عیبرانییەکان 9 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

عیبرانییەکان 9:1-28

شێوازی پەرستن لە پەیمانی کۆن

1ڕاستە کە پەیمانەکەی یەکەم ڕێوڕەسمی خزمەت و پیرۆزگای زەمینییە. 2چادری پەرستن هەڵدرا، لە ژووری یەکەم چرادان و مێز و نانی تەرخانکراوی تێدابوو کە پێی دەگوترا شوێنی پیرۆز. 3پشتی پەردەی دووەم، ژوورێک هەبوو پێی دەگوترا شوێنی هەرەپیرۆز، 4بخووردانێکی زێڕین و سندوقی پەیمانی تێدابوو کە لە هەموو لایەکانی بە زێڕ ڕووپۆش کرابوو. لەناو ئەمەش گۆزەیەکی زێڕین هەبوو مەنی9‏:4 گەلی خودا کاتێک لە بیابان بوون، خودا مەن و سوێسکەی بۆ ناردن هەتا بیخۆن، گۆزەیەک لەو مەنەیان هەڵگرتبوو بۆ یادکردنەوەی ئەو ڕۆژانە. بڕوانە دەرچوون 16.‏ تێدابوو، لەگەڵ گۆچانەکەی هارون کە گەڵای سەوزی کردبوو، هەروەها دوو تەختە بەردەکەی پەیمان. 5لەسەریشی کەڕوبەکانی9‏:5 جووتێک پەیکەری بوونەوەرێکی ئاسمانی باڵدارە لە شێوەی ئاژەڵ و مرۆڤ بۆ پارێزگاریکردن لە سندوقی پەیمان دانرابوو، بڕوانە دەرچوون 25‏:18‏.‏ شکۆ سێبەریان کردبووە سەر قەپاغی کەفارەت9‏:5 بە واتای شوێنی لێخۆشبوونی گوناه. قەپاغێکە بۆ داپۆشینی سندوقی پەیمان، لە ڕۆژی کەفارەت خوێنی قوربانی لەسەر ڕژاوە بۆ لێخوشبوونی گوناه. بڕوانە دەرچوون 25‏:17‏.‏. لێرەدا بە وردی ناتوانین باسی ئەمانە بکەین.

6کاتێک شتەکان ئاوا ڕێکخرابوون، کاهینان هەموو کاتێک دەچوونە ژووری یەکەم بۆ جێبەجێکردنی خزمەت. 7بەڵام بۆ ژووری دووەم تەنها سەرۆکی کاهینان ساڵی جارێک دەچوو، ئەویش بێ خوێن نەدەبوو. خوێنەکەی لە پێناوی خۆی و گوناهەکانی گەل پێشکەش دەکرد کە بە نەزانی کردوویانە. 8بەمەش ڕۆحی پیرۆز ئاماژەی دەکرد کە هەتا چادری پەرستن لەسەر زەوی بێت، ڕێگای شوێنی هەرەپیرۆز لە ئاسمان ئاشکرا ناکرێت. 9ئەوەش هێما بوو بۆ ئەم سەردەمە، کە تێیدا دیاری و قوربانی پێشکەش دەکرێت، ناتوانێت ئاسوودەیی بە ویژدانی ئەوانە ببەخشێت کە خودا دەپەرستن. 10ئەوانە تەنها ڕێوڕەسمی ڕواڵەتین کە چڕدەبێتەوە لەسەر خواردن و خواردنەوە و شێوازەکانی شوشتن، هەتا کاتی داڕشتنەوەی نوێ.

