ شتێک بکەم، تاکو چاکەکەت بە خواستەوە بێت نەک بە ناچاری. 15لەوانەیە لەبەر ئەمە بووبێت بۆ ماوەیەک لێت دوورکەوتەوە، تاکو بۆ هەتاهەتایە بگەڕێتەوە لات، 16جا لە ئەمڕۆ بەدواوە کۆیلە نییە، بەڵکو لە کۆیلە باشترە، برایەکی باوەڕداری خۆشەویستە. ئەگەر برایەکی خۆشەویست بێت بۆ من، ئاخۆ چەند زیاتر دەبێت بۆ تۆ، کە بە لەش وەک مرۆڤ و بە یەکبوون لەگەڵ مەسیحدا وەک برا هاوبەشن.

17لەبەر ئەوە، ئەگەر تۆ من بە هاوبەش دادەنێیت، وەک من وەریبگرەوە. 18ئەگەر خراپەیەکی لەگەڵ کردوویت یان قەرزێکت بەسەرییەوە هەیە، لەسەر منی بنووسە. 19من پۆڵسم، بە دەستی خۆم نووسیومە، من دەیدەمەوە. نامەوێ پێت بڵێم تۆ خۆشت قەرزاری منی. 20برا گیان، لە پێناوی عیسای خاوەن شکۆمان ئەم چاکەیەم لەگەڵ بکە، بە مەسیح دڵخۆشم بکە. 21ئەمەت بۆ دەنووسم، چونکە دڵنیام گوێڕایەڵ دەبیت و دەزانم کە زیاتر لەوە دەکەیت کە داوات لێدەکەم.

سڵاوی کۆتایی

22لەگەڵ ئەمەشدا، ژووری میوانداریم بۆ ئامادە بکە، چونکە هیوادارم بەهۆی نوێژەکانتانەوه بە ئێوە ببەخشرێم.

23ئەپەفراس کە لە پێناوی عیسای مەسیحدا1‏:23 لە پێناوی عیسای مەسیحدا لە زمانی یۆنانیدا (لە مەسیحدا) بەکارهاتووە.‏ لەگەڵ مندا بەند کراوە، سڵاوت لێدەکات.

24هەروەها مەرقۆس و ئەریستارخۆس و دیماس و لۆقا، کە هاوکارمن.

25با نیعمەتی عیسای مەسیحی خاوەن شکۆ لەگەڵ ڕۆحتان بێت.