عەزرا 5 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

عەزرا 5:1-17

نامەی تەتەنەی بۆ داریوش

1حەگەی پێغەمبەر و زەکەریای پێغەمبەر لە نەوەی عیدۆ، بە ناوی خودای ئیسرائیل کە دەسەڵاتی بەسەریانەوە هەبوو پەیامی خودایان بۆ ئەو جولەکانە ڕاگەیاند کە لە یەهودا و ئۆرشەلیم بوون. 2ئیتر زروبابلی کوڕی شەئەلتیێل و یەشوعی کوڕی یۆچاداق هەستان و دەستیان بە بنیادنانەوەی ماڵەکەی خودا کرد لە ئۆرشەلیم، پێغەمبەرەکانی خوداش لەگەڵیان بوون و یارمەتییان دەدان.

3لەو کاتەدا تەتەنەیی پارێزگاری هەرێمی ئەوبەری فورات و شەتاربوزەنەی و یاوەرەکانیان چوونە لایان و لێیان پرسین: «کێ ڕێگای پێدان ئەم پەرستگایە بنیاد بنێنەوە و ئەم تەلارە تەواو بکەن؟» 4هەروەها لێیان پرسین: «ئەو پیاوانە ناویان چییە کە ئەم تەلارە بنیاد دەنێنەوە؟» 5بەڵام پیرانی جولەکەش خودای خۆیان چاودێری دەکردن، ئیتر لە کارەکە ڕایاننەگرتن هەتا هەواڵەکە بە داریوش گەیشتەوە، ئینجا بە نامەیەک دەربارەی ئەمە وەڵامیان دایەوە.

6ئەمەش وێنەیەکی ئەو نامەیەی تەتەنەی پارێزگاری هەرێمی ئەوبەری فورات و شەتاربوزەنەی و یاوەرەکانیان، ئەوانەی کە کاربەدەستەکانی هەرێمی ئەوبەری فورات بوون، بۆ داریوشیان نارد. 7ئەو هەواڵەی کە بۆیان نارد بەم شێوەیە نووسرابوو:

بۆ داریوشی پاشا:

سڵاوێکی گەرم.

8با لەلای پاشا زانراو بێت کە ئێمە چووینە ناوچەی یەهودا، بۆ پەرستگای خودای گەورە، بینیمان بە بەردی گەورە بنیاد دەنرێتەوە و کاریتە لەناو دیوارەکانی دادەنرێت، ئەم کارەش بە وردی دەکرێت و لەژێر سەرپەرشتییان سەرکەوتووانەیە.

9پرسیارمان لەو پیرانە کرد و لێمان پرسین: «کێ ڕێگای پێداون ئەم پەرستگایە بنیاد بنێنەوە و ئەم تەلارە تەواو بکەن؟» 10هەروەها پرسیاری ناوەکانیانمان لێکردن تاوەکو بتوانین ناوی ڕابەرەکانیان بۆ زانیاریت بنووسین.

11بەم شێوەیە وەڵامیان داینەوە و گوتیان:

«ئێمە خزمەتکارانی خودای ئاسمان و زەوین، ئەم پەرستگایە بنیاد دەنێینەوە کە پێش ساڵانێکی زۆر بنیاد نرابوو، پاشایەکی گەورەی ئیسرائیل بنیادی نا و تەواوی کرد. 12بەڵام دوای ئەوەی باوباپیرانمان خودای ئاسمانیان تووڕە کرد، ئەوانی دا بەدەست نەبوخودنەسری پاشای بابلی کلدانییەوە، ئەوەی کە ئەم پەرستگایەی وێران کرد و گەلەکەی بۆ بابل ڕاپێچ کرد.

13«بەڵام لە یەکەم ساڵی کۆرشی پاشای بابل، کۆرشی پاشا فەرمانی دەرکرد بۆ بنیادنانەوەی ئەم ماڵەی خودا. 14کۆرشی پاشا تەنانەت قاپوقاچاغەکانی ئەم پەرستگایەی خودای لە پەرستگای بابلەوە دەرهێنا، کە لە زێڕ و زیوە، ئەوەی نەبوخودنەسر لەم پەرستگایەی ئۆرشەلیمی دەرهێنابوو و بۆ ئەو پەرستگایەی بردبوو کە لە بابلە. ئینجا کۆرشی پاشا قاپوقاچاغەکانی دایە یەکێک کە ناوی شێشبەچەر بوو، ئەوەی کردییە پارێزگار. 15پێی گوت: ”ئەم قاپوقاچاغە ببە، بڕۆ و لە پەرستگاکەی ئۆرشەلیمی دابنێ، با پەرستگای خودا لە شوێنەکەی خۆیدا بنیاد بنرێتەوە.“

16«لەبەر ئەوە ئەم شێشبەچەرە هات و بناغەکەی ماڵی خودای دانا ئەوەی لە ئۆرشەلیمە، لەو کاتەوە بنیاد دەنرێتەوە، بەڵام هەتا ئێستا تەواو نەکراوە.»

17ئێستاش ئەگەر پاشا پێی باشە، با لەنێو ئەرشیفی شاهانەدا بگەڕێن کە لە بابلە، بۆ ئەوەی بزانین بەڕاستی لە کۆرشی پاشاوە فەرمان دەرچووە بۆ بنیادنانەوەی ئەم ماڵەی خودا کە لە ئۆرشەلیمە؟ با پاشا لەم کارەدا خواستی خۆیمان بۆ بنێرێت.