عەزرا 6 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

عەزرا 6:1-22

فەرمانی داریوش

1ئینجا داریوشی پاشا فەرمانی دا و لەناو ئەرشیفی شاهانەدا گەڕان کە لەنێو گەنجینەی بابل دانرا بوو، 2ئەوە بوو لەناو کۆشکی هەمەدان لە هەرێمی میدیا، نووسراوێک دۆزرایەوە کە ئەمەی تێدابوو:

یاداشت:

3کۆرشی پاشا لە یەکەم ساڵی پاشایەتییەکەیدا، سەبارەت بە پەرستگای خودا کە لە ئۆرشەلیمە ئەم فەرمانەی دەرکرد:

با پەرستگاکە بنیاد بنرێتەوە، ئەو شوێنەی قوربانی تێدا سەردەبڕن، با بناغەکانی دابمەزرێنن، بەرزییەکەی شەست باڵ6‏:3 شەست باڵ: نزیکەی 27 مەتر.‏ و پانییەکەی شەست باڵ بێت. 4بە سێ ڕیز لە بەردی گەورە و ڕیزێک لە تەختەدار، با خەرجییەکەشی لە گەنجینەی پاشاوە بدرێت. 5هەروەها قاپوقاچاغەکانی ماڵی خودا، ئەوەی لە زێڕ و زیوە، ئەوەی نەبوخودنەسر لەو پەرستگایەی لە ئۆرشەلیمە دەریهێنا و هێنایە بابل، با ببردرێتەوە و بگەڕێنرێتەوە بۆ ئەو پەرستگایەی کە لە ئۆرشەلیمە، بۆ شوێنەکەی خۆی و لە ماڵی خودا دابنرێت.

6ئێستاش ئەی تەتەنەی پارێزگاری هەرێمی ئەوبەری فورات و ئەی شەتاربوزەنەی و یاوەرە کاربەدەستەکانی هەرێمەکە، لەوێ دوور بکەونەوە. 7دەست مەخەنە ناو کاری بنیادنانی پەرستگای خوداوە. با فەرمانڕەوا و پیرانی جولەکەکان ئەم ماڵەی خودا لە شوێنەکەی خۆیدا بنیاد بنێنەوە.

8من فەرمان دەردەکەم کە دەبێت لە بنیادنانەوەی ئەم ماڵەی خودا لەگەڵ پیرانی جولەکەدا چی بکەن:

لە پارەی پاشاوە، لە سەرانەی هەرێمی ئەوبەری فورات، بەبێ دواکەوتن خەرجی بەو پیاوانە دەدرێت تاوەکو دەست لە کارەکە هەڵنەگرن. 9هەرچیشیان پێویستە، لە جوانەگا6‏:9 لەو کاتەوەی کە گوێرەکەی نێر لە شیر دەبڕدرێتەوە پێی دەگوترێت (نۆبەن) یان (جوانەگا).‏، بەران، بەرخ وەک قوربانی سووتاندن بۆ خودای ئاسمان، لەگەڵ گەنم، خوێ، شەراب و زەیت، با ڕۆژانە بەپێی داواکاری ئەو کاهینانەی لە ئۆرشەلیمن بەبێ دواکەوتن پێیان بدرێت، تاکو خاو نەبنەوە 10لە پێشکەشکردنی بۆنی ڕەزامەندی بۆ خودای ئاسمان و لە نزاکردن لە پێناوی ژیانی پاشا و کوڕەکانی.

11هەروەها فەرمان لەلای منەوە دەرچووە کە هەر کەسێک ئەم فەرمانە بشکێنێت، کاریتەیەک لە ماڵەکەی ڕادەکێشرێت و دەکرێتە ستوونێک و دوای کوشتنی، پێوەی دەکرێت. لەبەر ئەم تاوانە ماڵەکەی دەبێتە کەلاوە. 12خوداش کە ناوی خۆی لەوێ نیشتەجێ کرد، هەر پاشا و گەلێک لەناودەبات ئەگەر دەستدرێژی بکات بۆ گۆڕینی ئەم فەرمانە یان ڕووخاندنی ئەم پەرستگایەی خودا کە لە ئۆرشەلیمە.

من داریوشم فەرمانم دا و با بە وردی جێبەجێ بکرێت.

تەواوکردن و تەرخانکردنی پەرستگاکە

13ئینجا تەتەنەی پارێزگاری هەرێمی ئەوبەری فورات و شەتاربوزەنەی لەگەڵ یاوەرەکانیان بە وردی جێبەجێیان کرد، بەگوێرەی ئەوەی داریوشی پاشا ناردبووی. 14پیرانی جولەکەش بەهۆی ڕاگەیاندنی پەیامی خودا لە لایەن حەگەی پێغەمبەر و زەکەریای نەوەی عیدۆوە، بەردەوام بوون لە بنیادنان و سەرکەوتوو دەبوون. جا بەگوێرەی فەرمانی خودای ئیسرائیل و فەرمانی کۆرش و داریوش و ئەرتەحشەستەی پاشایانی فارس پەرستگاکەیان بنیاد ناوە و تەواویان کرد. 15ئیتر لە سیی مانگی ئادار، لە ساڵی شەشەمی پاشایەتی داریوش پاشا ئەم پەرستگایە تەواو بوو.

16نەوەی ئیسرائیلیش لە کاهین و لێڤییەکان و پاشماوەی نەوەی ڕاپێچکراوەکان بە دڵخۆشییەوە ئەم ماڵەی خودایان تەرخان کرد. 17قوربانیشیان پێشکەش کرد بۆ تەرخانکردنی ئەم ماڵەی خودا، سەد گا و دوو سەد بەران و چوار سەد بەرخ و دوازدە گیسکی نێر، بۆ قوربانی گوناه لە جیاتی هەموو ئیسرائیل، بەگوێرەی هۆزەکانی ئیسرائیل. 18ئینجا کاهینەکانیان لە بەشەکانی خۆیان دانا و لێڤییەکانیش لە بەشەکانیان لەسەر خزمەتەکەی خودا لە ئۆرشەلیم، هەروەک ئەوەی لە پەڕتووکی موسا نووسراوە.

جەژنی پەسخە

19ئەوانەی لە ڕاپێچکراوی گەڕانەوە لە چواردەی مانگی یەکدا جەژنی پەسخەیان گێڕا، 20چونکە کاهین و لێڤییەکان هەموو خۆیان پاک کردبووەوە، هەموویان بەپێی ڕێوڕەسم پاک بوون و بەرخی پەسخەیان بۆ هەموو نەوەی ڕاپێچکراوەکان و بۆ برا کاهینەکانیان و بۆ خۆیان سەربڕی. 21نەوەی ئیسرائیلیش ئەوانەی کە لە ڕاپێچکراوییەکە گەڕابوونەوە لێیان خوارد، لەگەڵ هەموو ئەوانەی خۆیان لە نەریتە گڵاوەکانی نەتەوەکانی خاکەکە جیا کردبووەوە و هاتبوونە پاڵیان، بۆ ئەوەی ڕوویان لە یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل بکەن. 22هەروەها حەوت ڕۆژ بە خۆشییەوە جەژنی فەتیرەیان گێڕا، چونکە یەزدان دڵی پڕکردن لە خۆشی و دڵی پاشای ئاشوری بەلایاندا ڕاکێشا بۆ بەهێزکردنی دەستیان لە کارەکەی پەرستگای خودا، خودای ئیسرائیل.