عەزرا 10 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

عەزرا 10:1-44

دانپێدانانی گەل بە گوناهەکانیان

1کە عەزرا نوێژی دەکرد و دانی پێدا دەنا و بە گریانەوە لەبەردەم ماڵی خودا کەوتبوو، کۆمەڵێکی ئێجگار زۆر لە ئیسرائیل، لە پیاو و ئافرەت و منداڵ لێی کۆبوونەوە، چونکە گەل گریانێکی بەکوڵ دەگریان. 2ئینجا شەخەنەیای کوڕی یەحیێل لە نەوەی ئیلام وەڵامی دایەوە و بە عەزرای گوت: «ئێمە ناپاکیمان لەگەڵ خودامان کرد، ژنی بێگانەمان لە گەلانی خاکەکەوە هێنا. بەڵام سەرەڕای ئەمەش، ئیسرائیل هیوای بەمە هەیە: 3با ئێستا پەیمانێک لەگەڵ خوداماندا ببەستین، کە هەموو ژنەکان و ئەوانەی لەوان لەدایک بوونە دەریانبکەین، بەپێی ڕاوێژی گەورەم و ئەوانەی لە فەرمانەکانی خودامان دەترسن، با بەپێی تەورات کار بکرێت. 4هەستە! ئەم کارە لەسەر تۆیە و ئێمەش لەگەڵتداین. ئازابە و دەستبەکاربە!»

5ئیتر عەزرا هەستا و کاهینە باڵاکان و لێڤی و هەموو ئیسرائیلی سوێند دا کە کار بەم پێشنیارە بکەن، ئەوانیش سوێندیان خوارد. 6پاشان عەزرا لەبەردەم ماڵی خودا هەستا و چووە ژوورەکەی یەهۆحانانی کوڕی ئەلیاشیڤ. بەرەو ئەوێ چوو، بێ ئەوەی نان بخوات و ئاو بخواتەوە، چونکە بەهۆی ناپاکی ڕاپێچکراوەکانەوە شینی دەگێڕا.

7ئینجا لە یەهودا و ئۆرشەلیم بانگەوازیان کرد بۆ هەموو ئەوانەی لە ڕاپێچکراوی گەڕابوونەوە تاوەکو لە ئۆرشەلیم کۆببنەوە، 8بەپێی ڕاوێژی کاربەدەستەکان و پیران، هەرکەسێک لە ماوەی سێ ڕۆژدا ئامادە نەبێت، دەست بەسەر ماڵەکەیدا دەگیرێت و خۆشی لە کۆمەڵی ڕاپێچکراوەکان جیا دەکرێتەوە.

9لە ماوەی سێ ڕۆژەکە هەموو پیاوانی یەهودا و بنیامین لە ئۆرشەلیم کۆبوونەوە، واتا لە بیستی مانگی نۆ، لە ئۆرشەلیم کۆبوونەوە و هەموو گەل بە ترسەوە لەناو گۆڕەپانەکەی ماڵی خودا دانیشتن، لەبەر بابەتەکە و لەبەر بارانەکە. 10ئینجا عەزرای کاهین هەستا و پێی گوتن: «ئێوە ناپاکیتان کرد، ژنی بێگانەتان هێنا بۆ ئەوەی تاوانی زیاتر بخەنە سەر خراپەی ئیسرائیل. 11ئێستا لەبەردەم یەزدانی پەروەردگاری باوباپیرانتان دانی پێدا بنێن و ئەوە بکەن کە پێی خۆشە، خۆتان لە گەلانی خاکەکە و لە ژنە بێگانەکان داببڕن.»

12هەموو کۆمەڵەکە بە دەنگێکی بەرز وەڵامیان دایەوە: «چۆنت پێ گوتین، ئاوا دەکەین. 13بەڵام گەلەکە زۆرن و کاتەکەش کاتی بارانە و توانای ئەوەمان نییە لە دەرەوە ڕابوەستین، کارەکەش کاری یەک دوو ڕۆژ نییە، چونکە لەم بارەیەوە یاخیبوونی زۆرمان کردووە. 14تکایە با کاربەدەستەکانمان لە جێی هەموو کۆمەڵەکە ڕاوەستن و هەموو ئەوانەی لە شارۆچکەکانمان ژنی بێگانەیان هێناوە، با لە کاتی دیاریکراودا لەگەڵ پیران و دادوەرانی شارەکەی خۆیان بێن، هەر شارە و بە تەنها، هەتا گڕی تووڕەیی خودامان کە بەهۆی ئەم کارەوەیە لێمان دامرکێتەوە.» 15تەنها یۆناتانی کوڕی عەساهێل و یەحزەیای کوڕی تیقڤا لە دژی ئەمە ڕاوەستان، مەشولام و شەبەتەی کە هەردووکیان لێڤی بوون پشتگیرییان کردن.