خوێنی مەسیح

11بەڵام کاتێک مەسیح وەک سەرۆکی کاهینان هات بۆ ئەو شتە باشانەی ئێستا هەن، چووە ناو ئەو چادرەی کە گەورەتر و تەواوترە و هەروەها دەستکرد نییە، واتا هی بەدیهێنراو نییە. 12بە خوێنی بزن و گوێرەکە نەچوو، بەڵکو بە خوێنی خۆی یەک جار چووە ناو شوێنی هەرەپیرۆز و کڕینەوەی هەتاهەتایی دەستکەوت، 13چونکە ئەگەر خوێنی بزن و گا و خۆڵەمێشی گوێرەکە کە بەسەر گڵاوەکاندا دەپرژێنرێت،9‏:13 بڕوانە دەرچوون 24‏:6‏.‏ پیرۆز بکات بۆ پاککردنەوەی جەستە، 14ئیتر خوێنی مەسیح چەند زیاترە، ئەوەی بە ڕۆحی پیرۆزی هەتاهەتایی بێ کەموکوڕی خۆی پێشکەشی خودا کرد، ئەوەی ویژدانمان لەو کارانە پاک دەکاتەوە کە دەبنە هۆی مردن، تاکو خزمەتی خودای زیندوو بکەین.

15لەبەر ئەمە مەسیح ڕێکخەری پەیمانی نوێیە، تاکو بانگکراوان بەڵێنی میراتی هەتاهەتایی وەربگرن، چونکە مردنەکە بەهای خوێنە بۆ ئازادکردن لەو گوناهانەی کە لە پەیمانی یەکەمدا کردوویانە.

16ئەگەر وەسیەتنامە9‏:16 یۆنانی: هەمان وشەی پەیمان.‏ هەبێ، پێویستە مردنی وەسیەتکار بسەلمێنرێ، 17چونکە وەسیەتنامە کاتێک کاری پێ دەکرێ کە خاوەنەکەی مردبێت، بەڵام ئەگەر زیندوو بێت هیچ کاری پێ ناکرێت. 18بۆیە پەیمانەکەی یەکەمیش بێ خوێن بەجێنەگەیەنرا، 19چونکە موسا، دوای ئەوەی هەموو ڕاسپاردەکانی بەگوێرەی تەورات بە هەموو گەل ڕاگەیاند، خوێنی گوێرەکەی هێنا لەگەڵ ئاو و خوریی سوور و زوفا، بەسەر تەورات و هەموو گەلدا پرژاندی. 20فەرمووی: ﴿ئەمە خوێنی ئەو پەیمانەیە کە خودا فەرمانی پێ کردن.﴾9‏:20 دەرچوون 24‏:8 21هەروەها خوێنەکەی پرژاندە سەر چادری پەرستن و هەموو کەلوپەلەکانی خزمەتکردن. 22بەگوێرەی تەورات نزیکەی هەموو شتێک بە خوێن پاک دەبێتەوە، لێخۆشبوونی گوناهیش بێ خوێنڕشتن نابێت.

مەسیح گەورەترین قوربانییە

23پاککردنەوەی وێنەی شتە ئاسمانییەکان دەبووایە ئاوا بکرێت، بەڵام خودی شتە ئاسمانییەکان بە قوربانی باشتر لەمانە پاک دەبنەوە، 24چونکە مەسیح نەچووە پیرۆزگای دەستکرد کە لەبەرگیراوەی شتە ڕاستەقینەکەیە، بەڵکو خودی ئاسمان، ئێستاش لەوێ لەبەردەم خودا بۆ ئێمە دەردەکەوێت. 25هەروەها بۆ ئەوە نەچووە ئاسمان کە چەند جارێک خۆی پێشکەش بکات، وەک سەرۆکی کاهینان ساڵی جارێک بە خوێنێک کە هی خۆی نییە دەچێتە شوێنی هەرەپیرۆز. 26ئەگینا دەبووایە مەسیح لە دامەزراندنی جیهانەوە چەندین جار ئازاری بچێژتبووایە. بەڵام ئێستا لە کۆتایی زەمان تەنها جارێک دەرکەوت تاکو گوناه بسڕێتەوە، بەوەی خۆی کردە قوربانی. 27وەک بۆ مرۆڤ دانراوە جارێک بمرێت، دواتر لێپرسینەوەیە، 28‏مەسیحیش، جارێک خۆی کرد بە‏ قوربانی تاکو گوناهی خەڵکێکی زۆر لاببات. بەڵام هاتنەوەی عیسا بۆ جاری دووەم بۆ لابردنی گوناه نییە، بەڵکو بۆ ڕزگارکردنی ئەوانەیە کە بە پەرۆشەوە چاوەڕێی دەکەن.