عیبرانییەکان 6 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

عیبرانییەکان 6:1-20

پاشگەزبوونەوە لە باوەڕ

1بۆیە کە وازمان لە فێرکردنی سەرەتایی لەبارەی مەسیح هێنا، با بەرەو پێگەیشتن بڕۆین، دیسان بناغەڕێژی ناکەین بۆ تۆبەکردن لەو کارانەی کە دەبنە هۆی مردن و باوەڕهێنان بە خودا، 2فێرکردن دەربارەی لەئاوهەڵکێشان و دەست لەسەر دانان و هەستانەوەی مردووان و لێپرسینەوەی هەتاهەتایی. 3ئەگەر خودا ڕێگا بدات، ئەمەش دەکەین.

4ناکرێ ئەوانەی جارێک ڕووناک کراونەتەوە و تامی بەهرەی ئاسمانییان کردووە و بەشدار بوونە لە ڕۆحی پیرۆز، 5هەروەها تامی باشی وشەی خودا و هێزەکانی جیهانی داهاتوویان کردووە، 6ئەگەر هەڵگەڕانەوە6‏:6 یۆنانی: کەوتن.‏، بۆ تۆبەکردن نوێ بکرێنەوە، چونکە بۆ خۆیان کوڕی خودا لە خاچ دەدەنەوە و ڕیسوای دەکەن.

7لەبەر ئەوەی زەوی لەو بارانە دەخواتەوە کە چەندین جار دێتە سەری، ڕووەکێکی بە سوود دەدات بۆ ئەوانەی بۆیان کێڵدراوە، لە خوداشەوە بەرەکەتدار دەبێت. 8بەڵام ئەگەر دڕک و داڵی6‏:8 بڕوانە پەیدابوون 3‏:18‏.‏ بەرهەم هێنا، ئەوا پووچە و نزیکە لە نەفرەت، کۆتاییەکەشی سووتانە.

9خۆشەویستان، هەرچەندە ئاوا قسە دەکەین، دڵنیا بووین لەبارەی ئێوەوە ڕەوشێکی باشتر هەیە کە تایبەتە بە ڕزگاری. 10خودا زۆردار نییە کاری ئێوە لەبیر بکات، هەروەها ئەو خۆشەویستییەتان لەبیر ناکات کە بۆ خودا لە خزمەتکردنی گەلی پیرۆزی خۆی دەرتانبڕی و هەتا ئێستا بەردەوامن. 11ئێمەش خوازیارین هەر یەکێکتان هەمان دڵگەرمی دەربخات بۆ دڵنیایی تەواوی هیوا هەتا کۆتایی، 12بۆ ئەوەی تەمبەڵ نەبن، بەڵکو لاسایی ئەوانە بکەنەوە کە بە باوەڕ و ئارامگرتن میراتگری بەڵێنەکانن.

خودا بەڵێنی خۆی دەباتەسەر

13کاتێک خودا بەڵێنی بە ئیبراهیم دا، سوێندی بەخۆی خوارد، چونکە کەسی پایەبەرزتری نەبوو سوێندی پێ بخوات، 14فەرمووی: ﴿بێگومان بەرەکەتدارت دەکەم و نەوەکەت زۆر دەکەم.﴾6‏:14 پەیدابوون 22‏:17‏.‏ 15بەم شێوەیە ئیبراهیم ئارامی گرت هەتا بەڵێنەکەی بەدەستهێنا.

16خەڵک سوێند بە گەورەتر دەخۆن، کۆتایی هەموو دەمەقاڵەیەک بۆ چەسپاندن سوێندە. 17خودا سوێندی خوارد، چونکە ویستی خواستی نەگۆڕی خۆی بە میراتگری بەڵێن پیشان بدات. 18خودا ئەمەی کرد تاکو لە ڕێگەی دوو شتی نەگۆڕەوە6‏:18 بەڵێن و سوێند.‏ کە مەحاڵە خودا تێیاندا درۆ بکات، دەیەوێت ئێمە زۆر هانبدرێین، کە پەنامان بۆ ئەو بردووە بۆ ئەوەی دەستبگرین بەو هیوایەی کە پێمان دراوە. 19ئەم هیوایەمان هەیە کە وەک لەنگەرە بۆ دەروونمان، چەسپاو و ڕاگرە. دەچێتە ناو شوێنی هەرەپیرۆز لە پشت پەردەکە، 20لەوێدا عیسا پێشتر و لەبری ئێمە چووە ناوی، هەتاهەتایە بووە سەرۆکی کاهینان، لە پلەی مەلکیسادق.