16ئینجا ئەوانەی لە ڕاپێچکراوی گەڕانەوە ئاوایان کرد، عەزرای کاهین و ئەو پیاوانەی گەورەی بنەماڵەکان بوون جیا بوونەوە، بەپێی بنەماڵەکانیان و هەموویان بە ناوی خۆیان، لە یەکەم ڕۆژی مانگی دە بۆ لێکۆڵینەوە لە بابەتەکە دانیشتن. 17لە یەکەم ڕۆژی مانگی یەک لە بابەتی هەموو ئەو پیاوانە بوونەوە کە ژنی بێگانەیان هێنابوو.

ئەوانەی ژنی بێگانەیان هێنابوو

18لەنێو کاهینەکان چەند کەسێکیان بینییەوە کە ژنی بێگانەیان هێنابوو:

لە نەوەی یەشوعی کوڕی یۆچاداق و براکانی:

مەعسێیاهو، ئەلیعەزەر، یاریڤ و گەدەلیاهو. 19بەڵێنیان دا کە ژنە بێگانەکانیان دەربکەن و لەبەر تاوانەکەیان بەرانێکی مێگەلیان پێشکەش کرد.

20لە نەوەی ئیمێر:

حەنانی و زەڤەدیا.

21لە نەوەی حاریم:

مەعسێیاهو، ئەلیاس، شەمەعیا، یەحیێل و عوزیا.

22لە نەوەی پەشحور:

ئەلیۆعێنەی، مەعسێیاهو، ئیسماعیل، نەتەنێل، یۆزاڤاد و ئەلعاسا.

23لە لێڤییەکان:

یۆزاڤاد، شیمعی، قێلایا کە قەلیتایە، پەتەحیا، یەهودا و ئەلیعەزەر.

24لە گۆرانیبێژەکان:

ئەلیاشیڤ.

لە دەرگاوانەکان:

شەلوم، تەلەم و ئوری.

25لەنێو ئیسرائیلییەکانی دیکەش:

لە نەوەی پەرعۆش:

ڕەمیا، یەزییا، مەلکیا، میامین، ئەلعازار، مەلکیا و بەنایا.

26لە نەوەی ئیلام:

مەتەنیا، زەکەریا، یەحیێل، عەبدی، یەرێمۆت و ئەلیاس.

27لە نەوەی زەتو:

ئەلیۆعێنەی، ئەلیاشیڤ، مەتەنیا، یەرێمۆت، زاڤاد و عەزیزا.

28لە نەوەی بێڤەی:

یەهۆحانان، حەنەنیا، زەبەی و عەتلای.

29لە نەوەی بانی:

مەشولام، مەلوخ، عەدایا، یاشوڤ، شەئال و یەرێمۆت.

30لە نەوەی پەحەت‌مۆئاب:

عەدنا، کەلال، بەنایا، مەعسێیاهو، مەتەنیا، بەسەلئێل، بەنوی و مەنەشە.

31لە نەوەی حاریم:

ئەلیعەزەر، یەشییا، مەلکیا، شەمەعیا، شیمەعۆن، 32بنیامین، مەلوخ و شەمەریاهو.

33لە نەوەی حاشوم:

مەتەنەی، مەتەتا، زاڤاد، ئەلیفەلەت، یەرێمەی، مەنەشە و شیمعی.

34لە نەوەی بانی:

مەعەدەی، عەمرام، ئوئێل، 35بەنایا، بێدەیا، کەلووهی، 36ڤەنیا، مەرێمۆت، ئەلیاشیڤ، 37مەتەنیا، مەتەنەی و یەعەسۆ.

38لە نەوەی بەنوی:

شیمعی، 39شەلەمیاهو، ناتان، عەدایا، 40مەخنەدەڤەی، شاشەی، شارای، 41عەزەرئێل، شەلەمیاهو، شەمەریاهو، 42شەلوم، ئەمەریا و یوسف.

43لە نەوەی نەبۆ:

یەعیێل، مەتیسیا، زاڤاد، زەڤینا، یەدەی، یۆئێل و بەنایا.

44هەموو ئەوانە ژنی بێگانەیان هێنابوو، هەروەها هەندێک لە ژنەکان منداڵیان ببوو.